یەكڕیزیی نێوماڵی كورد گەرەنتی سەركەوتنەكان دەكات

11:13 - 2023-10-24
کوردستان
530 جار خوێندراوەتەوە

 

یەكێتی لەدوای پێنجەمین كۆنگرە و كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی، هەنگاودەنێت بۆ یەكڕیزیی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، تابتوانێت بە یەكدەنگ داوای مافە دەستوورییەكان لە بەغدا بكەن، هەر بۆ ئەو مەبەستەش لەسەر راسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بڕیارە  بەمنزیكانە وەفدێكی باڵای یەكێتی سەردانی لایەنەكان بكات و ئامانجی یەكێتی بۆ خزمەت، ئارامی و یەكڕیزی بخاتەڕوو. ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی سۆشیال دیموكراتی كوردستانیش دەڵێت: «بەدرێژایی مێژووی خەباتی كورد، هیچ كاتێك وەك ئێستا پێویستمان بە یەكڕیزیی ناوخۆیی نێوماڵی كورد نەبووە».

یەكڕیزی و پتەوكردنی نێوماڵی كورد ئامانجی یەكێتی-یە
پۆڵا شەهید سیروان تاڵەبانی ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمیی یەكێتی PUKMEDIA رایگەیاندووە: «یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەردەوام لەگەڵ یەكڕیزیی نیشتمانیدا بووە و پێیوایە یەكڕیزی و تەبایی لایەنە سیاسییەكان رەنگدانەوەی لەسەر سەقامگیری و ئاشتەوایی و كاری پێكەوەیی دەبێت، لە كۆنگرەشدا ئەم پرسە گفتوگۆی زۆری لەسەر كرا و بڕیاری لێدراوە». وتیشی: «سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە وتارەكەیدا لە دەستپێكی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتی، بەڕوونی ئاماژەی بە گرنگیی ئاشتەوایی و یەكڕیزی كرد و دەستی گفتوگۆی بۆ سەرجەم هێز و لایەنە كوردستانییەكان درێژكرد، هەروەها لە سەرجەم كۆبوونەوەكانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیشدا باسی ئەم بابەتە كراوە و تەنانەت لیژنەیەكی باڵاش بۆ سەردانی حزب و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان پێكهێنراوە، بەمەبەستی دانیشتن و گفتوگۆ و راوێژكردن».
ئاماژەی بەوەشكردووە كە «یەكێتی پێیوایە بە یەكڕیزی دەتوانین دەستكەوتەكانی میللەتەكەمان لە عیراق باشتر بەدەستبهێنین و بیانپارێزین و مافەكانی خەڵكی كوردستان دەستەبەربكەین، لەكوردستانیش یەكڕیزی و ئاشتەوایی؛ رەنگدانەوەی گەڕاندنەوەی متمانەی خەڵك دەبێت بە لایەنە سیاسییەكان».

لایەنە سیاسییەكان ئاشتبوونەوەی نیشتمانی رابگەیەنن
یەكڕیزیی نێوماڵی كورد، تاكە رێگایە بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەكانی هەرێم لە بەغدا و پێویستە لایەنە سیاسییەكان ئاشتبوونەوەی نیشتمانی رابگەیەنن، لەپێناوی ئەو میللەتەی دەریایەك خوێنی رشتووە.
عادل مەلا ساڵح ئەندامی سەركردایەتیی پارتی سۆشیال دیموكراتی كوردستان، لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA لەبارەی یەكڕیزیی لایەنەكانەوە، دەڵێت: «بەدرێژایی مێژووی خەباتی كورد، هیچ كاتێك وەك ئێستا پێویستمان بە یەكڕیزیی ناوخۆیی نێوماڵی كورد و لایەنەكان نەبووە، ئەو بارودۆخە سیاسییە ئاڵۆزەی عیراق و هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە، كە كۆمەڵێك گرفتی سیاسی و یاسایی و دەستووری هەیە، پێویستی بە یەكڕیزیی لایەنەكانە و بەدنیابینی و فراوانتر لە جاران شانبدەنەژێر ئەو ئەركە نیشتمانی و نەتەوەییەی لەسەریانە».

پێكەوە كاربكەین بۆ ئامانجە نیشتمانییە باڵاكانمان
دووپاتیشیكردەوە كە «پێویستە لایەنە سیاسییەكان ئاشتبوونەوەی نیشتمانی رابگەیەنن، لەپێناوی ئەو میللەتەی دەریایەك خوێنی رشتووە، ئەگەر لە هەرێمی كوردستاندا لایەنە سیاسییەكان یەكدەنگ و یەكڕیز نەبن، ناتوانین مافە دەستوورییەكانمان بەدەستبهێنین و ناتوانین هەنگاو لەگەڵ عیراق بنێین و بەرەوپێشبچین و داوای چەسپاندنی مافەكانمان بكەین، دەبێت پێكەوە كاربكەین بۆ ئامانجە نیشتمانییە باڵاكانمان».
لەڕوانگەی پەرۆشیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ یەكڕیزی و یەكگوتاریی كورد و رێكخستنەوەی نێوماڵی كورد، یەكێتی دەستپێشخەری بۆ دیالۆگ و سەردانی لایەنە سیاسییەكان دەخاتەڕوو، تاوەكو نێوماڵی كورد یەكبخرێتەوە و هەموان پێكەوە بەرەنگاری پێشهاتەكان ببنەوە، هەروەك یەكڕیزییش گەرەنتی پاراستنی مافەكانی كورد دەكات.

PUKMEDIA

#یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان