گرفتی کۆکردنەوەی پاشەڕۆی ئەلیکترۆنی

10:31 - 2023-11-02
ئابووری
451 جار خوێندراوەتەوە
کارگەیەکی ریسایکلی تایبەت بە پاشەڕۆ ئەلیکترۆنییەکان

فەیسەڵ عەلی



رۆژ لە دوای رۆژ لە چەندین لاوە قەیرانی پاشەڕۆی ئەلیکترۆنی ئاڵۆزتر و قورستر دەبێت، لەگەڵ ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان هەڵمەتێکی گەورەیان بۆ هوشیارکردنەوەی خەڵکی دەست پێکردووە، نەک هەر لەبەر مەترسیی ئەو پاشەڕۆیانە بۆ ژینگە، بەڵکو لەبەرئەوەی ئەو پاشەڕۆیانە کەرەستەی بنچینەیی بۆ پیشەسازیی ئەلیکترۆنییان تێدایە. وێڕای ئەوەش، پاشەڕۆ هەیە مەترسیی لەسەر تەندروستی و ژیانی مرۆڤ دروست دەکات، بە تایبەتی ئەگەر هاتوو بە بێ بەرنامە و هەڕەمەکی فڕێ بدرێن و بە دروستی مامەڵەیان لەگەڵدا نەکرێ.

لەدەستدانی کەرەستەکان
چاوەڕوان دەکرێ لە ساڵانی دهاتوودا، جیهان رووبەرووی کیشەیەکی مەترسیدار بێتەوە، کە پەیوەندیی بە پاشەڕۆی ئەلیکترۆنییەوە هەیە. مونتەدای نێودەوڵەتیی پاشەڕۆی کارەبایی و ئەلیکترۆنییەکان دەڵێ: تەنها لە ساڵی 2022دا 5.3 ملیار مۆبایل فڕێدراوەتە نێو تەنەکەی خوڵەوە، فڕێدرانی ئەو بڕە بێشومارە لە پاشەڕۆی ئەلیکترۆنی، واتە بڕێکی یەکجار زۆری کەرەستەی گرانبەها، کە ناتوانرێ لەو پاشەڕۆیانە بەدەست بهێنرێنەوە، وەک مس و سیم، یان کۆباڵتی ئەو  پاترییانەی کە دەکرێ شەحن بکرێنەوە، هەموو ئەوانەش پیسبوونی ژینگەی بەدوادا دێت.

بەرزبوونەوەی نرخ
گرفتەکە لەوەدایە کە هەڵمەتەکانی هوشیارکردنەوە مەبەستەکانی خۆیان بەباشی نەپێکاوە، ئەمەش قەبارەی پاشەڕۆی زیاتر کردووە، تەنانەت لەو ناوچانەی هەندێک لایەن پارەیەکی رەمزی بەو کەسانە دەدەن کە دەیانەوێ لە کەلوپەلە ئەلیکترۆنییە کۆنەکانیان رزگاریان بێت، پرسی پاشەڕۆی ئەلیکترۆنی دەچێتە نێو کرۆکی ئەو چالاکییە جیهانیانەی کار بۆ وزەی سەوز دەکەن، بە تایبەتیش حکومەتەکانی جیهان خۆیان بە خشتەیەکی زەمەنییەوە پابەند کردووە، تا بە ئاستێکی دیاریکراو پارێزگاری لە کەشوهەوا بکەن. زۆربەی ئەو ئامێرە ئەلیکترۆنییانە کەرەستەی گرنگی تێدا بەکارهێنراوە وەک لیسیۆم و زێڕ و زیو و مس. لەم ساڵانەی دوواییدا، بە ئاستێکی زۆر بەرز خواستیان لەسەر بەرزبۆتەوە، زیاتر لەوەش، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان دووچاری کورتهێنانی بەدەستهێنانی ئەم کەرەستانە بوونەتەوە، ئەوەش وایکرد نرخیان بەرز ببنەوە. لەم دوو ساڵەی دواییدا بەهۆی گرژییەکانی جیهان گەیاندنی ئەو کەرەستانە دووچاری گرفت بوون و کێشەکەی قوڵتر کردووە. لایەنە پەیوەندیدارەکان بەهای ئەو کاڵا ئەلیکترۆنیانەیان بە 10 ملیار دۆلار مەزندە کردووە، کە ساڵانە فڕێ دەدرێن. ئەگەر بتوانرێ دەست بەم کەرستە فڕێدراوانە بگات، ئەوا گوشاری زۆریی خواست لە سەریان کەم دەکات.

پشتیوانیکردنی وزەی سەوز
ئەوەی تێبینی دەکرێ، پرسەکە ئاڵۆزتر دەبێت، کاتێک دەزانین تا ساڵی 2030 بەتەنها خواستی ئەوروپا لەسەر مس شەش هێندە بەرز دەبێتەوە، چونکە راستەوخۆ بۆ وزەی نوێبووەوە و پڕۆژەکانی بۆشایی ئاسمان و پەیوەندی و پیشەسازیی چەک بەکاردەهێنرێت. بە کردەوە دەتوانرێ لە رێی هەڵمەتی هوشیارکردنەوەوە، پانتایی فراوانی فڕێدانی پاشەڕۆ بەرتەسک بکرێتەوە، بەڵام ئەوە هەوڵ و ماندووبوونی زۆری گەرەکە، رەنگە هاندانی داراییشی بوێت، وەک ئەوەی بۆ کۆکردنەوەی مادە پلاستیکی و تەنەکە و کانزاکانیتر دەکرێن، چونکە دەکرێ دووبارە بەگەڕ بخرێنەوە و لە هەمان کاتیشدا ژینگەش دەپارێزێت. بێگومان ئامانجی پشتیوانیکردنی وزەی سەوز لە رێی بزاوتێکی رێکخراوتر بۆ کۆکردنەوەی پاشەڕۆی ئەلیکترۆنی بە گرنگتر و گشتگیرتر دەمێنێتەوە، بە تایەبەتی لە سایەی ئەو بەڵێننامە نێودەوڵەتییانەی لەم بوارەدا ئیمزا کراون.

پاشەڕۆی نەبینراو
بەڵام قەیرانەکە تەنها لە نەگەیشتنی ئەو پاشەڕۆیانە نییە بەو رووبەرانەی بۆیان تەرخان کراون، بەڵکو لە لاوازی توانای دووبارە بە گەڕخستنەوەیانە. بە پێی مونتەدای ئابووریی جیهانی، جیهان ساڵانە  نزیکەی 50 ملیۆن تۆن لەو پاشەڕۆیانە بەرهەم دەهێنێت و تەنها 20 تۆنی دووبارە بەگەڕ دەخرێتەوە. پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2030 قەبارەی پاشەڕۆی ئەلیکترۆنی بگاتە 120 ملیۆن تۆن. بێگومان ناکرێ چاوپۆشی لەو راستییە بکرێت کە پاشەڕۆی نەبینراویش هەیە، ئەمەش هەڵمەتەکانی هوشیارکردنەوە قورستر و ئاڵۆزتر  دەکات. لەسەر ئاستی جیهان بڕی ئەم پاشەڕۆ نەبینراوانە دەگاتە نۆ ملیار تۆن، بێگومان وا چاوەڕوان دەکرێ لە چەند ساڵی داهاتوودا ئەم جۆرە پاشەڕۆیەش بەرزبێتەوە.

سەرچاوەی داهاتێکی گەورەیە
لە کۆتاییدا، ئەم پرسە پەیوەندیی بە لایەنە پەیوەندیدارەکان و تاکەکەسەکانەوە هەیە، بە تایبەتی کە ئەو لایەنانە تا ئێستا توانیویانە %20ی کۆی ئەو پاشەڕۆیانە بەگەڕ بخەنەوە. ئەگەر بە دروستی ئیدارەی ئەم پاشەڕۆ ئەلیکترۆنییە و جۆرەکانی تریش بە دروستی نەدرێت، ئەوا هەموو ئەو هەوڵانەش بۆ پاک راگرتن و پاراستنی ژینگە دەدرێن دەکەوێتەوە ژێر پرسیارەوە، وێڕای ئەوەی دووبارە بە گەڕخستنەوەیان هەنگاوێکی گەورەیە بۆ خاوێن راگرتنی ژینگە، سەرچاوەی داهاتێکی گەورە و رەخساندنی دەرفەتی کاریشە بۆ سەدان هەزار کەس.

#ئابووری

بابەتە پەیوەندیدارەکان