لە یادی 26 ساڵەی شەهیدبوونی فازیل شیرەمەڕیدا

10:48 - 2023-10-30
ڕاپۆرت
334 جار خوێندراوەتەوە

شەهید فازیل عەبدوڵڵا فەرەج، ناسراو بەفازیل شیرەمەڕی، لە دایكبووی ساڵی 1965ی خێزانێكی جوتیاری گوندی (شیرەمەڕ)ی ناحیەی خورماڵ لە قەزای شارەزوور.
تا پۆلی دووەمی ناوەندیی خوێندووە.
لە سەرەتای لاوێتیدا تێكەڵاوی دنیای سیاسەت و تێكۆشان بووە و لە ساڵی 1979دا پەیوەندیكردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە، گەنجێكی چالاك و گورجوگۆڵ بووە، لە كاروباری رێكخستندا جێگە دەستی دیاربووە.
هەر لەساڵی 1979دا بۆتە پێشمەرگەی هەرێمی یەكی هەورامان.
لە ژیانی پێشمەرگایەتیشدا بە پشوودرێژی و ئازایەتیی زۆر ناوی دەركردووە،  بۆتە فەرماندەیەكی دلێر و خۆڕاگر و دڵسۆز بۆ دۆزی نەتەوەكەی.
بە درێژایی ساڵانی پێشمەرگایەتیی بەشداریی زۆربەی شەڕەكانی ناوچەی شارەزوور و هەڵەبجە و سەر جاددەی خورماڵ و شەڕی تەپەتۆڵەكە و شەڕەكانی هێزی پشتیوانی خۆرهەڵاتی كوردستان و مەڵبەندی سێ و سەری جوانەگا و گەروی مەنجەڵ و بناری قەندیل و گرتنی: هەڵەبجە و سەنگاو و قەرەداخ و داستانی رزگاری و گرتنی رەبایەكانی سنووری پیرەمەگرون و گوندی تاسڵوجەی شارەزوو و سریەی گردەنازێی كردووە، رۆڵی قارەمانانەی هەبووە لە شكاندنی بۆسەی ناحەزان و دوژمنانی كورد و یەكێتی لە مەیدانەكانی تێكۆشاندا.
بەهۆی ئازایەتییەوە لە ساڵی 1984دا كراوە بە فەرماندەی مەفرەزە لە كەرتی چواری شەهید عوسمان كوڵكنی لە تیپی 15ی شارەزووور، ساڵی 1986 بەهۆی دەردەدار بوونی لە ئەنجامی گەستنی مارەوە نەیتوانی بەشداری شەڕەكانی داستانی قەیوان- ماوەت بكات. ساڵی 1987 كە بارودۆخی تەندروستیی بەرەوباشبوون دەچوو، هاتەوە كۆڕی تێكۆشان و لە ئێران بەشداری خولێكی مەشق و راهێنانی زانستی سەربازیی كردووە، رۆڵی گرنگیشی هەبووە لە رزگاركردنی چەندین خانەوادەی تێكۆشەرانی خۆرهەڵاتی كوردستان.
ساڵی 1988 لە دوای ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنفال رۆڵی ئازایانەی شەهید فازیل زیاتر دەردەكەوت، ئەوەش دوای پێكهێنان و رێكخستنی مەفرەزە پارتیزانەكان بوو، لەگەڵ چەند پێشمەرگە و فەرماندەیەكی قارەماندا بنكەی پارتیزانەكانیان لە چیای سورێن دامەزراند و بوونە ئەڵقەی پەیوەندی پارتیزانی ناوچەكان و بەڕێكردنی مەفرەزەپارتیزانەكانی گەرمیان و لە راپەڕینی 1991 و ئازادكردنی ناوچەكانی كوردستانیشدا رۆڵی گرنی گێڕاوە.
بەر لە راپەڕین فەرماندەی تیپ بوو، پاشان كراوەتە فەرماندەی بەتالیۆن و لە 1993شدا كراوەتە فەرماندەی فەوجی گومرگی گەرمیان، ساڵی 1994 كراوەتە فەرماندەی فەوج و لە 1995یشدا لەلایەن هەڤاڵ مام جەلالەوە میدالی پارتیزانی پێبەخشراوە، ساڵی 1996 كراوەتە جێگری فەرماندەی لەشكری شارەزوور.
لە تەواوی ساڵانی پێشمەرگایەتییدا چوارجار بە سەختی برینداركراوە.
ساڵی 1997 بەهۆی نالەباری تەندروستی و پاشماوەی چوارجار برینداری، سەركردایەتی ی.ن.ك بڕیاریدە بینێرێتە دەرەوەی وڵات بۆچارەسەر، بەڵام لەسەر دوای سەركردەی كۆچكردوو جەبار فەرمان و لەبەر پێویستی بۆئەو قۆناغە، شەهید فازیل سەفەرەكەی دواخست و هەمان ساڵ كرا بە فەرماندەی میحوەری شارباژێر- پێنجوێن.
بەداخە، رۆژی 30/10/1997 لە نەبەردییەكدا لە چیای بەنی هەریر لە سنووری شەقڵاوە، شەهیدكرا و گەیشتە كاروانی نەمران.

ئاوات كۆكەیی

بابەتە پەیوەندیدارەکان