ئینتەر مەیامی ناوی دەچێتە لیستی یانە براوەكانی باڵۆن دۆرەوە؟

11:07 - 2023-10-30
وەرزش
192 جار خوێندراوەتەوە

رەوەز ئیسماعیل


ئەمڕۆ دووشەممە 30/10/2023 خەڵاتی بالۆن دۆری ساڵ بە باشترین یاریزانی جیهان دەدرێت، بۆ ئەمەش گۆڤاری فرانس فوتبۆڵی فەرەنسی كە خاوەنی خەڵاتەكەیەو ساڵانە دابەشیدەكات، رایگەیاند لەسەر شانۆی دۆ شاتلییە لە پاریس سەرجەم خەڵاتەكان دابەشدەكرێن كە گرنگترینیان باشترین یاریزانی جیهانە، خەڵاتەكانیش بەمشێوەیەن:
* خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهانی (كوڕ).
* خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهانی (كچ).
*خەڵاتی كوپا بۆ باشترین یاریزانی تازە دەركەوتو.
*خەڵاتی باشترین گۆڵچی.

مێژوویەكی كورتی (باڵۆن دۆر) 
باڵۆن دۆر مێژوویەكی دێرینی هەیە و لە ساڵی 1956 – ەوە بەیاریزانان دەدرێت، باڵۆن دۆر بە چەند قۆناغ و چەند ناوێكی جیا جیادا تێپەڕیوە.
ئەم خەڵاتە وەك ووتمان لەساڵی 1956 – ەوە دابەشدەكرێت، سەرەتا ناوی (خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەوروپا) بووە، یەكەم یاریزانیش كە بۆتە براوەی ئەم خەڵاتە ستانلی ماتیۆسی ئینگلیزی بووە كە ئەو ساڵە بۆ یانەی بلاكبۆڵی ئینگلیزی یاریی كردووە.
ئەم خەڵاتە بەو ناوەو بەو سیستمەی خۆی بەردەوام بووە تا ساڵی 1995، لەم ساڵەوە سیستمی جۆری بەخشینەكەی گۆڕانكاری تیادا كراو تەرخان كرا بۆ باشترین یاریزانی یانەكانی ئەوروپا، واتە مەرج نییە یاریزانەكە ئەوروپی بێت، دەشێت یاریزانی دەرەوەی ئەوروپا بێت، بەڵام مەرجە یاریی بۆ یانەیەكی ئەوروپا بكات، یەكەم یاریزانیش كە ئەم خەڵاتەی بەو سیستمە نوێیە بردەوە جۆرج ویا-ی لیبیری و یاریزانی یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی بوو، بەم سیستم و بەرنامە نوێیە ئەم خەڵاتە ساڵانە دابەشدەكرا تا ساڵی 2009، لە ساڵی 2010 وە ئەم خەڵاتە لەگەڵ خەڵاتی باشترین یاریزانی تۆپی پێی جیهان-فیفا تێكەڵاو بوون و بەباڵۆن دۆر ناوزەد كراو ساڵانە بەباشترین یاریزانی جیهانی دەدرا.
دواتر جارێكی تر و ساڵی 2016 ئەم دوو خەڵاتە تێكەڵ كراوە (باڵۆن دۆر - باشترین یاریزانی تۆپی پێی جهانی) لەیەكتر جیا بوونەوەو باڵۆن دۆری گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ بۆ باشترین یاریزانی جیهانی سەربەخۆی خۆی وەرگرتەوە.

FIFA World Player of the 
Year-                 Ballon d›Or  


ئەم دوو  خەڵاتە بۆ ماوەی شەش ساڵ (2010) تا (2015) تێكەڵاو كران و شەش جار دراوە بەباشترین یاریزانی جیهانی، مێسی و كریستیانۆ رۆناڵدۆ نەیانهێشت لەو شەش ساڵەدا هیچ یاریزانێك دەستی بەر خەڵاتەكە بكەوێت و تەنیا ئەم دوو یاریزانە داگیریان كرد و مێسی یەكەم و كریستیانۆ رۆناڵدۆ لەو رووەوە دووەمە، مێسی (2010 و 2011 و 2012 و 2015) ئەم خەڵاتەی بردۆتەوەو كریستیانۆ رۆناڵدۆش دووجار (2013 و 2014) بردویەتییەوە.
كاتێكیش لە ساڵی 2016 –ەوە ئەم دوو خەڵاتە جیا دەبنەوە، ئەوەی فیفا دەبێت بە (THE BEST) و باڵۆن دۆریش وەك خۆی دەمێنێتەوە.
زەبێست ئەم ساڵانەی دوایی كە دابەشكراوە ئەم یاریزانانە بوونەتە خاوەنی:
*2016 كریستیانۆ رۆناڵدۆ.
*2017 كریستیانۆ رۆناڵدۆ.
*2018 لۆكا مۆدریج.
*2019 لیۆنێل مێسی.
*2020 لیڤاندۆڤسكی.
*2021 لیڤاندۆڤسكی.
*2022 لیۆنێل میسی.
هەرچی باڵۆن دۆریشە دراوە بەم یاریزانانە:
*2016 كریستیانۆ رۆناڵدۆ.
*2017 كریستیانۆ رۆناڵدۆ.
*2018 لۆكا مۆدریج.
*2019 لیۆنێل میسی.
*2020 بەهۆی پەتای كۆرۆناوە نەبەخشراوە.
*2021 لیۆنێل مێسی.
*2022 كەریم بنزیمە.
*2023....؟
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی باڵۆن دۆر، دەتوانین ناوی ئەو وەرزشكارە ناودارەانەی جیهان بهێنین كە زۆرترین باڵۆن دۆریان بردۆتەوە.
مێسی و كریستیانۆ رۆناڵدۆ
ئەم دوو یاریزانە خاوەنی زۆرترین باڵۆن دۆرن، مێسی لەپلەی یەكەمدایە بە بردنەوەی 7 باڵۆن دۆر و ئەمەش ریكۆردێكی ناوازەیە، هەرچی كریستیانۆ رۆناڵدۆشە خاوەنی 5 باڵۆن دۆرە و هیچ یاریزانێكی تر شان لەشانی ئەم دوو یاریزانە نادات.
بۆ خەڵاتی ئەمساڵیش ناوی مێسی لە ناواندایەو ئەگەر ئەمە رووبدات ئەوا:
*مێسی دەبێت خاوەنی 8 باڵۆن دۆر و زۆر زەحمەتە ئەم ریكۆردە لەلایەن هیچ یاریزانێكی ترەوە بشكێنرێت.
*مێسی دەبێتە یەكەم یاریزان كە لەدەرەوەی ئەوروپا یاریی بكات و خەڵاتەكەش بباتەوە، چونكە ئەمساڵ مێسی لە پاریس سانجێرمانەوە چووە یانە مەیامی ئەمریكا.
*یانەی ئینتەر میامی ئەمریكاش ناوی دەچێتە لیستی ناوی یانە براوەكانی ئەم خەڵاتەو ئەمەش یەكەمین جارە رووبدات. 
پلەی دووەم
لە پلەی دووەمدا سێ یاریزان دێن كە هەریەكەو خاوەنی سێ باڵۆن دۆرن و ئەوانیش:
1-میشێل پلاتینی-     3 خەڵات.
2-یۆهان كرۆیف -     3 خەڵات.
3-ماركۆ ڤان باستن -  3 خەڵات.
پلەی سێیەمیش بۆ ئەم یاریزانانەیە كە هەریەكەو 2 باڵۆن دۆریان بردۆتەوە (پێكنپاوەر، رۆناڵدۆ، دیستیڤانۆ، كیڤن كیگان، رۆمنیگیە) .
وڵاتان
سەبارەت بەو وڵاتانەش كە زۆرترین یاریزانەكانی ئەم خەڵاتەیان بردۆتەوە ئەم وڵاتانەن:
1 -فەرەنسا  و ئەرجەنتین و ئەڵمانیا و هۆڵەندا و پورتوگال(7 باڵۆن دۆر).
2 - ئیتالیا و ئینگلتەرا و بەرازیل  هەریەكەو       (5 باڵۆن دۆر).
یانەكان
سەبارەت بەیانەكانی جیهانیشو یەكەم و دووەم سێیەم یانە كە یاریزانەكانی زۆرترین باڵۆن دۆریان بردۆتەوە ئەمانەن:
 -1 بارسیلۆنا و ریاڵ مەدرید هەریەكەو  (12 باڵۆن دۆر).
-2 یۆڤانتۆس و ئەی سی میلان  هەریەكەو(8 باڵۆن دۆر).
-3 بایرن مونشن (5 باڵۆن دۆر).
-4 مان یونایتد (4 باڵۆن دۆر).
-5 ئینتەر میلان و هامبۆرگ و دینامۆ كییەڤ  هەریەكەو(2 باڵۆن دۆر).
-6 لەم یانانەش هەریەكەو یاریزانێكیان باڵۆن دۆرێكیان بردۆتەوە (بەنفیكا، لیڤەرپوڵ، بروسیا مونشن گلادباخ، ئەیاكس، دۆكلا پراگ، بلاكبۆڵ، دینامۆ مۆسكۆ، فرینكفارۆسی، مارسیلیا، بروسیا دۆرتمۆند).

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان