راپۆرتی/ ئەیاز هەركی
بەشێكی زۆر لە جووتیارانی قەزای ئامێدی بەتایبەت جووتیارانی دەڤەری بەرواری باڵا بژێوی ژیانیان لەسەر بەرهەمی سێوە، سێوی بەرواری باڵا بە تامە خۆشەکەی بەناوبانگە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، بە وتەی هەندێك لە جووتیارانی دەڤەرەكە، سێوی ئەمساڵ بەشێوەیەكی گشتی بەهۆی كەشوهەوای ساردەوە زیانێكی زۆری پێگەیشتووە و داوای قەرەبوو و هاوكاری لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن.
جووتیاران داوای پاڵپشتی و قەرەبوو دەکەن
سەبری یاسین جووتیارە لە دەڤەری بەرواری باڵا و باخی سێوی هەیە وتی، سێوی بەرواری باڵا بەناوبانگە لەبەرئەوەی تامێكی جیاوازی هەیە و خواستێکی زۆری لەسەرە، بەڵام سێوی هاوردە هەموو ساڵێك كاریگەری نێگەتیڤی هەیە لەسەر بەرهەمەکەمان، هەرچەندە ئەمساڵ كۆمپانیایەك بەڵێنی پێداین سێوەكەمان بە نرخێكی گونجاو وەربگرێت، بەڵام بەرهەمی ئەمساڵی سێو بەهۆی كاریگەری كەشوهەوای ساردەوە زیانی زۆری پێگەیشتووە و زۆربەی لەناوچووە.
وتیشی، داواكارین لە وەزارەتی كشتوكاڵ و بەڕێوبەرایەتی چاندنی قەزای ئامێدی زیاتر پاڵپشتی جووتیاران بكەن لە دابینكردنی كیمیایی و دەرمانی باش و مەڕەشە و مەكینەی ئاو كە ئەوانە وەك پێویست نین.
باسی لەوەشکرد، خراپی رێگەی هاتوچۆ وایکردووە بەرهەمەکەیان زیاتر بکەوێت لە سەریان بەتایبەت بەرهەمی سێوی ناوچەی كانی ماسێ کە نزیكەی دوو سەعات لە دهۆكەوە دوورە و بەهۆی كرێی ئۆتۆمبێلەوە گرانتر لەسەرمان دەکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە حكومەت گومرگ لە سنوورەكە بكاتەوە بۆ هەڵگرتن و ساغكردنەوەی بەرهەمەكانمان، بە مەبەستی پاڵپشتی و كارئاسانی بۆ جووتیاران وەک پاڵپشتییەک قەرەبووی زیانەكانمان بكاتەوە لەبەرئەوەی سێوی ئەمساڵ زیانی زۆری بەركەوتووە.
دابینکردنی ساردکەرەوە و دروستکردنی کارگە
جووتیارێکی دیكەی دەڤەری بەرواری باڵا دەڵێت، داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەین بە دابەشکردنی شەتڵی نوێی سێو هاوکاری جووتیاران بکات، بە ئامانجی نۆژەنکردنەوەی باخی سێو و زیادکردنی بەرهەمی سێوی ناوچەکە لەبەرئەوەی سێوی بەرواری باڵا بەناوبانگە و خواستێکی زۆری لەسەرە.
لە دەڤەری بەرواری باڵا هەردوو جۆری سێوی سوور و زەرد بە رێژەیەکی زۆر هەیە و جووتیاران داوای دابەشکردنی بنەداری سێوی سەوز دەکەن لەلایەنی بەرپرس.
وتیشی، هەرچەندە ئێستا توانای حكومەت بۆ پاڵپشتیكردنی جووتیاران سنووردارە، بەڵام داوا لە وەزارەتی كشتوكاڵ و بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی پارێزگای دهۆك دەكەین زیاتر پاڵپشتی جووتیاران بكەن بۆ ئەوەی بەرهەممان زۆرتر بێت و بتوانین بینێرینە دەرەوەی وڵات، هەروەها داوای كردنەوەی ساردکەرەوە و کارگە دەكەین بۆ هەڵگرتنی سێو و دروستکردنی شەربەت و مرەبا و بەرهەمی جۆراوجۆری تر.
بێجگە لەو هۆکارانە بەردەوامی شەڕی پارتی كرێكارانی كوردستان و توركیا كاریگەری زۆری لەسەر کەمبوونی بەرهەمی جووتیاران کردووە بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەكانی وەك بەرواری باڵا و نێرە و مزوری لەکاتێکدا ئەو ناوچانە بەرهەمێکی زۆری سێوی هەیە و بەهۆی شەڕەوە جووتیاران ناتوانن وەک پێویست لێی بکەنەوە و سوودی لێ وەربگرن.
داكۆكی لە ماف و داواكارییەكانی جووتیاران
محەمەد سەعید جێگری سەرۆکی یەكێتی جووتیارانی پارێزگای دهۆك رایگەیاند، هەمیشە داكۆكی لە ماف و داواكارییەكانی جووتیارانی دەڤەری بەرواری باڵا و سەرجەم جووتیارانی پارێزگای دهۆك بەگشتی دەكەین، هەروەها گلەیی و داواكارییەكانیان بۆ لایەنی پەیوەندیدار بەرز دەكەینەوە، بەڵام هاوكاری حكومەت وەك پێویست نییە و هیوادارین لایەنە پەیوەندیدارەكان گوێ لە داواكارییەكانی جووتیارانی دەڤەری بەرواری باڵا بگرن. بەتایبەت دروستكردنی هەندێك كارگە بۆ بەرهەمهێنانی شەربەتی سێو و مرەبا و دۆشاو بۆ ئەوەی بەرهەمەكانی سێوی ناوخۆ بەفیڕۆ نەچێت و ببێتە قازانج بۆ جووتیاران، هەروەها قەدەغەکردنی هێنانی سێو لە دەرەوەی وڵات لەکاتی پێگەیشتنی سێوی ناوخۆ.
لە بەرواری باڵا ساڵانە نزیكەی 40 تۆن بەرهەمی سێو دەخرێتە بازاڕەکانی ناوخۆی كوردستان و عیراق بەگشتی و زیاتر لە سێ هەزار دۆنم زەوی قەزای ئامێدی باخی سێوە.
قەزای ئامێدی لە كۆنەوە ناوچەیەكی كشتوكاڵی بەناوبانگە، بەتایبەت بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافیاکەی لە ناوچە شاخاوییەكانی خۆرهەڵاتی پارێزگای دهۆك. هەروەها سێوی بەرواری باڵا بەتام و بەناوبانگە لەسەر ئاستی دەڤەری بادینان و كوردستان بەگشتی.