عیراق ماوەی 45 رۆژ لە بانگەشەی هەڵبژاردندا دەبێت، 134 لیستی لایەنە سیاسییەكانیش كێبڕكێ بۆ سەرخستنی زۆرترین كاندید دەكەن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش بە 112 كاندید بەشداری لە هەڵبژاردنەكەدا دەكات، كە بڕیارە ئەمڕۆ یەكەم رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن بێت و یەكێتیی نیشتمانیش ئامادەكاری تەواوی كردووە.
كاندیدەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەرجەمیان لەلایەن كۆمسیۆنەوە پەسندكراون، كە «دەستپاكن و هیچ پێشینەیەكی تاوانكارییان نییە و لە پارێزگاكانی كەركوك، سەڵاحەدین، دیالە، نەینەوا و بەغدا بەشداریی هەڵبژاردنەكان دەكەن».
بانگەشە 45 رۆژ بەردەوام دەبێت
بەپێی راگەیەنراوێكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق «لە ئەمڕۆوە بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە 15 پارێزگای عیراق دەستپێدەكات و ماوەی 45 رۆژ بەردەوام دەبێت».
یەكێتی بە 112 كاندید بەشدارە
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق خۆی ئامادەكردووە و 112 كاندیدی لەچوارچێوەی لیستی سەربەخۆ و هاوپەیمانیی لە پارێزگاكانی (نەینەوا، كەركوك، دیالە، سەڵاحەدین و بەغدا) دەستنیشانكردووە و سەرجەم كاندیدەكانیشی لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراقەوە پەسەندكراون.
بەوتەی رزگار حاجی حەمە لێپرسراوی مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی، كە بە سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIAی راگەیاندووە: «كاندیدەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەناو هاوپەیمانیدا بن یان بە لیستی سەربەخۆ، سەرجەمیان كاندیدی دەستپاك و بەرپرسیارن و پێشینەی بەعسیبوونیان نییە». وتیشی: «هیوادارین كاندیدەكانمان ببنە جێی متمانەی خەڵك و دەنگ بەدەستبهێنن تا ببنە نوێنەری راستەقینەیان و شەڕی بەدەستهێنانی مافەكانی خەڵكی ناوچە جێناكۆكەكان بكەن».
یەكێتی بە ژمارەكانی (142، 120، 226، 134، 204) بەشداری دەكات
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە ژمارەكانی (142، 120، 226، 134، 204) لەچوارچێوەی لیستی سەربەخۆ و هاوپەیمانیدا بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق دەكات و لە پارێزگای نەینەوا بە 52 كاندید و بە ژمارە 134، لە پارێزگای كەركوك بە 30 كاندید و بە ژمارە 142 لەچوارچێوەی هاوپەیمانیی لەگەڵ حزبی شیوعی و لە پارێزگای دیالەش بە 30 كاندید و لیستی سەربەخۆ بە ژمارە 120، هەروەها لە پارێزگای سەڵاحەدین بە لیستی سەربەخۆ بە ژمارە 226 و بە یەك كاندید بەشداریی هەڵبژاردنەكانی عیراق دەكات.
یەكێتی لە بەغداش بەشداریی هەڵبژاردنەكان دەكات
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەغدای پایتەختی عیراقیش بە یەك كاندید بە ژمارە 204 بەشداریی هەڵبژاردنەكان دەكات.
لە 15 پارێزگای عیراق هەڵبژاردن دەكرێت
بەپێی راگەیەنراوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق: «هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان جگە لە پارێزگاكانی هەرێم لە 15 پارێزگاكەی دیكەی عیراق دەكرێت، كە تێیدا 134 لیست بەشداردەبن و لەناویاندا 39 هاوپەیمانی و 29 حزب و 66 كاندیدی سەربەخۆ هەن.
بڕیارە رۆژی 18ی 12ی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە 15 پارێزگای عیراق بكرێت كە لەناویاندا كەركوك، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین هەن كە ناوچەی جێناكۆكەكانن و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەوڵدەدات كوردستانیبوونی ئەو ناوچە جێناكۆكانە بەدەنگ بسەلمێنێتەوە و كورد زۆرترین دەنگی لەو ناوچانە بەدەستبهێنێت.
PUKMEDIA