دانیشتوانی عەرەفە نیگەرانن لە بڕیاری چۆڵكردنی خانووەكانیان

10:41 - 2023-11-02
ڕاپۆرت
398 جار خوێندراوەتەوە
گردبوونەوەی دانیشتوانی گەڕەکی عەرەفە لە کەرکوک

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد



لە دوای پڕۆسەی ئازادی عیراقەوە ناوە ناوە هێزە ئەمنی و سەبازییەكانی كۆمپانیای نەوتی باكوور هەڵدەكوتنە سەر گەڕەكە كوردییەكان بەبیانوی زیادەڕۆیی و داگیركردنی خانووی حكومی و دەزگا ئەمنییەكان كێشەوگرفت بۆ دانیشتوانی ئەو گەڕەکانە دروستدەكەن.
چەند رۆژێك لەمەوبەر كۆمپانیای نەوتی باكوور دانیشتوانی كوردی گەڕەكەكانی (عەرەف و ئەلفێندار)یان ئاگادار كردۆتەوە دەبێت خانووەكانیان چۆڵ بكەن، بەبیانوی ئەوەی ئەو خانووانە لە بنەڕەتدا بۆ كارمەندانی كۆمپانیای نەوتی باكوور دروستكراون یان خاوەندارێتی بۆ هێزە سەبازییە عیراقییەكان دەگەڕێتەوە، بۆیە ئێستا بڕیاری چۆڵكردنی زیاتر لە 40 خانوویانداوە کە خێزانی کوردیان تێدا نیشتەجێیە، بۆ ئەو مەبەستەش دانیشتوانی ئەو گەڕەكانە ناڕەزاییان دەربڕی خۆپیشاندانیان كرد و دەڵێن، بەهیچ شێوەیەك خانووەكان چۆڵ ناكەن لەبەرئەوەی پارەیەكی زۆریان تێدا خەرج کردووە.

پارەیەكی زۆرمان خەرجكردووە
عەلی مەحمود دانیشتووی گەڕەكی عەرەفەی شاری كەركوك لەسەر چۆڵكردنی خانووەكەی وتی، چەند جارێكە هێزە ئەمنییەكان هەڵدەكوتنە سەرمان و داوای چۆڵكردنی خانووەكانمان دەكەن بەبیانوی ئەوەی ئێمە داگیرمان كردووە، ئەم خانووانە لە ساڵی 2003ەوە لەلایەن حكومەتی بەعس و كۆمپانیای نەوتی باكوورەوە بەنیوە چڵی دروستكرابوون، كاتێك ئێمەی ئاوارەی كورد گەڕاینەوە شارەكە لەسەر ئەركی خۆمان دووبارە دروستمان كردەوە و پارەیەكی زۆرمان تێدا سەرفكرد، بەڵام ئێستا كۆمپانیای نەوت داوای دەكاتەوە بەبێئەوەی هیچ قەرەبوویەكی مادیمان بكەنەوە.
بەهیە محەمەد دانیشتووی هەمان گەڕەكە و لەسەر دەركردنیان لە خانووەكانیان دەڵێت، چەند جارێك دەبێت بڕیاری چۆڵكردنیان پێڕاگەیاندوین، بەڵام ئێمە بەهیچ شێوەیەك ناتوانین ئەم خانووانە چۆڵ بكەین، چونكە نەدار و دەستكورتین و هیچ توانایەكی مادیمان نییە تابگوازینەوە بۆ شوێنێكی تر، بۆیە داوا لە پەرلەمانتاران و نوێنەرانی كورد و حزبەکان دەکەین بەهانامانەوە بێن و چارەسەرێكی ریشەیی بۆ كێشەكەمان بدۆزنەوە.

پەرلەمانتاران پشتیوانی هاووڵاتیانن
دیلان غەفور پەرلەمانتاری عیراق و نوێنەری كەركوك لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەوڵی ئەوەدایە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق چارەسەرێكی ریشەیی بۆ ئەمجۆرە هەڵكوتانە سەر ماڵە كوردەكان بكەین كە ماوە ماوە رووبەڕوویان دەبێتەوە و لە هەوڵی ئەوەداین لەڕووی مادیشەوە قەرەبوویان بكرێتەوە.
وتیشی، لەدوای رووداوەكانی شانزەی ئۆكتۆبەر هێزە ئەمنییەكانی كەركوك بە فیتی لایەنە سەربازییەكانی بەغدا هەر جارە و كێشەیەك بۆ گەڕەكە كوردییەكان دروست دەكەن، بۆیە ئەگەر بێت‌ و ئەم كێشانە لەگەڵ ناوچەكانی تری عیراق بەراورد بكەین زیادەڕۆییەكی زۆر لەمانە زیاتر كراوە بۆ سەر موڵك و ماڵی دەوڵەت، بەڵام هیچ لێپرسینەوەیەكیان لەگەڵدا نەكراوە، چەقی كێشەكانیان لە كەركوك چڕكردۆتەوە و دەیانەوێت كورد لەم گەڕەكانە پەڕاگەندە بكەن یان خەڵكی كورد لە شارەكە وەدەربنێن و لە جێگەیان عەرەب نیشتەجێ بكەن، بەڵام بەداخەوە زۆر خانووی تر لەناوچە عەرەبییەكان هەیە تاپۆشیان نییە و زیادەڕۆن دەیانەوێت تاپۆیان بۆ دەربكەن، بەڵام لەگەڵ گەڕەكە كوردییەكان بە جۆرێكی تر هەڵسوكەوت دەكەن وەك ئەوەی یاسایەكی تایبەتیان هەبێت و بەبێ ئەوەی رەچاوی شارەكە و مادەی 140 بكەن تا لەو رێگەیەوە بتوانن چارەسەری یاسایی بۆ بدۆزنەوە.

چارەسەر بەپێی مادەی 140
كاكەڕەش سدیق بەرپرسی ئۆفیسی كەركوكی مادەی 140 رایگەیاند، مامەڵەكردن لەگەڵ ئەمجۆرە كێشانە دەبێت لە چوارچێوەی یاساكانی مادەی 140دابن، چونكە كەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكان تایبەتمەندی خۆیان هەیە دەبێت بەشێوەیەكی عادیلانە چارەسەرێكی گونجاو بۆ كێشەكانی خەڵك لەو ناوچانە بدۆزێتەوە.
وتیشی، ئەگەربێت ‌و بەراوردێكی كەركوك و ناوچەكانی تری مادەی 140 بكەین پێویستە هەمان هەڵوێست لەگەڵ پارێزگای نەجەفی خوارووی عیراق بكرێت نەك جیاوازی لە جێبەجێكردنەكاندا روو بدات، بەڵام بەداخەوە چەقی سیاسی رووداوەكان لە كەركوك چڕكراونەتەوە.
سەرچاوەیەك لە كۆمپانیای نەوتی باكوور رایگەیاند، ئێمە وەک ئیدارەی كۆمپانیا لە هەوڵی جێبەجێكردنی كاروباری فەرمانبەرەكانمانداین بەتایبەتی ئەو فەرمانبەرانەی تائێستا سوودمەن نەبوون لە وەرگرتنی خانوو، بۆیە پەنا دەبەینە بەر بەغدا بۆ جێبەجێكردن و ئەوانیش تائێستا بە یاسا كۆنەكان كاردەكەن و لە بەرنامەیاندایە بەپێی بڕیارەكانی پەرلەمانی عیراق ئەو موڵكانە بگەڕێننەوە بۆ سەر كۆمپانیاكەمان، بۆیە ئێمە لایەنی ئیدارین نەك قەرەبووكردنەوە.
وتیشی، پێویستە لەسەر ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كێشەی ئەم موڵكانە یەكلایی بكاتەوە و قەرەبووی مادی ئەو خێزانانە بكاتەوە كە نیشتەجێی ئەو خانووانەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان