رۆژی ژینگەی راپەڕین بەرز رادەگیرێت

09:38 - 2023-10-25
ڕاپۆرت
320 جار خوێندراوەتەوە
#هەڵمەتی ناشتنی نەمام لە دەڤەری راپەڕین

راپۆرتی/ جێگر خدر

رۆژی 23/10ی هەموو ساڵێک وەک رۆژی ژینگەی ئیدارەی راپه‌ڕین دیاریکراوە، ئەمساڵیش فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین بە دروشمی «چاندن و خزمەتکردن» بەهاوکاری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و فەرمانگەکانی دیکە، بە هەڵمەتی چاندنی نەمام و هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان و گرنگیدان بەRێگەکانی خۆپاراستن لە پیسبوونی ژینگە، ئەو یادەی بەرز راگرت.
چاندن و خزمەتکردن
حەمەشوان کەریم بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین رایگەیاند، بە هەماهەنگی ئیدارەی راپەڕین و شارەوانییەکانی هەردوو قەزای رانیە و پشدەر، لەگەڵ فەرمانگە حکومی و ناحکومییەکانی سنوورەکە بە دروشمی «چاندن و خزمەت» هەڵمەتی پاراستنی ژینگەیان راگەیاندووە بۆ ساڵی ئایندە، خۆی لە زیاترکردنی رێژەی سەوزایی سنوورەکە و هۆشیارکردنەوەی زیاتری هاووڵاتیان و جێبەجێکردنی پڕۆژەی «لەبری سەوزکردن» لە رێگەی کۆمپانیاکانەوە دەبینێتەوە. 
وتیشی، لەپاڵ رۆژی جیهانی ژینگە و رۆژی ژینگەی هەرێمی کوردستان، پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانیش، بە مەبەستی پاراستن و زیاترکردنی چالاکییە ژینگەییەکانیان رۆژێکیان بۆخۆیان تەرخانکردووە. ئیدارەی راپەڕینیش دەستنیشانی رۆژەکەی کردووە و پلانی ساڵێکیشی بۆ داڕشتووە، ئەوە هۆکارێکی باشە بۆ زیاتر کرنگیدان بە ژینگە، خوازیاریشە تێکڕای سێکتەرەکانی دیکە و شوێنە جیاجیاکان لای خۆیانەوە ئەو رۆژە دیاری بکەن تا لە رێگەیەوە زیاتر گرنگی بە ژینگە و سەزایی بدرێت.

 

 

بە دروشمی «چاندن و خزمەت» هەڵمەتی پاراستنی ژینگە لە دەڤەری راپەڕین راگەیەندراوە بە ئامانجی زیاترکردنی رێژەی سەوزایی سنوورەکە و هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان

 

 

رێژەی سەوزایی لە راپەڕین
لە درێژەی قسەکانیدا بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین باسی لەوەکرد، هۆشیاری تاک زیاتر بووە لەمەڕ پرسە ژینگەییەکان و ئێستا دیاردەیەکی جوان هاتۆتە کایەوە ئەویش ناشتنی نەمامە. بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی ناحیەی حاجیاوای سەر بە قەزای رانیە، دوای گیان لەدەستدنی هەر کەسێکیان، بەقەد ژمارەی ساڵانی ژیانی مردووەکەیان نەمام دەنێژن، ئەوەمان زۆر لاپەسەندە و لە رێگەی تیمەکانمانەوە هانی زیاتری دانیشتوانی ناوچەکە دەدەین بۆ بەردەوامیدان بەو کەلتورە جوانە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەرچی گرنگیدان بە سەوزایی زیادیکردووە و باخچەکان روو لە زیادبوونن، بەڵام هێشتا بەخواستی رێژەی ستانداردی جیهانی نییە، کە ٪15 شارەکان سەوزایی بن، بۆیە پێویستە هەم حکومەت گرنگی زیاتر بە کردنەوەی باخچە و فروانکردنی ناوچە کشتوکاڵییەکان بدات، هەمیش هاووڵاتییان بەردەرگە و ناوماڵەکانیان بە سەوزایی زیاتر بڕازێننەوە.
هاوکات ئاوارە کوێخا عەلی بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی راپەرین وتی، سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانمان بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوەکانی بواری ژینگە بۆ زیادکردنی رێژەی سەوزایی لەسنورەکەدا، بەڵام تائێستا رێژەکە نەگەیشتۆتە ستانداردی جیهانی.
وتیشی، وەک شارەوانییەکانی راپەڕین بەردەوام لە هەوڵدان تاوەکو رێژەی سەوزایی لە سنوورەکە بەرز بکەنەوە، بۆ ئەو مەبەستە ئەمساڵ هەوڵەکانیان چڕتر دەکەنەوە بە هاوکاری فەرمانگەی ژینگە و کشتوکاڵ و رێکخراوە حکومی و ناحکومییەکان.
هەڵمەتی چاندنی یەک ملیۆن نەمام 
لە هەرێمی کوردستان، ساڵانە و بە بەردەوامی هەڵمەتی چاندنی نەمام و سەوزکردن وەک دیاردەیەکی ئەرێنی گەشەی پێدەدرێت، لە هەرە لە پێشینەی ئەو هەڵمەتانە، هەڵمەتی چاندنی یەک ملیۆن نەمامە لەسەر راسپاردەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، ئەو هەوڵە تائێستاش بە بەردەوامی لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان کاری تێدا دەکرێت، جێگەی ئومێدی ژینگە دۆستانە، پەرۆشی سەرۆک بافڵ بۆ ئەو پرسە هاووڵاتیانی هەرێمی دڵخۆش کردووە، چونکە ژینگە وەک پرسێکی گرنگ و پەیوەست بە تاک بەتاکی هەر کۆمەڵگەیەک، گرنگیپێدانی دواجار بەسوودی هەموان دەشکێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە بۆردی گەنجانی راپەڕین لە نووسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، بەردەوام هەڵمەتی پاراستنی ژینگە و چاندنی نەمامیان هەیە، هونەر عەدنان لێپرسراوی بۆردەکە لە راپەڕین ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەمساڵ لە ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلالدا، پڕۆژەی پشتێنەی سەوزییان راگەیاندووە کە خۆی لە دروستکردنی پشتێنەیەکی سەوز، بە چاندنی نەمام دەبینێتەوە لە غاباتی رانیەوە تاوەکو دەربەندی رانیە.
 باسی لەوەشکرد، بەردەوام و بەهاوکاری فەرمانگە حکومییەکان و ئۆرگانە حزبییەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان چالاکی ژینگەییەیان هەیە و گەنجانی خۆبەخش و ژینگەدۆست هاوکار و یارمەتیدەرن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان