سان سه‌نگه‌ر
رۆژانی 1و2/10/2023 له سلێمانی و هه‌ولێر، قۆناغی كۆتایی پاڵه‌وانێتیی شەترەنجی عێراق بۆ كوڕان و كچان بەڕێوە چوون و له کوراندا (حسێن عه‌لی حسێن) و لە کچاندا ( دڵپاك ئیسماعیل كاكه‌خان) بوون بە پاڵه‌وانی عێراق، هەر لەم دوا قۆناغەدا ئه‌و یاریزانانه‌ش دەرکەوتن کە بوونەتە یاریزانانی هه‌ڵبژارده‌ی شه‌تره‌نجی کوڕان و کچانی عێراق.
له كوڕاندا 12 یاریزان له هۆڵی هۆتێل داوا لە سلێمانی به‌شداربوون، (حسێن عەلی و ئاكار عەلی و عەلی لەیس) هه‌ریه‌كه‌یان 7.5 خاڵیان كۆكرده‌وه، دواتر یاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان له نێواندا كرا و (حسێن عه‌لی) بووه پاڵه‌وان و (ئاكار عه‌لی) دووه‌م و (عه‌لی له‌یس) سێیه‌م بوو، هه‌ریه‌كه له (عەلی فیراس) و (موعەزەز زاهیر) پلەكانی چواره‌م و پێنجەمیان بەكۆكردنەوەی (7) خاڵ ده‌سته‌به‌ركرد و بەوەش هەرپێنجیان بوون بە یاریزانانی هەڵبژاردەی عیراق.
له پاڵەوانێتیی كچانیشدا به هه‌مان شێوه 12 یاریزان له هۆڵی یانه‌ی خانزاد بۆ شه‌تره‌نج لە هەولێر ركابه‌رییان له‌سه‌ر نازناوی پاڵه‌وانی عێراق كرد، (دڵپاك ئیسماعیل) به كۆكردنه‌وه‌ی 8 خاڵ بووبه پاڵه‌وان و (سارا مه‌سعود) به 7.5 خاڵ دووه‌م و (سالی عه‌باس) به 7.5 خال سێیه‌م و (كارین كه‌مال) به 7.5 خاڵ چواره‌م و (یه‌مامه عاسف) به 5.5 خاڵ پێنجه‌م بوو، بەوەش هەرپێنجیان بوون بە یاریزانانی هەڵبژاردەی عیراق.
لەنێو ئەو یاریزانانەی هەڵبژاردەی عیراقدا،پێنجیان کوردن، لە کوڕاندا 2 شه‌تره‌نجزان(حسێن عه‌لی و ئاكار عه‌لی) و له کچانیشدا 3 شه‌تره‌نجزان (دڵپاك ئیسماعیل و سارا مه‌سعود و كارین كه‌مال).