فەیسەڵ عەلی
زۆرجار لە هەواڵەکاندا بۆچوونی پسپۆڕانی بواری ژیریی دەستکرد دەبیستین، کە ترسیان لە ئایندەی پەرەسەندنی تەکنۆلۆجیای ژیریی دەستکرد هەیە، بەوەی لە چەندین رووەوە، یەکێکە لە ئاڵۆزترین گرفتەکانی پەیوەست بە مان و نەمانی مرۆڤەوە، لە بەرامبەردا کەسانیش هەن گەشبینن بەم پەرەسەندنە و رایان وایە، ئێمەی مرۆڤ بۆ شرۆڤەکردن و ئەزمونگەری پێویستمان بەم توانا لەڕادەبەرەیە، ئەمەش وەڵامی چەندین پرسیارمان دەداتەوە کە بەهۆیانەوە ئاستی ژیان و گوزەرانمان باشتر دەبێت.
گەشبین بین، یان رەشبین؟
مێژوو چەندین جار سەلماندوویەتی کە مانەوە بۆ ژیرترینەکانە، پرسیاری جدیش ئەوەیە: ئایا ژیریی دەستکرد کە زۆر ژیرە بە سەرماندا زاڵ دەبێت و ئەو دەمێنێتەوە؟ لەگەڵ تۆی خوێنەردا هەوڵی وەڵامدانەی ئەم پرسیارە دەدەین.
ژیریی دەستکرد، وەک پەرەپێدراوێکی تەکنۆلۆجیا سوودێکی یەکجار زۆر بە لایەنەکانی ژیانمان دەگەیەنێت، بەڵام بەکارهێنانی ئێمەی مرۆڤ بۆ ئەم سیستمە، ئەوەمان بۆ دیاری دەکات، ئایا ئێمە گەشبین بین بەو پەرەسەندنانەی پێی گەیشتووین، یان ئەوەی لە داهاتوو پێی دەگەین؟ یان لێی بترسین و دووچاری دڵەڕاوکێ بین و بە خۆمان بڵێین ئێمە لەبەردەم پەرەسەندنێکداین، رۆژێک دێت پەشیمان بینەوە و بڵێین خۆزگە بەم ئاستە نەگەیشتباین؟ لە هەردوو حاڵەتەکەدا، حەقمانە دۆش دامێنین، چونکە ئێمە لەبەردەم گۆڕانێکی ریشەیی مامەڵەکردنی تەکنۆلۆجیا یان کۆمپیوتەرداین لەگەڵ چەمکە مرۆییەکان، بە جۆرێک بەسەر ئێمەی مرۆڤدا زاڵ بێت، لە کاتێکدا ئەوە خۆمانین خاوەنی ئەوین و لەوانیترمان جیادەکاتەوە.
هێشتا لە سەرەتادایە
ئەوەی زانایان و رەنگە خەڵکی ئاسایی وەک ئێمەش لەسەری کۆک بین، ئەوەیە ژیریی دەستکرد جیهانێکە هێشتا لە سەدا یەکی هێز و تواناکانی نەدۆزراوەتەوە، چەند بیهێنینە بەرچاومان یان سیناریۆ بۆ شێوەی ئایندەی بنەخشێنین، ناتوانین وێنە گشتییەکە بخەینە بەرچاو، بە تایبەتی کە خێرایی فێربوونی ئامێر، بە ئاستێک ترسناکە، کە لە شەو و رۆژێکدا بە دەرکەوتنی تەکنۆلۆجیا و تەکنیکی نوێ تووشی شۆک دەبین و تەواوی دیمەنەکە دەگۆڕێت، دەتوانیەی بڵێین: ئەوەی دەبوو لە ماوەی (5 بۆ 10)دا ساڵ رووبدات، دەشێ لە ماوەی(5 بۆ 10)دا رۆژ رووبدات، لەبەرئەوە گرفتە راستەقینەکە ئەوەیە، کە خێرایی و هاوتەریب رۆیشتنی ئێمەی مرۆڤە لەگەڵیدا یەک ناگرنەوە، ئێمە بەراورد بە ژیریی دەستکرد نە ژیرترین و نە ئەو خێراییەیشمان هەیە، چەند ژیریی دەستکرد و داتا و زانیاری و شێوازی بیرکردنەوە و رێگەی گوزەرانمان و هەموو رەفتارەکانی ژیانی رۆژانەمان هەڵلوشێت، ئێمەی مرۆڤ لە بەرامبەریدا دەستەوەستان دەبین و تەنانەت ناتوانین لێیشی بڕوانین، نەک ئێمە بەڵکو ئەو بەڕێوەشمان دەبات.
دوو پرسی جیاواز
بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارەی خرایەڕوو بدەینەوە، دەبێ جیاوازیی لە نێوان دوو پرس بکرێت، نێوان ترس لە ژیریی دەستکرد، وەک ئامرازێک کە لە زۆرێکی کاروباری ژیاندا جێی مرۆڤی گرتۆتەوە و دەگرێتەوە، لە نێوان ژیریی دەستکرد کە هەڕەشە لە بوونی مرۆڤ دەکات. ئەمەش وایکردووە، لێرەو لەوێ دەنگێک بەرز دەبێتەوە و حاڵەتێکی رەشبینی بۆ دژایەتیکردنی ژیریی دەستکرد وێنا دەکات، لە بەرامبەریشدا، کێبڕکێیەکی گەورە لە نێوان کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنۆلۆجیادا بۆ بەرهەمهێنانی ئەوەی ترسناکە هەیە، ئایا کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت، ئایا پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد رابگیرێ، یان بەردەوامیی پێ بدرێت؟ ئەو پرسیارەی بە خەیاڵتدا دێت، تا ئەو کاتەی ترس هەبێت، بۆچی دەبێ بەردەوامی بە پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد بدرێت؟
تازە تێپەڕیوە
لەو راستییانەی دەبێ دەرکی پێبکەین ئەوەیە، کە کاتی راگرتنی پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد کۆتایی هاتووە، ئەوەی لە تواناکانی ژیریی دەستکرد بینراوە و لە پەرەپێدان و ئیدارەدان و بەکارهێنانەکانی دەرفەتی بەدەستهێنانی چەندین ملیار دۆلار قازانجی رەخساندووە، وا دەکات نەک هەر کاروانی پەرەپێدانی بەردەوامی هەبێت، بەڵکو لە ساڵانی داهاتوودا توندتر و خێراتر بێت. قسەکە لێرەدا تەنها لەمەڕ کێبڕکێی نێوان کۆمپانیاکان نییە، تەنانەت کێبڕکێی نێوان دەوڵەتانیشە، بیهێنە بەرچاوی خۆت، ئەگەر فەرمانبەرێکی ئاسایی بتوانێ لە رێی ژیریی دەستکردەوە پەرە بە تواناکانی خۆی بدات و کارەکانی بە شێوەیەکی باشتر جێبەجێ بکات، ئایا لە رۆژانی داهاتوویدا دەستبەرداری ژیریی دەستکرد دەبێت، دەبێ ئەمە بۆ کۆمپانیا و دەوڵەتان چۆن بێت کە بتوانن لە رێیەوە پێگەی ئابووری و سیاسی و سەربازی خۆیان بەهێز بکەن، کە لەم کاروانەشدا هێشتا لە سەرەتادان.
ئێمە لەو زیرەکتر نین
راستە، ژیریی دەستکرد مەترسییە، دەشێ بوونی مرۆڤ بخاتە مەترسییەوە، بە تایبەتیش کە مێژوو زۆر جار سەلماندوویەتی، کە مانەوە بۆ بەهێزەکان نییە بەڵکو بۆ زیرەکەکانە. ئێمە وەک مرۆڤ لە ژیریی دەستکرد زیرەکتر نین، بەڵام ئەوەی تا ئێستا لەومان جیا دەکاتەوە، خۆمان لەگەڵ هەموو داهێنان و پێشکەوتنەکانی تەکنۆلۆجیادا دەگونجێنین و وای لێدەکەین خزمەتی بەرژەوەندیی و پێشهات و ئامانجەکانمان بکات، ئەگەر ژیریی دەستکرد ئەو توانایەی بەدەستهێنا، ئەوکات دەبێ دان بەوەدا بنێین کە هیچ شتێک لەومان جیا ناکاتەوە، ئەوکات رۆژێک دێت کە ژیریی دەستکرد ئامانج و بەرژەوەندییەکانی خۆی دیاری دەکات و کار بۆ دەستەبەرکردنیان دەکات، کۆمەڵگەی مرۆیی دەکەوێتەوە مەترسیی راستەقینەوە، مەترسییەکە تەنها لەوەدا نییە کە مرۆڤ لەناو ببات، بەڵکو دەشێ ژیریی دەستکرد مرۆڤ بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکار بهێنێت.
چارەسەر چییە؟
بە کورتی، ئێمەی مرۆڤ دەبێ گەشبین بین بەوەی ژیریی دەستکرد، چ لە رێی داهێنانە نوێیەکانییەوە، یاخود لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسییە راستەقینانەی هەڕەشە لە ژیانی کۆمەڵگەی مرۆیی دەکات، وەک نەخۆشی و پەتا و مەترسییەکانی ژینگە، تەنانەت مەترسیی جەنگ و ململانێکان تا بە مەترسییەکانی هێرشە ئاسمانییەکانیتر دەگات، یارمەتی باشترکردنی ژیانمان دەدات، بە هەمان ئەو ئاستەش دەبێ رەشبین بین بەرامبەر بەو توانا بێسنوورەی ئەو سیستمە هەیەتی، کە بە خێرایی پەرەدەستێنێت و هۆشیاریی تایبەت بەخۆی دروست دەکات، بە تایبەتی کاتێک مرۆڤ داتا و زانیاریی وردی سەبارەت بە خۆی پێدەدات، چارەسەرەکە ئەوەیە، دەبێ لە پڕۆسەی دۆزینەوەی چوارچێوەیەکی یەکگرتووی جیهانیدا پەلە بکرێت و پەرەسەندنەکانی ژیریی دەستکرد و شێوازی بەکارهێنانەکانی دیاری بکرێت.
لەبەرئەوە دەبێ ژیریی دەستکرد لەیەک کاتدا وەک نیعمەت و نیقمەت لێی بڕوانین، لێرەوە تاقیکردنەوە راستەقینەکەی مرۆڤ دەست پێ دەکات، لە داهاتوودا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە هەستیار و مەترسیدارەدا دەکات؟