باشترین وڵاتانی جیهان بۆ ژیان

09:53 - 2023-10-31
کەلتور
394 جار خوێندراوەتەوە
دانیشتوانی سویسرا هەست بە بەختەوەری دەکەن

دیڤید ریبشتاین

و/ جەواد حەیدەری 


رێزبەندیی وڵاتان لە كەرتی گەشتیاری و وەبەرهێنانی راستەوخۆی دەرەكی و بازرگانی دەرەكیدا كاریگەرە، ئەمانە پێكهاتەیەكی گرنگن لە بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتان بە گشتی و هەر ئەمەش دەریدەخات كە وڵاتانی دیكە چەندە ئامادەن بازرگانی لەگەڵ وڵاتێكدا بكەن.

سویسرا یەكەمین وڵاتە بۆ ژیان 
بەرزاییەكانی زنجیرە شاخی ئاڵپ لە سویسرا یەكێكە لە شوێنە سەرنجڕاكێشەكان و هەر ئەمەش وایكردووە لە راپرسییەكەی گۆڤاری نیوزۆرد-ی ئەمریكیدا، سویسرا لە ریزبەندیی باشترین وڵاتانی جیهاندا بێ.
لە هەشت ساڵی رابردوودا ئەمە شەشەمین جارە كە سویسرا لە پێشەنگی ریزبەندیی باشترین وڵاتانی جیهاندا بێت.
ساڵی پار كەنەدا لە پلەی سێهەمەوە بوو بە پلەی دووەم، هەریەكە لە سوید و ئوسترالیا و ئەمریكا پلەكانی سێهەم و چوارم و پێنجەم داگیر بکەن.  سەرەڕای پلەبەرزی ئەو وڵاتانە، بەڵام ئەستەمە بە سویسرا بگەن، چونكە سویسرا بە تایبەتی لە دوو بواری ئاسانكاری كاركردن و خانەنشینی شایستەدا نمرەی باشی بەدەستهێناوە. لە سویسرا پێوەرەكانی كوالێتی ژیان و كارگێڕی زۆر بەرزە و هەر ئەوەش وایكردووە كە سویسرا وڵاتێكی تەندروست و سەقامگیر بێ.  
لە راپرسییەكەدا، راپرسی لەسەر 87 وڵاتی جیهان كراوە كە زۆرترین بەرهەمی ناوخۆییان هەیە، داوا لە 17 هەزار كەس لە سەرتاسەری جیهان كراوە بە هەڵسەنگاندن لەباری سەقامگیری سیاسی و یەكسانی رەگەزی و تەندروستی تاكەكەسی. یەك لەسەر سێی بەشداربوون لە بەڕێوەبەرانی بازرگانی بوون و یەك لەسەر سێ كەسەكان دەرچووی زانكۆ و یەك لەسەرسێش كەسی ئاسایی بوون. 
لەنێو بەشداربووەكاندا نوێنەر ئەو وڵاتانە هەن كە دەیانەوێ پێگەی وڵاتەكەی خۆیان لەناو ریزبەندییەكە باشتر بكەن. راپرسییەكە لە سێ بواری پیشەسازی، گەشتیاری و وەبەرهێنانی راستەوخۆی دەرەكی و بازرگانی دەرەكی كراوە.

وڵاتانی ئەمریكای باكوور 
لەمساڵدا پلەی ئەمریكا لە ریزبەندییەكەدا لە پلەی چوارەمەوە بۆ پلەی پێنجەم دابەزیوە، ساڵی 2018 ئەمریكا جارێكی دیكە بەهۆی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و مشتومڕەكانی ترەمپەوە پێگەكەی بۆ پلەی هەشتەم دابەزی. ئەمساڵ سەرەڕای دابەزینی پێگەی ئەمریكا لە ریزبەندیی خۆشترین وڵاتانی جیهان، هەمدیسان لە بواری چالاكی و كارگێڕی و هێزەوە هێشتا توانیویەتی پێگەی خۆی لە بواری كوالێتی ژیانی بە شێوەیەكی سەرسووڕهێنەر بپارێزێ و لە بواری ئاسانكاری بۆ رەخساندنی كار زۆرترین پارە تەرخان بكات، سەرەڕای ئەمانەش بەهۆی تێچوونی زۆری كار، خەڵك نایەوێت پێشەسازی بەرهەمهێنانی خۆیان بۆ ئەمریكا بگوازنەوە.  
كەنەدا تاڕادەیەكی زۆر توانیویەتی ئاستی خۆی باش بكات و كۆی نمرەكانی لە ریزبەندییەكەدا بگەیەنێتە 99.3 و خۆی لە سویسرا كە 100 نمرەی هەیە، نزیك بكاتەوە. كەنەدا بە هۆكاری جیاواز توانیویەتی لەچاو ئەمریكا پلەی دووەم بەدەستبهێنێت. تێڕوانینی گشتی وایكردووە كە ئەو وڵاتە لەباری كوالێتی ژیان پلەی نایابی هەبێ، هەرچەند ئەمریكا و كەنەدا لە ئەمریكای باكوور لە تەنیشت یەكترەوە هەڵكەوتوون، بەڵام دوو وڵاتی جیاوازن بە تایبەتی لەو بوارانەی كە پێشكەشی دەكەن. 
ساڵی پار مەكسێك توانی لە ریزبەندیی وڵاتانی خۆشدا پلەی 33 بەدەست بهێنێ هەر چەندە ئەو وڵاتە لە بواری شوێنەوار و كاریگەری كەلتوری نمرەی بەرز بە دەستبهێنێ،  بەڵام لە بواری بازرگانی نمرەی كەمی بە دەستهێناوە. 

ئاستی بەریتانیا دابەزیوە 
بەریتانیا و فەرەنسا كە دوو وڵاتی ئەوروپین بۆ سەركەوتن لە لیستی ریزبەندیی وڵاتانی خۆش پێكەوە كێشەیان هەیە. لە یەكەمین ساڵی ریزبەندییەكەدا بەریتانیا پلەی سێهەمی بەدەستهێنا، بەڵام دواتر وردە وردە ئاستی ئەو وڵاتە دابەزی، ئەمساڵ كە نۆهەمین ساڵی ریزبەندییەكەیە، بەریتانیا بە هۆی دەرچوون لە یەكێتیی ئەوروپا و هەروەها قەیرانی سەرۆكایەتی لەو وڵاتە پێگەكەی دابەزیوە. 
فەرەنسا بۆ یەكەمجار لە لیستی 10 وڵاتی سەرەكی پێگەی دابەزیوە و لەمساڵدا لە دوای نەرویج لە پلەی 12 هەمین وڵاتی ریزبەندییەكەیە. هۆكاری دابەزینەكەشی بۆ قەیرانی سیاسی لەو وڵاتە و هەروەها كردەوە تیرۆریستییەكانی دەگەڕێتەوە كە لەچەند ساڵی رابردوو لەو وڵاتە روویداوە. 
ئەڵمانیا لە یەكەمین ساڵی ریزبەندییەكەدا پلەی یەكەمی بەدەستهێنا، لەوكاتەوە ساڵانە ئەڵمانیا لە نێوانی یەكەمین تا 10هەمین لە بەرز و نزمی دایە. هۆكارەكەشی بۆ گۆڕانكاری لە سەركردایەتی ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە. ئەمساڵ ئەڵمانیا لە پلەی حەوتەمین دایە كە نزمترین پلەیە بۆ ئەڵمانیا لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا. 

جیهان لە چین دەترسێ
ساڵی رابردوو چین لە پلەی 17 هەمین وڵات بووە و ئەمساڵ گەیشتووە بە 20 هەمین وڵات، هۆكارەكەشی بۆ بەهێزبوون كاریگەری سیاسی و ئابووری ئەمریكا لە ئاستی جیهاندا دەگەڕێتەوە. رەنگە سەبارەت بە هیچ وڵاتێك بە رادەی چین جیاوازی تێگەیشتن نەبێ، هەندێك هەن بە تەواوەتی دەستخۆشی لە چین دەكەن و هەندێكیش هەن كە لە كردەوەكانی چین زۆر بێزارن، بەڵام بە گشتی هەموو جیهان لە چین دەترسن، هۆكارەكەشی بۆ بەهێزبوونی چین دەگەڕێتەوە. 
ئێستا ئابووریی چین لە حاڵەتی خاوبوونەوەدایە و سەرمایەگوزارییەكانی چین لەبری ئەوەی گەشە بكات خەریكە تووشی قەرز دەبێت و لە هەندێك بواردا چین تووشی هەڵاوسان بووە و گومان دەکریت دابەزینی ئابووری چین لە ساڵی داهاتوودا زیاتر بێ. 

هیندستان ئەستێرەی بورجەكان 
هیندستان وردە وردە لە پلەی 31 ی ساڵی رابردوو بەرز بۆتەوە و ئەمساڵ گەیشتووە بە پلەی 30. هەرچەندە هیندستان لە لیستی 10 وڵاتی یەكەمدا نییە، بەڵام پێویستە چاودێری بكرێ، چونكە ئەو وڵاتە لە رووی ئامانجە كۆمەڵایەتییەكاندا نمرەی باشی نییە، بەڵام لە رووی توانای گەشەكردنەوە بە پێنجەمین وڵات هەژمار دەكرێ. 
 تێڕوانینی گشتی ئەوەیە كە هیندستان ئەستێرەی بورجەكان و شوێنێكی باشی بۆ سەرمایەگوزاری هەیە، ئەگەر بە دوای وڵاتێكی گەشەسەندوودا دەگەڕێن لە بواری سەرمایەگوزاری، ئەو وڵاتە هیندستانە.
لە جیهاندا 10 وڵاتی سویسرا، كەنەدا، سوید، ئوسترالیا، ئەمریكا، ژاپۆن، ئەڵمانیا، نیوزلەندا و بەریتانیا لە خۆشترین وڵاتانن بۆ ژیان. 

سەرچاوە/ nebesht.com

بابەتە پەیوەندیدارەکان