داواکاری خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان رەوایە

10:55 - 2023-10-30
ڕاپۆرت
866 جار خوێندراوەتەوە
خۆپیشاندانی خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی گەرمیان

 د. یادگار عەلی


بواری كاری دەرچوانی کۆلێژی پزیشكی لە جیهاندا زۆر هەستیارە، كاركردنە لەگەڵ ژیان و مردن، هەر ئەوەش وایكردووە زانكۆكان گرنگی و بایەخی تایبەت بە تێچووەكانیان بدەن، زۆرترین بودجە و داهاتی زانكۆیان بۆ تەرخان بكەن، بەو ئامانجەی لە كۆتاییدا پزیشكێك بخەنە خزمەتی كۆمەڵگەوە لەڕووی زانستی و توانای مامەڵەكردن لەگەڵ نەخۆش و تاقیگە و دنیای پڕ لە گۆڕانكاری و داهێنان لە بواری پزیشكی دەستوپەنجەی نەرمبێت و ئەوەی لە ماوەی خوێندن لە كۆلێژ فێری بووە، بەباشی بخرێتە خزمەتی كۆمەڵگە.

کردنەوەی کۆلێژی  پزیشکی لە گەرمیان
ساڵی 2018، لە چوارچێوەی باوەڕی تەواو بەپێویستی بەردەوامی كاروانی خزمەت، گەشەو ئاوەدانی بە خەڵكی تێكۆشەری گەرمیان و لەپێناو پێگەیاندنی پزیشكی پسپۆڕ و پێویست لە گەرمیانـەوە بۆ هەرێمی كوردستان، كە زیاد لە 30 ساڵە ئەو ناوچەیە كێشەی گەورەی لە ژمارە و پسپۆڕی پزیشكی لە نەخۆشخانەكاندا هەیە و رۆژانە بە ناچاری نەخۆش رەوانەی نەخۆشخانەكانی سلێمانی و شارە گەورەكان دەكرێن. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە دەستپێشخەری د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاری كردنەوەی كۆلێژی پزیشكی گشتی لە زانكۆی گەرمیان دەركرد دەستپێشخەرییەكی زۆر گرنگ بوو و لە كات و جێگەی خۆیدا بوو، هەموو چاویان لەوە بوو ئەو بڕیارە لەسەر ئاستی گەرمیان بەشێوەیەكی دروست بۆ بوژاندنەوەی زیاتری ناوچەكە بەگشتی و زانكۆی گەرمیان بەتایبەت بقۆزرێتەوە، هەموولایەك چاویان لە قۆناغ بەقۆناغ پڕكردنەوەی پێداویستی و كەموكورتی كۆلێژی پزیشكی زانكۆی گەرمیان بوو.
پاش شەش ساڵ لە كردنەوەی كۆلێژی پزیشكی گشتی لە زانكۆی گەرمیان و گەیشتنی نۆبەرەی خوێندكاران بەكۆتا قۆناغی خوێندن و بەڕێكردنی سێ‌ ستافی كارگێڕی جیاواز لە كۆلێژەكە كەموكورتی و گرفتەكان، نەك چارەسەر نەبوون، زیاتر كەڵەكەبوون، تەقینەوە، بوون بە مایەی دابڕانی ماوەدرێژی خوێندكاران لە هۆڵەكانی خوێندن، تاڕادەی دروستكردنی ئاستەنگ بۆ بەردەوامی خوێندن لە كۆلێژەكانی تریش لە زانكۆی گەرمیان.
خوێندكارانی كۆلێژی پزیشكی زانكۆی گەرمیان، دركیان بەكێشە و گرفتەكان كردووە، چەند ساڵێكە هەڵوێستی شارستانییان بۆ چارەسەر دەربڕیوە، بۆ ئەمساڵیش، نزیك بە پێنج هەفتە دەبێت لەبری خوێندن و وەرگرتنی وانەكانیان، لەسەر شەقامن و داوای جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان دەکەن.

داواکارییەکانی خوێندکاران
ساڵانی رابردوو داوكارییەكانیان تەنها بریتیی بوو لە: چارەسەری كەمی ستافی وانەوتنەوە، فەراهەمكردنی نەخۆشخانەی فێركاری و چارەسەری دانپێدانان بەبڕوانامەی دەرچووان لەلایەن حكومەتی عیراقەوە. لە پاش شەش ساڵ، بەڵێنەكان بۆ چارەسەری كێشەكانیان نەبوون بە كردار. ئەمساڵیش لەگەڵ دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن، لەپاش نائومێدییان لە چارەی گرفتەكانیان، سەقفی داواكانیان بەرزكردەوە و چەند داوایەكیان ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد.
-1تا ئەوكاتەی كێشەكان چارەسەردەبن، کۆلێژی پزیشكی زانكۆی گەرمیان بكرێت بە بەشێك لە کۆلێژی پزیشكی زانكۆی سلێمانی.
-2كردنەوەی دەرچە و دەرفەت بۆ گواستنەوەی خوێندكاران بۆ زانكۆكانی دیكەی هەرێمی كوردستان.
-3 گواستنەوەی كۆلێژی پزیشكی زانكۆی گەرمیان بۆ شارێكی دیكە، كە توانای بەڕێوەبردنی كۆلێژەكەی لە ڕووی كارگێڕیی و ئەكادیمییەوە هەبێت.
-4داخستنی کۆلێژی پزیشكی گشتی لە زانكۆی گەرمیان و دابەشكردنی خوێندكارەكانی بەسەر كۆلێژە پزیشكییەكان لە زانكۆكانی تری هەرێم.
لە 29ی ئابی 2023 راگری كۆلێژی پزیشكی زانكۆی گەرمیان بەوەكالەت بە ئامادەبوونی ستافی وانەوتنەوە رایگەیاند، ماوەی شەش ساڵە، مامۆستایان بە شەو و رۆژ لە خزمەت بەردەوامن، پێویستمان بە دابینكردنی ستاف، نەخۆشخانەی فێركاری و تاقیگەی پزیشكی هەیە، لەبەرئەوەی بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی خوێندكارانمان پێویستن، هەمیش خاڵی پێویستن بە دانپێدانان بە كۆلێژی پزیشكی لەلایەن حكومەتی عیراقەوە. چەندینجار پڕۆژەی دروستكردنی تاقیگە و نەخۆشخانەی فێركاریمان ئامادەكردووە و ئاڕاستەی سەرۆكایەتی زانكۆ كردووە، نەك بەدەم داواكارییەكانمان نەهاتوون، دنیایەك گرفتی كارگێڕی و دارایشمان بۆ هێنراوەتەپێش، دیارترینیان: نەهێشتنی دروستبوونی پەیكەری كارگێڕی کۆلێژەكەمان، پیادەكردنی ئابڵوقەی كارگێڕیی و دارایی، نەبوونی یەكسانی لە خەرجكردنی داهاتی زانكۆ بۆ كۆلێژەكان، جێبەجێنەبوونی پڕۆژەی دروستكردنی تاقیگەی پزیشكی بەبڕی 84 ملیۆن دینار سەرباری رەزامەندی وەزارەتەكانی دارایی و خوێندنی باڵا، خەرجنەكردنی پارەی هاندانی توێژینەوەی مامۆستایان، وانەبێژی و راسپاردنی هاوینە و كەمی رووبەری سەوزایی لەناو كامپی سەرەكی زانكۆی گەرمیان.

کەموکورتییەکانی کۆلێژەکە
زانكۆی گەرمیان بەهۆكاری سیاسی و لەبەرئەوەی سێ‌ لە كۆلێژەكانی لەپاش پڕۆسەی ئازادی بەبێ‌ رەزامەندی حكومەتی عیراق لە قەزای خانەقین لە سنووری ناوچە جێناكۆكەكان كراوەتەوە، تائێستا لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عیراق دانی پێدانەنراوە، ئەوەش گرفتی گەورەی بۆ دەرچووانی زانكۆكە بەگشتی و دەرچووانی كۆلێژی پزیشكی بە تایبەت دروستكردووە، چونكە لەلایەك دەرچوان ناتوانن لە حكومەتی عیراق دابمەزرێن، لەلایەكی تریش دەرچوان دەرفەتی خوێندنی بۆردی عیراقی، عەرەبی و ئەوروپییان نابێت، تەنها دەرفەتێك لە بەردەمیان هەبێت خوێندنی بۆردی كوردستانییە، ئەوەش ژمارەی كورسییەكانی كەمە و خواستی زۆری لەسەرە.
نەبوونی نەخۆشخانەی فێركاری لە گەرمیان، گرفتێكی گەورەیە، خوێندكاران ناتوانن وانە پراكتیكییەكانیان بەباشی پراكتیزە بكەن. بەراورد بە كۆلێژی پزیشكی زانكۆكانی دیكە، زانكۆی گەرمیان راژەی پزیشكانی هەڵگری بڕوانامەی بۆرد لە تەندروستی گەرمیان بۆ سەر زانكۆ بگوازرێتەوە، بەڵام ئەوە زۆر بەهێواشی دەڕوات و چارەسەرییش نییە.
كۆلێژی پزیشكی زانكۆی گەرمیان تەنها كۆلێژی پزیشكییە لەئاستی جیهاندا، زیاد لە 250 خوێندكاری لە قۆناغی یەك بۆ شەشی هەیە، كەچی تەنها 14 مامۆستای هەیە، لەكاتێكدا كۆلێژی پزیشكی زاخۆ، لەگەڵ ئەوەی گەرمیان دامەزراوە، خاوەنی 49 مامۆستایە.
زیاد لە جار و بۆنەیەك، سەرۆكی زانكۆی گەرمیان وەڵامی داواكاری خوێندكاران و مامۆستایانی كۆلێژی پزیشكی داوەتەوە، بەڵام وەڵامەكان نەبوون بەمایەی گەڕانەوەی خوێندكاران بۆ هۆڵەكانی خوێندن. دواجاریش 23ی تشرینی یەكەمی 2023، سەرۆكی زانكۆ سەردانی گردبوونەوەی ناڕەزایەتی خوێندكارانی كرد، لە بەردەم كامپی سەرەكی زانكۆی گەرمیان گفتوگۆیەك لەنێوانیان دروستبوو، رۆژی دواتر خوێندكاران سەدریەی خوێندنەكەیان ئاگر تێبەردا و پێیانوابوو شكۆی پیشەكەیان شكێندراوە، سەرۆكی زانكۆ نیگەرانی خۆی لە داخستنی دەرگای زانكۆ لەلایەن خوێندكاران دەربڕی و وتی: دەیاندۆزێتەوە و دەیاندات بە دادگا، هەزار ساڵی تر لەسەر جادەبن كۆلێژی پزیشكی داناخەین، ئەو خوێندكارەی دەوام نەكات سمستەرەكەی بۆ دەخەنە وەرزی هاوین، یاخود دواخستنی ناچاری بۆ دەکەن، چارەسەری بابەتی ئێوە لەلای من نییە و قبوڵناكەم دەرگام بگرن.
چارەسەری بەشێك لە كێشەكانی كۆلێژی پزیشكی زانكۆی گەرمیان لە دەرەوەی توانا و دەسەڵاتی زانكۆی گەرمیان و تەنانەت وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشە، رەنگبێت هەندێك هەوڵیش بۆ چارەسەر یاخود دۆزینەوەی جێگرەوەیەكی كاتی بۆ بەشێك لە گرفتەكان هەبووبێت، بەڵام دیارە لە جێگەی چاوەڕوانی خوێندكاراندا نییە و ئەوەش مافی خۆیانە، بیانەوێت فێری باشترین و نوێترین زانست و داهێنان و بەرزترین بڕوانامە لە بواری كارەكەیانبن و خزمەتی پێبكەن. پێمانوایە مامەڵەی پێویست لەگەڵ خوێندكاران و داواكارییەكانیان، هەرگیز نەیدەهێشت كێشەكان بگەن بەبایكۆت تا سووربوون لەسەر داوای داخستنی كۆلێژی پزیشكی، كە پڕۆژەیەكی ستراتیژی گرنگە لە ناوچەكەدا.

داوای هاوکاری لە سەرۆکی یەکێتیی
خوێندكارانی كۆلێژی پزیشكی زانكۆی گەرمیان، نموونەی گەنجە هۆشیار و بەتواناكانی نیشتمانەكەمانن لەپێناو بەدەمەوەهاتن بۆ داواكارییەكانیان، لە زۆر دەرگا و كەناڵیانداوە، ماندووبوون و وەڵامی ئەرێنیان هەر وەرنەگرت.
چەند رۆژی رابردوو لەڕێگە بووم بەرەو زانكۆی گەرمیان، بەلای گردبوونەوەی ناڕەزایەتی كوڕان و خانمە پزیشكانی داهاتووی كوردستاندا تێپەڕیم، هەموویان پێكەوە هاواریان دەكرد: «كەس گوێناگرێت لێمان، كاك بافڵ وەرە دەنگمان» و «چاوەڕێین بێیتە سەر خەت، كاك بافڵی بە هیممەت»، هاتمەوە بۆماڵ، بینیم لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش، ئەوان یاداشتی داواكانیان ئاڕاستەی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كردووە و بە هاشتاگ و موشنیش داوای بینین و هاوكاری لێدەكەن، بەڵێنمدا بە ئەمانەتەوە داواكاری و هاواریان لە وتارێكی رۆژنامەنووسیدا بنووسمەوە، بۆئەوەی بگات بە سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان. ئەوان لە بیریان نەچووە، چەند ساڵی رابردوو سەرۆكی یەكێتیی دەیان سەعات كۆبوونەوەی لەگەڵ خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگەكان کرد، گوێی لە داواكاری و پێشنیازەكانیان گرت، پێداویستی بەشەناوخۆییەكان و كێشەی ئاو و سووتەمەنی بۆ چارەسەركردن.
بەو هیوایەی داواكاری خوێندكارانی كۆلێژی پزیشكی زانكۆی گەرمیان و چاوەڕوانیان لە سەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بگات بە بەڕێزیان و لە نزیكترین دەرفەتدا لەگەڵیان كۆبێتەوە و گوێیان لێبگرێت، چونكە نییەت و هیممەتی دڵسۆزانە هەبێت، چارەسەر و جێگرەوەی گونجاو بۆ داواكاری خوێندكاران زۆر ئاسان دەبێت، ئەوكات خوێندكارانی ئازیز بە دەروونێكی ئارام روو لە هۆڵەكانی خوێندن دەكەنەوە و ئەو هەنگاوەش بەخاڵێكی گەش و پرشنگدار بۆ سەرۆكی یەكێتیی دەنووسرێتەوە.

#گەرمیان

بابەتە پەیوەندیدارەکان