عیشق لە شاری خەیاڵە قەشەنگەکان- دا

10:58 - 2023-11-07
کەلتور
1065 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد سۆران هەمەوەندی

 

منیش هەروەک تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە ترسێکی گەورەم هەبوو بەرامبەر بە عیشق. ئەمە تاوانی کەسمان نییە، بەڵکو لە بنەڕەتەوە تێڕوانینێکی هەڵەمان هەبووە بەرامبەر بە عیشق, بەڵام لەدوای خوێندنەوەی رۆمانی (شاری خەیاڵە قەشەنگەکان)ی حوسێن قادر، بە تەواوەتی ئەو بیرکردنەوەیەم گۆڕا. نووسەر لەم رۆمانەدا بەراوردکارییەکی زۆر ژیرانە دەکات لە نێوان (عیشق و خۆشەویستی و هاوڕێیەتی). کێشەی هەرە گەورەی ئێمە ئەوەیە ئەم سێیانەمان تێکەڵ کردووە. ئەوەی زۆر سەرنجی راکێشام ئەمە بوو: (ئەگەر عەشق خەونی بەدەستهێنانی جەستەی تێدابوو ئەوە هەر زوو ئەو عەشقە کۆتایی دێت، چونکە عەشق پەیوەندی بە دوو رۆحەوە هەیە، نەک دوو جەستە). دەیەوێت ئەوەمان پێ بڵێت عەشق نەکەینە ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئارەزووەکانمان. منیش لەگەڵ ئەوەدام کە خەریکە پەیکەری عاشق لای ئێمە ناشیرین دەبێت و هیچ ئومێدێک لەعیشقدا نادۆزینەوە. بۆیە پەنامان بردۆتە بەر پڕکردنەوەی حەزەکانمان. 
عیشق دەبێت وامان لێ بکات خەون ببینین، بەو مانایە نا کە بخەوین و بێ ئاگابین لەژیان، بەڵکو ئەو خەونەی کە بێدارمان دەکات و وامان لێدەکات ئارام نەگرین هەتا ئەو کاتەی بە مەعشوق دەگەین. نووسەر ئەوەشمان پێ دەڵێت کە بنەچەی هەموو شتێک هاوڕێیەتییە، بەڵام لە ئێستادا پێچەوانە بووەتەوە لەبەر عیشق دەبینە هاوڕێی یەکتر، بۆیە دەڵێت: (پێمخۆشە مەعشوقەکەم هاوڕێکەم بێت، چونکە ئەگەر نەتوانین چێژ لەهاوڕێیەتی ببینین ئەوا هەرگیز ناتوانین چێژ لە عیشق ببینین). دەبێت عیشق ژیان جوانتر بکات، دەبێت هەمیشە هیوامان هەبێت بە داهاتوویەکی جوانتر. دەبێت ئاوێنەی یەکتری بین و بتوانین مەعشوق ببینین لە چاوی عاشقدا. 
کاتێک لە خۆشەویستی گەیشتین ئەوا دەتوانین لە ژیانیش تێبگەین.
ئێمە هەمیشە هەوڵدەدەین تەنیاییمان پڕ بکەینەوە و لە بێدەنگی رزگارمان بێت، بۆیە دەمانەوێت هاودەمێکمان هەبێت بۆ ئەوەی رزگارمان بکات. بۆیە نووسەر زۆر زیرەکانە دەڵێت: (مرۆڤ ئەگەر عاشق نەبێت موحیبەت تەنیا راکردنێتی لە تەنیایی، ئەگەر شتێکی نەبێت بۆ وتن قسەکردنی بێ هۆی تەنیا راکردنێتی لە بێدەنگی، مرۆڤەکانی ئێستا لەسەردەمێکی وادا دەژین هەمیشە ئارەزووی ئەوە دەکەن کۆمەکی یەکتری بکەن بۆ دەربازبوون لە تەنیایی و بێدەنگی). عیشق دەبێت ئازایەتیمان بداتێ بۆ ئەوەی هیچ بەربەستێک نەبێت بۆ ئەوەی ترسی لەدەستدانمان نەبێ، ئەگەر ترسی لە دەستدانت هەبوو ئەوا عاشق نیت، بەڵام من هەمیشە ترسم هەیە، ترسێک کە گەورەترە لەعیشقەکەم، لەبەر ئەوەی جوانترین خەیاڵی من بووە هەرگیز نەمویستووە بیر لەداهاتوو بکەمەوە بەبێ مەعشوقەکەم. بۆیە نووسەر کەمێک ئەم ترسەی کەمتر کردمەوە کە دەڵێت: (مرۆڤ لەعەشق تێبگات، ئەوە عەشق هەموو ژیانی کامڵ دەکات، ژیانی لێو رێژ دەکات لەخۆشبەختی، کەسێک ئەگەر هەستی کرد عاشق بووە ئیدی بەدوای هیچ شتێکدا نەگەڕێت، چونکە عەشقەکەی هەموو شتێکی پێ دەبەخشێت لەم ژیانەدا، عەشق بۆخۆی هەموو شتێکە، مرۆڤ ئەگەر بوێری ئەوەی هەبێت عاشق بێت ئەوە لە توانایدا هەیە رووبەڕووی هەموو دنیا ببێتەوە). لەدوای ئەوە منیش لەشیعرێکدا دەڵێم: (ئازیزم، دەبیت گرەوی عیشق لەچارەنووس ببینەوە).

#کەلتور

بابەتە پەیوەندیدارەکان