کاندیدەكانی یەكێتی لە خزمەتی كەركوكدان

10:06 - 2023-11-08
ڕاپۆرت
623 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

دوای 18 ساڵ رۆژی 1/11/2023 بانگەشەی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عیراق لە كەركوك وەک هەموو پارێزگاکانی دیکەی عیراق دەستیپێكرد، پێكهاتەكانی شارەكە بەلیستی جیاواز بەشداری تێدا دەكەن بۆ دەسكەوتنی شانزە كورسی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە لە رابردوودا 41 كورسی بوو، بۆ ئەو مەبەستەش لیستی (هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە) بانگەشەی خۆی دەستپێكرد.
پێكهاتەی كورد وەك هەموو پێكهاتەكانی دیكە بەلیستی جیاواز بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا کردووە و لیست و كاندیدەكانی خۆیان دیاریكردووە.
لەم هەڵبژاردنەدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە 30 كاندیدی جیاواز لە ئاستی (رۆشنبیری، ئایینی و كۆمەڵایەتی) كە هەر یەكێكیان پێگەی تایبەتی خۆیان هەیە لە شارەکەدا بەشدارە، هەموو كاندیدەكانی (ی.ن.ك) خەمخۆری کێشەو گرفتەکانی هاووڵاتیانی كەركوكن و لە هەوڵی ئەوەدان بتوانن خزمەت بە هەموو خەڵكی پارێزگاكە بكەن بەبێ جیاوازی.
یەكێتیی بانگەشەی رێبازەكەی دەكات
رێبوار تەها سەرۆكی لیستی ١٤٢ی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە، رایگەیاند، لەم هەڵبژاردنەدا و لەپێناو پاراستنی ناسنامەی كوردانی كەركوك و  دەستدرێژییەكانی بەردەم ئایندەی نەتەوەكەمان دەمانەوێت كۆتایی بە زوڵم و ستەمكاریی لە دژی گەلەكەمان بهێنین، بۆ ئەم مەبەستەش لیستی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك راگەیاندووە.
وتیشی، لە دوای پڕۆسەی ئازادی عیراقەوە ئەمە دووەم جارە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لە كەركوك بکرێت، بۆیە ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنێكی چارەنووسسازە بۆ مانەوەی نەتەوەكەمان، بۆ ئایندەی كچان و كوڕانی شارەكەمان بەتایبەت دوای ئەو دۆخە سیاسیی و ئیداریی و عەسكەرییە نەخوازراوەی بەسەر شارە خۆشەویستەكەماندا سەپێنراوە.
رێبوار تەها سەرۆكی لیستی ١٤٢ی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە باسی لەوەشكرد، كەركوك و نەتەوەی کورد لە بەردەم هەڕەشەی گەورە و هەلومەرجێكی تەواو جیاواز و ساتەوەختێكی هەستیار و یەكلاكەرەوەدایە، بۆیە بانگەوازی نیشتمانیمان رووی لە هەموو كەركوكییەكانە بۆ ئەوەی بە گیانێكی پەرۆش و بەرپرسیارانەوە لە خەمی سەرخستنی لیستەكەی مام جەلالدا بن تاببینە هێزێكی دیموكراتی و كۆتایی بە دۆخی سەپێنراوی كەركوك بهێنین و دۆخەكە بخەینە خزمەتی كەركوك و پێكەوەیی هەموو كەركوكییەكان.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەردەوام لە هەوڵی جێبەجێكردنی رێبازەکەی مام جەلال داین لە كەركوك، هەروەها دەمانەوێت خەڵكی كەركوك سەرچاوەی سەرەكی هەموو دەسەڵاتەكان بن و پێویستە شەرعییەتی دەسەڵات بگەڕێنینەوە بۆ خەڵكی شارەكە.

 

هەڵبژاردنێكی چارەنووسسازە بۆ مانەوەی نەتەوەی کورد دوای ئەو دۆخە سیاسیی و ئیداریی و عەسكەرییە نەخوازراوەی بەسەر  شارەكەدا سەپێنراوە

 

 

چەپكە گوڵەكە دەكەینە بەرجەستەی كارەكانمان
عەبدوڵڵا میروەیس، كاندیدی ژمارە ٩ لەسەر لیستی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە رایگەیاند، ئێمە وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەپێناو ئایندەی کەرکوک هەر لە سەرەتاوە هەوڵماندا لەگەڵ هەموو حزبە كوردستانییەكان بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عیراق بكەین، بەڵام هەندێک حزب رازی نەبوون.
وتیشی، لەم هەڵبژاردنەدا هەوڵدەدەین بە بیركردنەوەیەكی كوردستانییانە لە خزمەت كەركوك و كەركوكییەكاندا بین ‌و هەوڵی ئەوەش دەدەین لە چوارچێوەی رێبازەكەی سەرۆك «مام جەلال»دا بین و لە چوارچێوەی چەپكە گوڵەكەدا جوانی شاری كەركوك بە هەموو پێكهاتەكانییەوە بەرجەستە بكەین بۆ ئەوەی لە خزمەتی هەموو لایەكدا بین، بۆیە وەك لیستی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە هەوڵدەدەین بەرجەستەی هەموو ئەو بانگەشانە بكەین كە باوەڕمان پێیەتی و خزمەت بە هەموو لایەك بگەیەنین.
خەڵكی كەركوك لە ئیدارەی ئێستای كەركوك ناڕازین
پەروین فاتیح جەباری، بە مامۆستا پەروینی ئیشراف ناسراوە، كاندیدی ژمارە ١٢ لەسەر لیستی ١٤٢ی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە رایگەیاند، ئێمە لە هەوڵی ئەوەداین چارەسەری ئەو کێشەوگرفتانە بكەین كە خەڵك پێوە دەناڵێن لەپای ئەو ئیدارەیەی ئێستای كەركوك فەرمانڕەوایی دەكات بەتایبەت لەو یەكە و بەڕێوەبەرانەی ماوەی 18 ساڵە لە پۆستەكانیان ماوەنەتەوە و بەشێكیشیان بە وەكالەت كاروبارەكان بەڕێوەدەبن و دەسەڵاتی رەهایان نییە بۆ جێبەجێكردنی كاروبارەكانی رۆژانە، بۆیە پارێزگاری ئێستای بە وەكالەت پۆستێكی باڵای شارەكەیە و كاروبارەكان بە وەكالەت بەڕێوە دەبات، جگە لەوەش سەربەخۆیانە لە پێناوی لایەنێكدا كار دەكات.
وتیشی، لەم هەڵبژاردنەدا كار لە پێناو بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگاری كەركوك و بەشێك لە پۆست و یەكە ئیدارییەكاندا دەكەین، بۆ ئەوەی داهاتوویەكی پرشنگدار بۆ خەڵكەكە فەراهەم بكەین.
کەرکوک خاوەن كەلتور و شارستانییەتە
ئەندازیار عەبدولجەبار مستەفا باخەوان، كاندیدی ژمارە ١٠، لەسەر لیستی هاوپەیمانیی ١٤٢ی كەركوك هێز و ئیرادەمانە رایگەیاند، ئێمە وەك بەربژێرەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەوڵی ئەوەداین بەرجەستەی ئەو كەلتور و شارستانییە بكەین كە هەموو پێكهاتەكانی كەركوك بەشدارییان تێداكردووە لە پێكەوەژیانێكی راستەقینەدا، بەداخەوە لە ماوەی رابردوودا بەهۆی هەڵنەبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكەوە شیرازەی هەموو پێكهاتەكان تێكچووە و گۆڕانكاری گەورە لە دیمۆگرافیای شارەكەدا روویداوە، بۆیە ئێمە وەكو بەربژێرەكانی یەكێتیی لە هەوڵی گەڕانەوەی ئەو ئارامییەداین بۆ شارەكە.
بڕیارە رۆژی 18ی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركوك و پارێزگاكانی دیكەی عیراق، جگە لە هەرێمی كوردستان بکرێت.

#هەڵبژاردنی پارێزگاکانی ناوچە دابڕێنراوەکان #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان