قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال، دوێنێ پێشوازیكرد لە وەفدێكی سۆسیال دیموكراتی سوید بە سەرۆكایەتیی تۆرگنی لارشۆن سەرۆكی ئەنجومەنی هەرێمی ئۆریبۆ.
لە كۆبوونەوەیەكدا، گفتوگۆكرا لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و شێوازی ئاڵوگۆڕكردنی ئەزموونەكان و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەو پارتەی سوید، سەرباری تاوتوێكردنی چۆنێتی ئامادەكاری بۆ هەڵمەتێكی هەڵبژاردنی سەركەوتوو لە داهاتوودا.
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: حزبەكەمان سەرقاڵی بەستنی دیداری یەكێتی-یە بۆ دیاریكردنی سیاسەت و دیدگای نوێی كاركردنی خۆی لەپێناوی باشتر خزمەتكردن بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و فەراهەمكردنی ژیانێكی شایستە بۆیان.
لەو بارەیەوە سەرۆكی وەفدی سۆسیال دیموكراتی سوید ستایشی ئەم هەنگاوەی یەكێتی كرد و ئاماژەی بەوەكرد، كە ئامادەن هەموو هاوكارییەك پێشكەشی دۆستانیان بكەن لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.