كۆچی دوایی تێكۆشەرێك مشیر گەرۆتە، رێبواری رێبازەكەی مام

10:52 - 2023-10-30
ڕاپۆرت
368 جار خوێندراوەتەوە

ساڵی 2018 كە سەرقاڵی ئامادەكردنی (ئینسكلۆپیدیای شەهیدانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پارێزگای هەولێر)بووم كاك مشیر گەرۆتەم ناسی، كەسایەتییەكی جوان و هێمن و دڵسۆزبوو.
كاك مشیر پێشمەرگەی دێرین و كادیری بەشی شەهیدان و پێشمەرگەدێرینەكانی كۆمیتەی 3ی رێكخستنی هەولێر بوو.
لە رووی كۆمەڵایەتییەوەكە پیاوێكی گونجاو و خاوەن پەیوەندییەكی زۆر بوو لەگەڵ تێكۆشەران، جێگەی متمانە و باوەڕی هەڤاڵان و هاوڕێیانی بوو، هەر ئەرك و كارێكی پێ سپاردرابا بە بێ كەموكوڕیی جێبەجێی دەكرد، زۆر هاوكاری پڕۆژەكەی منی كرد و تەنیا لە بەرگی دووەمی ئینسكلۆپیدیای شەهیدان نزیكەی 70 ژیاننامە و وێنەی شەهیدانی گەیاندە دەستم، لە بەرگی سێیەمیشدا زیاتر لە 50 ژیاننامەو وێنە.
لەو بوارەدا تا بڵێی دڵسۆز و خەمخۆربوو، وەك هەڤاڵانیشی باسیان دەكرد لە ژیانی پێشمەرگایەتیشدا هەر ئاوا دڵسۆز و بە دیسپلین و چالاك و ئازاش بووە.
هەڤاڵ مشیر گەرۆتە لە پێناوی كوردایەتی و یەكێتیدا هەوراز و نشێوی زۆر بینییوە، هەقی خۆشی پێنەدرابوو، بەڵام هیچ كاتێكیش باسی مەغدوری و ماندبوبوونی خۆی نەدەكرد و خەباتەكەی بەكەس نەدەفرۆشتەوە، منەتی بەسەركەسدا نەدەكرد. 
دڵگرانبووم بە كۆچی دواییەكەی، هەم وەك تێكۆشەرێك و هەمیش وەك هاوكارێكی دڵسۆز و چالاكی ئینسكلۆپیدیای شەهیدان، كاریگەریی قووڵی لەسەرم هەبوو.
لە ئێستادا كە پڕۆژەكانی شەهیدان و پێشمەرگەدێرینەكان تەواونەبووە، كۆچی دوایی كاك مشیر هێندەی تر كاریگەریی دەبێت لەسەریان، زیاتر خەفەت بۆ ئەوە دەخۆم كە ئەم كۆچەی رێگەی نەدا ژیاننامەی خۆی ببینێت لە بەرگەكانی داهاتووی ئینسكلۆپیدیای پێشمەرگە دێرینەكانی هەولێر.

ژیاننامەكەی
تێكۆشەری نەمر مشیر ئەحمەد عەبدوڵڵا ناسراو بە مشیر گەرۆتە، لە دایكبووی ساڵی 1965ی گوندی گەرۆتەی ناحیەی هیران پارێزگای هەولێر، دەرچووی قۆناغی ناوەندییە.
ساڵی 1979 پەیوەندیكردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە، ساڵی 1981 بووە بە پێشمەرگە لە هەرێمی هەشت.
دواتر لە كەرتی پێنجی تیپی 91ی سەفین درێژەی بەخەبات داوە و رێبەری سیاسی كەرت بوو، دووجاریش برینداركراوە لە ساڵانی 1981-1982دا.
بەشداریی لە راپەڕینی 1991دا كردووە، وەك كادرێك درێژەی بە خەبات داوە و رێبەری سیاسیی بووە لە هێزی سەفین، لە تەشكیلەی سەربازیدا كراوەتە فەرماندەی فەسیل لە فەوجی چواری لیوای 32، هەروەها كراوەتە لێپرسراوی ئیدارەی فەوجی دووی هەمان لیوا.
ساڵی 2004 لە خولی 12ی كۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان بەشداربووە و دوای تەواوكردنی بۆتە ئەفسەر.
بەداخەوە، رۆژی 23/10/2023 كۆچی دوایی كرد.

حەیدەر مەنتك

بابەتە پەیوەندیدارەکان