زیانەکانی گۆڕانی کەش و هەوا

10:29 - 2022-05-22
دووتوێ
1611 جار خوێندراوەتەوە

بورهان ئەمین

بەهۆی گۆڕانی کەش و هەوا و پیسبوونی ژینگەوە ساڵی رابردوو لە سەرتاسەری جیهان، لە ئەمریکا، ئەوروپا، ئاسیا  و چەند وڵات و شوێنێک کارەساتی سروشتی وەک لافاو و باوبۆران رویدا و زیانێکی زۆری گیانی و مادی گەیاند، بەپێی راپۆرتی دامەزراوەی» کریستیان ئید» ی ئەمریکی لە 10 ساڵی رابردوودا زیانەکانی گۆڕانی کەش وهەوا لە 100 ملیار دۆلار زیاتر بووە.
 هەر بە تەنها باوبۆرانی « ئیدا» کە لە رۆژهەڵاتی ئەمریکا لە مانگی ئابی ساڵی رابردوو رویدا جگە لە ئاوارە و دەربەدەرکردن و برینداربوونی سەدان کەس، زیانی 65 ملیار دۆلاری گەیاندووە، بەرپرسانی ئەو دەزگایە دەڵێن: دنیا هەمووی سەرقاڵی کۆرۆنایە کەچی ئەو زیانەی لە ئەنجامی گۆڕانی کەش و هەواوە دێ و خەڵکی پێوەی گرفتار دەبێت لەو پەتایە زیاتریشە، ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس و مردن و برینداربوون و سەرگەردان بوونی خەڵکی مەدەنی لە ئەنجامی ئەو کارەساتە سروشتییانەی کە دەرەنجامی گۆڕانی کەش و هەوایە بۆتە کێشەیەکی جیهانی و دەبێت زوو خەمی بخورێت ئەگینا کارەساتی مرۆیی گەورەتری بەدواوە دەبێت.
ساڵی پار لافاوەکانی بەریتانیا، ئەمریکا، ئەڵمانیا، کەنەدا چین و پاکستان زیانێکی یەکجار گەورەیان بەدوای خۆیاندا هێنا، زۆربەی ئەوانەی کە دەبنە قوربانی ئەو کارەساتانەش خەڵکی هەژارن و ئەگەر هاوکاریش نەکرێن ناتوانن ئیدی سەرلەنوێ ژیانی ئاساییان دەست پێ بکەنەوە، ئەگەر وڵاتە دەوڵەمەندەکان بتوانن قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکەنەوە، هەژارەکان ناتوانن زیانەکان بگرنە ئەستۆ بۆیە بەمجۆرە خەڵکە لێقەوماوەکە ژیانیان سەختتر دەبێت، ئەو بارە نەخوازراوە لەشاری هەولێریش ساڵی پار و ئەمساڵیش رویدا و سەدان ماڵی هەژار و دەیان خاوەن پیشەی بچووک زەرەرمەند بوون، بە هەمان شێوە لە باشووری سودانیش بەهۆی لافاوەوە زیاتر لە هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و 800  هەزاری تریش ئاوارەبوون کە زۆربەیان هاووڵاتی کەمدەرامەت بوون.
ئێستا گۆڕانی کەش وهەوا هەڕەشەی جدیە بۆ سەر ژینگە و ئابوری و ژیان و گوزەرانی کۆمەڵگاکان، لە زۆر شوێن و وڵات بەهۆی کەمی باران بارین  وشکەساڵی پەیدابووە و کشتوکاڵ مەترسی زۆری لەسەرە بەتایبەتیش ئەو بەربوومانەی کە ئاردیان لێ دروست دەکرێت، وشکبوونی خاک لەزۆر شوێنی جیهاندا مەترسی لەسەر ئاسایشی خۆراک دروستکردووە، لە زۆرێک لە شارەکانی باشوری عیراق گۆم و زەلکاوەکان  وشکیان کردوە و خەڵکێکی زۆر بێکار بوون، لە هەرێمی کوردستان هەموو ساڵێک ئەو مەترسییە دروست دەبێ و بەهاتنی وشکەساڵی جوتیاران زیانێکی زۆریان بەردەکەوێت کەرتی کشتوکاڵیش دادەڕوخێت، ئەم دۆخە تادێت مەترسییەکانی زیاتر دەبن.
لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان رێککەوتنێک کراوە بەناوی «پەیماننامەی پاریس» کە سنوور بۆ ئەو وڵاتانە دادەنێت کە ژینگە پیس دەکەن و گازە ژەهراوییەکان فڕێ دەدەنە ناو بۆشایی ئاسمان، هەروەها بەپێی ئەو پەیماننامەیە قەرەبووی هەموو ئەوانە دەکرێتەوە کە لە ئەنجامی گۆڕانی کەش وهەواوە زیانیان پێگەیشتووە، بەڵام پەیمانەکە بە تەواوی جێبەجێ ناکرێت، بەپێی رێککەوتنەکە دەبێت تا ساڵی 2030 وڵاتان هەموو بەندەکانی جێبەجێ بکەن.
 سەرچاوە: Popular Science

بابەتە پەیوەندیدارەکان