یادەوەریت لە رۆح و دڵماندا هەمیشە زیندووە

10:50 - 2023-10-30
ڕاپۆرت
349 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ 37 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر  شەهیدبوونی فەرماندەیەكی تیپی 31ی سلێمانی، ئەگەر بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەستدانی رۆڵەیەكی خۆی بێت، بۆ ئێمە وەكو بنەماڵەكەمان كۆستێكی گەورە بووە كە تا ئێستاش نەمانتوانیووە ئەو كەلێنە پڕ بكەینەوە، تەنها وەفایەك كە توانیومانە ئەنجامی بدەین درێژەدان بووە بە رێبازە پیرۆزەكەی
شەهید عوسمان سەعید نەسروڵڵا ناسراو بە عوسمانی سەعە پیرژن، لە دایكبووی ساڵی 1963ی شاری پێنجوێنە، لە ئامێزی بنەماڵەیەكی زەحمەتكێشدا گەورە بووە. شەهید عوسمان لە ساڵی 1980دا پەیوەندیكردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە و ساڵی 1982 بۆتە پێشمەرگە لە كەرتی یەكی شەهید تایەر لە تیپی 31ی سلێمانی. 
هەر زوو لە كوورەی خەباتی پێشمەرگایەتیدا قاڵ دەبێت و جەنگاوەرێكی دڵسۆز و چاونەترسی لێ دەردەچێت، بەشداریی زۆربەی نەبەردییەكانی هێزی پێشمەرگەی كردووە لە لە ساڵانی 1982-1986ی سنووری تیپەكەی و لە خۆرهەڵاتی كوردستان و نەبەردییەكانی ناوشاری سلێمانی و ناڵپارێز و شارباژێڕ و پیری شەوكێڵ و داستانی دابان -هەلاج و داستانی قەیوان-ماوەت و لێدانی بیرە نەوتەكانی كەركوك و چەندین نەبەردی دیكەی هێزی پێشمەرگە.
ئەو هەڤاڵانەی ئێستا لە ژیاندا ماون، شاهیدی ئەوە دەدەن كە عوسمان چەند پێشمەرگە و جەنگاوەرێكی دڵسۆزی رێبازەكەی بووە، هەربۆیە تەنانەت لە كاتی شەهیدبوونیشدا هەر بە پێوە بووە و سڵی لە گوللەی دژمن نەكردۆتەوە.
شەهید عوسمان پلەكانی پێشمەرگایەتی سەركەوتوانە بڕیووە هەتا جێگری فەرماندەی كەرت.
بەداخەوە، رۆژی 31/10/1986 لەگوندی باڵخ لە شەڕەكانی داستانی قەیوان-ماوەت شەهید كراو گەیشتە كاروانی سەروەران.
هەزار سڵاو لە رۆحی پاك و جوانت ئەستێرە گەشەكەی مێژووی بەرخودان و ئازادی،
یادت هەمیشە لە دڵماندا زیندووە و هەوێنی بەردەوامیمانە.

عادل عەلی

بابەتە پەیوەندیدارەکان