و/ جەواد حەیدەری
لەناو جیهانی عەشقدا هیچ جیاوازییەك لەنێوان شا و سواڵكەردا نییە، ئەو شوێنەی عەشقی لێیە، ئیتر باس لە هەژاری و نەداری یان دەوڵەمەندبوون لەئارادا نییە. لە عەشقدا شا و سواڵكەر هەردووكیان یەكن. تەنها رێگایەك بۆ گەیشتن بە عەشق ئەوەیە كە مرۆڤ دەست لە گیانی بشوات و واز لە گیانی بهێنێت.
عەشق واتە خۆنەویستی
هەركەسێ عەشقی دەوێ، دەبێ خۆی نەوێت و لەبیری خۆیدا نەبێ و واز لە خۆویستی بهێنێ. هەر كەسێك عەشقی دەوێ دەبێ خۆی بكات بە قوربانی عەشق. هەرگیز عەشق لە دەروونتاندا سەرهەڵنادات، هەتا خۆت فیدای عەشق نەكەی. تا دەست لە لوتبەرزی و لاساری هەڵنەگری ناتوانی بە عەشق بگەیت.
ئێوە هەرگیز حەقیقەتتان نەناسیوە، دەی باشە ئێوە كە حەقیقەتتان نەناسیوە، ئەدی چۆن لێتان بزر بووە؟
هەندێ كات دۆزینەوەی خوداتان بە حەقیقەت زانیوە، بەڵام هێشتا هیچ دیدارێكتان لەگەڵ خودا نەبووە و سەردانی خوداتان نەكردووە، ئەدی چۆن لە خودا جیا بوونەتەوە؟ بۆ دۆزینەوەی خودا سەردانی مزگەوت و پەرستگە و شوێنە پیرۆزەكان دەكەن، سەر بە هەموو ماڵێكدا دەكەن و لە دەرگای هەموو ماڵێك دەدەن. زۆرجار دڵخۆش و هیوادار دەبن كە لە ونبووەكەی خۆتان، نزیك بوونەتەوە و خەریكە دەیدۆزنەوە، بەڵام تا كاتێك نەزانن كە بە راستی چیتان بزر كردووە، گەڕانتان كۆتایی پێنایەت. ئەزموونەكان پێتان دەڵێن كە ئێوە لە هەموو دەرگایەكتان دا، بەڵام بە دەست بەتاڵی گەڕانەوە. ئەوە دەرگاكان نین كە خەتابار و تاوانبار بن، بەر لە دەستپێكی هەر گەڕان و دۆزینەوەیەك دەبێ بە باشی بزانن كە بە دوای چیدا دەگەڕێن. ونبووەكەتان چییە و چیتان لێ بزر بووە؟
ئەوەی كە زۆرجار روو دەدات ئەوەیە، كە ئێوە زۆر شەیدای وشەكانن و هەر ئەوەش وادەكات بكەونەوە بیركردنەوە. لەگەڵ ئێوە دەدوێم، سەیری دڵتان دەكەم، دڵی ئێوە چۆڵە، تەختی پاشا و میری لێیە، بەڵام كەس نییە لەسەر ئەو تەخت و كورسییە دانیشێت. ئەوەی دەبێ لە وێ بێت، لەوێ نییە. دڵی ئێوە ئەو تەخت و كورسییە، كەسێك نییە لەسەری دانیشێ، پاشا تەختی چۆڵكردووە و لە شوێنێكی تر پیاسەی بۆ دەكات.
نەبوونی عەشق بۆشایی دروست دەكات
عەشق دەكرێت بدۆزرێتەوە، هەر منداڵێك سەرەتا بە عەشقەوە لە دایك دەبێت، بەڵام دواتر ئەوە پەروەردە و خێزان و كۆمەڵگە و هاوڕێن كە رێگەی لێ ون دەكەن.
بەهۆی ونبوونی عەشق، جۆرە بۆشاییەك لەناختاندا دروست بووە، جۆرە بەتاڵییەك لە ناختاندا هاتۆتە گۆڕێ. ئێوە بەدوای عەشقەوەن، لە عەشق دەگەڕێن، نەك لە خودا، ئێوە هەرگیز خوداتان نەدیوە، ئەو بۆ ئێوە نەناسراوە، ئێوە ناتوانن بە شوێن خودادا بگەڕێن، بۆ دۆزینەوەی خودا دەبێ سەرەتا جۆرە پەیوەندییەك هەبێ، جۆرە ناسیاوییەك، جۆرە ئاشناییەك، ئێوە وەها ئاشنا و ناسیاویتان لەگەڵ خودا نییە، كێشە سەرەكییەكە ئەوەیە كە ئێوە توانای ئەوەتان نییە ببینن.
عەشق هەستیارە
بینایی زۆر پێویستە و ئەو بیناییەش عەشق و خۆشەویستییە. عەشق مەرجەكەی ئەوەیە كە ئەزموونی بكەیت. عەشق هەستیارە، عەشق ئەزموونە، عەشق شتە ناپاكەكان دەسڕێتەوە و هەموو دەرگاكان دەكاتەوە. ئەوكاتە هەر كەس لە دەرگاكەت راوەستا، ئیتر نە دۆست و نە دوژمنە، بەڵكو خۆشەویستێكە و تۆش دەرگای بۆ دەكەیتەوە. كاتێك هەستت كرد هەموو جیهان هی تۆیە، ئەوكاتەیە كە هیچ كەس بە نەیار و غەریب نازانی. ئەوكاتەیە هەموولایەك خۆشەویست و ئازیزن و هەموو شوێنێك بە شوێنێكی خۆشەویست دەبینی، ئەوكاتەیە دەزانی كە عەشقت دۆزیوەتەوە و دەستت بە عەشق گەیشتووە.
كەسێك كە عەشق بدۆزێتەوە چی ماوە كە بیدۆزێتەوە؟ كەسێك كە عەشقی دۆزیبێتەوە ئەوا كلیلی ماڵی خودای دۆزیوەتەوە.
رێگەی خۆتان بگۆڕن
هیچ شتێك مەزنتر نییە لە عەشق نییە، تەنانەت لە رێگەی عەشقەوە دەتوانی خوداش بدۆزیتەوە و لە رێگای عەشقەوە دەستت بە خوداش بگات. كەواتە رێگە بدەن سەرەتا ئەوە روون بكەینەوە كە چۆن عەشق ون بووە، چونكە رێگەی دۆزینەوە لەوە دەردەكەوێ كە ئێمە سەرەتا تێبگەین كە عەشقمان بزر كردووە. رێگەی دووبارە دۆزینەوەی عەشق هەمان ئەو رێگەیەیە كە بزرتان كردووە. تەنها دەبێ رێگای خۆتان بگۆڕن و بە پێچەوانە بڕۆن و هەنگاو بنێین. ئەو پەیژەیەی كە تۆ بۆ بەهەشت یان دۆزەخ دەبات یەك پەیژەیە. یەك لای دۆزەخە و لایەكەی تریشی بەهەشتە. هەر كاتێك مەیلت بۆ جیهان زیاتر بوو، ئەوا دەبێتە هۆی بزربوونی عەشق و ئەمەش دەبێتە دۆزەخ و پێچەوانەكەشی دروستە. ئەگەر دەست لە عەشق هەڵگرن ئەوا بەرەو داڕمان و كەوتنەخوارەوە دەڕۆن و ئەگەر بەرەو لای عەشق بچن ئەوا بەرەو هەڵكشان وبەرزبوونەوە دەڕۆن.
با منداڵان فێری نەفرەت نەكەین
هەموو منداڵێك بە جوانی لە دایك دەبێت، ئێوە منداڵی ناشیرینتان بینیوە؟ جوانی منداڵ پەیوەندیی بە لەش و جەستەوە نییە، جوانیی منداڵ لە جەوهەر و دەروونی ئەو منداڵەدایە. چرای عەشق ئەو بە رووناكی دەسووتێت. ئێمە فێری عەشقی ناكەین، بەڵكو فێری ئەوەی دەكەین كە چۆن لەبەرامبەر عەشقدا بوەستێتەوە. ئێمە فێری دەكەین كە چۆن عەشق مەترسیدارە. فێری دەكەین كە عەشق تا چ ئەندازەیەك ترسناكە. ئێمە فێری دەكەین كە گومانی هەبێ ، ئێمە پڕی دەكەین لە گومان و دوودڵی. ئێمە فێری دەكەین كە ئاوا بێت و ئاوا نەبێت، ئەوە ئێمەین شتەكانی بۆ دیاری دەكەین و فێری دەكەین كە ئەگەر ئاوا نەبێ ئەوا كڵاوی لەسەر دەنێین و فێڵی لێدەكەن. فێری دەكەین كە جیهان لێوانلێوە لە فێڵ و ساختەچێتی و درۆ و ناڕاستگۆیی.
عەشق واتە متمانە
ئەوە ئێمەین فێری دەكەین كە ئەگەر وریای خۆی نەبێت ئەوە ستەمی لێدەكرێت. دزەكان لە هەموو شوێنێكن و هەمیشە لە بۆسەدان. ئێمە منداڵەكانمان بە شێوەیەك پەروەردە دەكەین كە هەمیشە وریا بن و ئاگایان لە خۆیان بێت و وریا بن كە دزییان لێ نەكرێت . كاتێك ئێمە بەو شێوەیە منداڵەكانی خۆمان پەروەردە كرد ناتوانین فێری عەشقیان بكەین، چونكە عەشق مەترسیدارە، عەشق واتە وەرگرتن، واتە قبووڵ كردن، واتە متمانە، لە عەشقدا گومان خستنەسەر كەسێك مەحاڵە، بەگومان بوون واتە تۆ بەردەوام لە چاودێری كەسێكدایت كە دزیت لێنەكات، هۆشیارییەكی هەمیشەیی، یەكێك لەناكاو هێرش بكاتە سەرت. هەربۆیە بەرلەوەی هێرشت بكرێتەسەر، خۆت دەبی بە هێرشبەر و پەلاماردەر و ئەمە بە باشترین رێگە بۆ بەرگریكردن و چاودێریكردن لە خۆت دەزانی. هەركاتێك منداڵێك ئاوا فێربوو و پەروەردە كرا، ئێمە دەڵێن باڵق بووە لە كاتێكدا ئەو توانای خۆشەویستی كردن و عەشقی بە تەواویی لە دەستداوە. ئیتر لەمەوبەدوا ئەو لە دەورووبەری خۆی دوژمن دەبینێت، تەنانەت شك و گومانی لە باوكیشی دەبێت. ئێمە دەڵێن ئەو منداڵە تازە گەورە بووە و دەتوانێت بێتە ناو كۆمەڵگە. پێیدەڵێن كە ئەو ئیتر منداڵ نییە و كڵاوی ناچێتەسەر، بەداخەوە ئەو كڵاو دەكاتە سەر خەڵك و فریویان دەدات. پیاوێكی مەزن دەڵێ: كڵاوت بچێتەسەر باشترە، لەوەی كە كڵاو لەسەر خەڵك بكەیت، فێڵت لێبكەن باشترە، لەوەی كە فێڵ بكەی. چونكە ئەگەر فێڵ بكەی ئیتر هەمووشت لە دەست دەدەی. دەزانی مەبەست لە هەموو شت چییە؟ مەبەست لە شتەكان هێز و توانای عەشق و خۆشەویستی كردنە، واتا ئەوەی كە تۆ توانای عەشقت نامێنێت. چۆن دەتوانی عەشقت هەبێ بۆ كەسێك كە فریوی دەدەی؟ ئەگەر لە كەسێك بترسی گوڵی عەشق لە ناخدا چرۆ ناكات و ناپشكوێت، چونكە ترس ژەهرە. ئەگەر ئێوە پڕ بن لە ترس چۆن دەتوانن عەشقتان هەبێ ؟ ئایا هەرگیز عەشقێك هەبووە كە بە ترس لە دایك بووبێت.تەنها نەفرەت و بێزارییە كە بە ترسەوە لە دایك دەبێت.تەنها دوژمنی و دژایەتیكردنە كە لە ترسەوە دروست دەبێ.
سەرچاوە:
كتاب راز بزرگ نوشتە اوشو