جیۆئەندازیاریی خۆر چییە؟

11:10 - 2023-10-25
ڕاپۆرت
310 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دەشتی حەمە سدیق عەبدولكەریم*

جیۆئەندازیاریی خۆر ئەو بیرۆكەیەیە، كە دەتوانین گەرمبوونی كەش و هەوای جیهان خاو بكەینەوە بە زیادكردنی رێژەی دانەوەی تیشكی خۆر بۆ بۆشایی ئاسمان یان بە رێگەدان بە دەرچوونی گەرمیی زیاتر لە بەرگەهەوای زەوییەوە بۆ بۆشای ئاسمان.

گەرمبوونی كەش و هەوای زەوی بەهۆی كۆبوونەوەی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن و غازە گەرمیدەرەكانی ترەوەیە، كە گەرمیی خۆر لەناو بەرگەهەوای زەویدا بە قەتیسی دەمێنێتەوە. بە كەمكردنەوەی رێژەی تیشكی خۆر كە دەگاتە زەوی، یان رێگەدان بە دەرچوونی گەرمی زیاتر لە بەرگەهەواوە، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ساردكردنەوەی رووی زەوی.
ئێستا ئەو زانایانەی لێكۆڵینەوە لە جیۆئەندازیاریی خۆر دەكەن، لە سێ بیرۆكەی سەرەكی دەكۆڵنەوە كە بریتین لە:
-1 زیادكردنی ئایرۆسۆلی ستراتۆسپێریك، ئەم بیرۆكەیە بریتییە لە زیادكردنی گەردیلەی شل، یان رەق بۆ هەوا كە نزیكەی 16 بۆ 25 كیلۆمەتر لە سەرووی رووی زەوییەوەیە، بۆ ئەوەی تیشكی خۆر كاتێك بەر ئەو تەنۆلكانە دەكەوێت كرداری تیشكدانەوەی تیشكی خۆر زیاد بكات بۆ دەرەوەی بەرگەهەوا. ئەم جۆرە زیادكردنە بە شێوەیەكی سروشتی لەگەڵ هەندێك تەقینەوەی گڕكانە گەورەكاندا روودەدات. بۆ نموونە ئەو ئایرۆسۆلانەی كە بەهۆی تەقینەوەی چیای (پیناتوبۆ)وە لە ساڵی 1991دا ئەو جۆرە تەنۆلكانەی خستە ناو ستراتۆسفێرەوە، كاریگەریی دروست كرد لە دانەوەی تیشكی خۆر كە ببووە هۆی ئەوەی رووی زەوی بۆ ماوەی دوو ساڵی دواتر لەو ناوچەیە سارد بكاتەوە. بە زیادكردنی تەنۆلكەكان بە شێوەیەكی بەردەوام بۆ ئەو مەبەستە، دەتوانێت بە هەمان شێوە ببێتە هۆی فێنكتركردنی هەوای زەوی و كەمكردنەوەی پلەی گەرمی لەسەر رووی زەوی.
-2 هەوری دەریایی گەشاوە، ئەم بیرۆكەیە بریتییە لە زیادكردنی تەنۆلكە بۆ هەورە نزمەكان بەسەر زەریاكاندا بۆ ئەوەی هەورەكان زیاتر تیشكی خۆر بدەنەوە، چونكە هەوری نزم، بە تایبەتی لەسەر رووی تاریكی زەریاكان، تیشكی خۆر دەگێڕنەوە بۆ بۆشایی ئاسمان ئەگەرنا دەگاتە رووی زەوی و دەبێتە هۆی گەرم بوونی، بە زیادكردنی تەنۆلكەكان دەتوانێت رووبەری رووی هەورەكان زیادبكرێت و تەمەنی، یان هێزی تیشكدانەوەی هەورە نزمەكان زیاد بكات، ئەمەش وادەكات تیشكی خۆری زیاتر بگەڕێنێتەوە بۆ بۆشایی ئاسمان.
-3 هەوری سیڕەس تەنك، ئەم بیرۆكەیە هەوڵدەدات ئەستووریی هەوری بلوری سەهۆڵین كەم بكاتەوە كە شەش بۆ 13 كیلۆمەتر لە سەرووی رووی زەوییەوەیە. ئەم جۆرە هەورە كە لە زانستی كەشناسیدا بە هەورە بەرزەكان ناسراوە زیاتر گەرمی بە قەتیسی دەهێڵێتەوە لە بەرگەهەوادا و رێگە نادات ئەو گەرمییە بۆ بۆشایی ئاسمان بگەڕێتەوە . بە تەنككردنەوەی ئەم هەورانە دەتوانێت رێگە بدات گەرمی زیاتر لە بەرگەهەوای زەوی دەربچێت و كاریگەریی هەبێت لە ساردكردنەوەیدا.
*پێشبینەری كەشناسی

سەرچاوە: nationalacademies.org

بابەتە پەیوەندیدارەکان