ناوچە دابڕێنراوەكان، لەنێوان (هەڵبژاردنێكی چارەنووسساز و بەرپرسیارێتییەكی نیشتمانی)دا

10:23 - 2023-11-02
کوردستان
529 جار خوێندراوەتەوە

لەتیف نێروەیی*

 

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی دیكەی كوردستان، تەنها پڕۆسەیەكی دیموكراتی نییە، كە هێز و لایەنە سیاسییەكان كێبڕكێ‌ بكەن لەپێناوی بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ، زۆرترین كورسی و وەرگرتنی پشك و ئیستحقاقی هەڵبژاردن لە ئیدارە خۆجێیەكانی دەڤەرەكاندا. بەڵكو ئەم هەڵبژاردنە بۆ گەلی كوردستان بەرپرسیارێتییەكی گەورەی (نیشتمانی، نەتەوەیی، مێژوویی، ئەخلاقی)یە، هەروەك پڕۆسەیەكی چارەنووسسازە، چونكە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان كۆمەڵێك پرسی گرنگ بە ئەرێنی یان نەرێنی یەكلادەكاتەوە. 

ئەنجامەكە دەبێتە پێوەری سەرەكی بۆ مانەوە، یان كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی خۆسەپێنی پارێزگاری ناشەرعی لە كەركوك. ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەبێتە هۆی جێبەجێكردن یان جێبەجێنەكردنی مادەی (140)ی دەستووری عیراق. دەبێتە پێوەر بۆ نەهێشتنی دۆخی ناسەقامگیری ئێستای كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی دیكەی كوردستان كە بەهۆی لێكەوتەكانی ریفراندۆمەوە دۆخێكی ناسەقامگیری (ئەمنی، سیاسی، خزمەتگوزاری، ژینگەیی، ئیداریی، ئابووری) باڵی بەسەر ناوچەكەدا كێشاوە، یان دەبێتە هۆی مانەوەی دۆخەكە.  
ئەنجامەكە دەبێتە فاكتەری بەدیهێنانی ئیدارەیەكی هاوسەنگ و دادپەروەری پڕ لە خزمەتگوزاری كە هەموو پێكهاتەكانی كەركوك بەبێ جیاوازی بە ئیدارەی خۆیانی بزانن، یانیش وەكو ئیدارەیەكی گەندەڵی ناهاوسەنگ دەمێنێتەوە. 
-ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەبێتە پێوەر كە جارێكی دیكە ناسنامەی كوردستانیبوونی (كەركوك، دوزخورماتوو، خانەقین و گەرمەسێر بە گشتی، مەخمور، دەشتی نەینەوا، شنگال) بسەلمێنن، یان مەترسی لەسەر پاراستنی ئەو ناسنامەیە دروست دەكات.
-ئەنجامی هەڵبژاردنەكە دەتوانێت كۆتایی بە كێشەی جووتیارانی كورد و توركمانی ناوچەكە بهێنێت، یان دەبێتە هۆی زیاتركردنی گوشار و مەترسییەكان.
ئەنجامی هەڵبژاردنەكان كۆتایی بە بیری توندڕەوی و شۆڤینییەت دێنێت، یان دەبێتە هۆی بەردەوامبوونی ئەو مەترسییە. 
لەم روانگەیەوە ئەم هەڵبژاردنە بەرپرسیارێتییەكی گەورە دەخاتە سەرشانی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، هەروەك بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی دەخاتە سەرشانی هەموو هاووڵاتیانی كورد لە ناوچە دابڕێنراوەكان.
بۆیە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، چ وەكو هێزێكی سیاسی كە هەمیشە خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكان، چ وەكو هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە، نەك هەر هەست بەو بەرپرسیارێتییە دەكات، بەڵكو بە پلانێكی گونجاو خۆی ئامادەكردووە، بۆ ئەوەی بە پشتیوانیی دەنگدەرانی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان ئەو بەرپرسیارێتییە جێبەجێ بكات و بتوانێت زۆرترین دەنگ بە دەست بێنێت و ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ببێتە هۆی كۆتاییهێنان بە هەموو ئەو كێشە و مەترسییانەی كە لەسەرەوە باسمان كردووە. بۆ ئەو مەبەستە، وەكو هەنگاوی سەرەتایی و كردەیی بە هێزەوە دەستمان بە بانگەشەی هەڵبژاردن كرد و دەخوازین  بە دەنگی دەنگدەران و بە ئیرادەیەكی بەرزیشەوە بتوانین بیبەینەوە و بگەینە ئامانجی سەرەكیمان. 

*ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

#هەڵبژاردنی پارێزگاکانی ناوچە دابڕێنراوەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان