کورتەچـیرۆک

نه‌متوانی به‌ تۆ بڵێم

10:09 - 2023-11-09
ئەدەب و هونەر
293 جار خوێندراوەتەوە

یون فوسه‌ *

لە فارسییەوە: محەمەد کەریم


لە ژیاندا شتێك هەیە، ناتوانی وازی لێ بهێنیت، لەهەر كاتێكدا، لە ژیانی مندا، ژیانی پیاوێكی بەساڵاچوو، شتێك لە ژیاندا هەیە، من هەمیشە دەیبینم، رەنگدانەوەی رووداوێكە كە سەروەختێ روویداوە، رەنگدانەوەیەكی رۆشنە، هەروەكو دەڵێم، رەنگدانەوەیەكی رۆشنە، كە چۆتە ناو رۆحی منەوە و لەوانەیە لەو رووەوە چووبێتە ناو رۆحی منەوە، چونكە پڕە لە چەمكی ناڕوون، چەند چەمێكێك كە لەوانەیە ئەسڵەن بەو شێوەیە نەبن، لەوانەیە ئەو رەنگدانەوە رۆشنە بەلای هیچ كەسێكەوە مانایەكی نەبێت، جگەلە من. لەبەرامبەر چاوانم چەندین رەنگدانەوەی رۆشنی لەو شێوەیە هەن. كاتێك بەم زووانە مردم، ئەم رەنگدانەوانە لە مندا دیار نامێنن، رەنگدانەوەكان دیار نامێنن، بەڵام ئەمە ترسناك نییە، چونكە پێشان دیار نەمابوون، ئەم رووداوە زۆر پێش ئێستا روویدا، ئەو رەنگدانەوانەی رۆژێ لە رۆژان، لە جێگایەك، لە خاڵی بەیەكگەیشتنی كات و شوێن فۆرمەڵە ببوون، ئەم رەنگدانەوانە ماوەیەكی زۆر پێش ئێستا بوون. ئەو رەنگدانەوانەی ماوەیەكی زۆر پێش ئێستا دیار نەمان. تۆش ماوەیەكی زۆرە، دیار نەماویت. تۆ كە چوویتە ناو رۆحی منەوە، لە چەند رەنگدانەوەی رۆشندا، لە جێگایەك كە من تۆ دەبینم، دەبینم، چی دەكەیت، تۆش ماوەیەكی زۆرە، دیار نەماویت. هەموو شتێك دیار نەماوە. تۆ دیار  نەماوی. ئەو زەمانەی كە هەموو شتێك تیایدا روویداوە، دیار نەما. منیش بەزوویی دیار نامێنم. ژیان ئاوایە. بەڵام بۆ یەكەمجار تۆ دەبینم، دەبینم، كە بە حەوشەی خوێندنگەدا تێپەڕ دەبیت، پاشان لە تەواوی ژیانمدا بینیم، چۆن لە حەوشەی خوێندنگە پیاسەت دەكرد. شتێك لە رێرۆیشتنی تۆدا هەبوو، لە نیگای كەمێك خۆبەزلزانانەتدا، جۆرێك لە خۆباییبوون هەبوو، بەڵام لەهەمانكاتدا وا دەهاتەبەرچاو شەرمنی و حەزدەكەیت ون بیت، من بینیم، چۆن لە حەوشەی خوێندنگە پیاسەت دەكرد، جووڵەكانی تۆ، قژە رەشەكەت، كە ئازاد و رەها بە قەمسەڵەكەتدا هاتبووە خوارەوە. كاتێ بینیم، چۆن لە حەوشەی خوێندنگە پیاسە دەكەیت، شتێك لە ناخی مندا روویدا. نەمدەزانی، چی بوو، ئێستاش نازانم.
ئەمە بە هیچ مانایەك نییە، هیچ مانایەكی نییە، بەڵام ئەم رەنگدانەوە رۆشنانە، وەكو رەنگدانەوەی جووڵەكانی تۆ، كاتێك لە حەوشەی خوێندنگە پیاسەت دەكرد، رێك لەو ئامادەییە، رێك لەو ساڵەدا، رێك لەو بەیانییەدا، لە یەكەم رۆژتدا لە خوێندنگەی تازە، كاتێك لە ناوەڕاستی پایزدا، رێك هەمان ئەو شتەی كە من لە جووڵەكانی تۆدا بینیم، چووە ناو رۆحمەوە، نەك تەنیا لە یادەوەریمدا جێگیر بوو، بەڵكو لە جووڵەكانی خۆشمدا، لە شێوازی جووڵەكانمدا. من بینیم، تۆ چۆن لە كازیوەدا لە حەوشەی خوێندنگەدا پیاسەت دەكرد. مایەی پێكەنینە. تەنیا مایەی پێكەنین. هیچ مانایەكی نییە، بەڵام من لە كۆتایی خەونەكانم نزیك دەكەومەوە و لەوێ تۆ لە بەیانییەكی زووی پایزدا خەریكی لە حەوشەی خوێندنگە پیاسە دەكەیت، من بە رۆشنی ئەوە دەبینم و ئەوە بەلای منەوە بەهادارە و رەنگدانەوەیەكی تر دانیشتنی تۆیە لە شوێنی نانخواردنی نیوەڕۆ لە تەنیشت كەسێكی ترەوە، بەڵام لە هەمانكاتدا تۆ تەنیایت، تۆ لەگەڵ كەسانی تری، بەڵام لەگەڵ خۆتی، تەنیا، تۆ تەنیا لەگەڵ كەسانی تر دانیشتووی، تۆ دانیشتووی، قژت رەشە، تۆ لە گۆشەی دووری مێزەكەوە دانیشتووی، لەو شوێنەی ئاسایی لێی دادەنیشتی، من زۆرجار دەمبینی، چۆن لەوێ دادەنیشی، بەڵام راست ئەو جارەم دێتەوە یاد، كە تۆ دانیشتبوویت، شتێك لە چاوانتا هەیە، كاتێك سەیری سەرەوە دەكەیت، شتێك لە نیگای تۆدایە، ئەو شتەی من هەرگیز تێی نەگەیشتم، شتێكی تیابوو، لە نیگاتدا، كە چووە ناو رۆحمەوە، تێناگەم، چییە، بەڵام تۆ لەوێ دانیشتبوویت و سەیری سەرەوەت دەكرد، تەنیا دانیشتبوویت، نیگات بۆ سەرەوە بوو بۆ ئاسمان، هەموو قسەكانی من دەربارەی نیگات نا واقیعی دەبن، ناكرێ بگوترێت، چۆن سەیرت دەكرد، نیگات پڕ بوو لە هەموو شتێك، لەو رۆژەدا لە شوێنی نانخواردنی نیوەڕۆی خوێندنگە، لە گۆشەی دووری مێزەكە لەو شوێنەی تۆ دانیشتبووی، تەنیا لەگەڵ كەسانی تردا دانیشتبووی،  شتێك لە نیگاتدا هەبوو كە قابیلی تێگەیشتن نەبوو، كە چاوێكی داگرت و ون بوو. رێك لە هەمان شوێندا، رێك لە هەمانكاتدا.
ناتوانم ئەو شتە لە بیر بكەم، كە لە نیگای تۆدا بوو. ئەو شتەی چووە ناو رۆحمەوە. نیگای تۆ بوو لە مندا، لە سەراپای وجودی مندا جێگیر بوو، تێناگەم، بۆچی هیچ كاتێ ناتوانم نیگات لەبیر بكەم. نیگات لە ناخی مندایە، لە قووڵی ناخی مندایە، بووە بە بەشێك لە نیگای خۆم، چونكە كاتێك سەیر دەكەم، لە نیگامدا شتێك لە تۆ هەیە. ئەمە قابیلی تێگەیشتن نییە، هیچ مانایەكی تیا نییە، هیچ مانایەكی نییە. بەڵام ئێستا، كە ژیانی من لە كۆتایی نزیك دەكەوێتەوە، هێشتا هەر هەیە، هەمان ئەو شتەی كە لەو زەمانەوە لە نیگای تۆدا بوو، ئەوە رۆشنتر لە هەموو شتێكی دیكە لە ژیاندا لە یادمدا هەیە. وەكو شتێكی سەیر دەردەكەوێت، لە حەقیقەت ناچێت، چونكە لەناو هەموو ئەو كەسانەی خۆشم دەویستن، ئەوەی لە جووڵەكانی تۆدا هەبوو، جووڵەی بەدەنت لەو بەیانییەی ناوەڕاستی پایزدا، كاتێ هاتیتە ئامادەیی، ئەو شوێنەی من دەرسم لێ دەخوێند، بووە بە تایبەتیترین یادەوەریی ژیانم. هەموو شتێك چەند سەیر و سەمەرەیە. ئەو نیگایەی تۆ سەیرە لە شوێنی نانخواردنی نیوەڕۆی خوێندنگە، لەو شوێنەی لە گۆشەی دووری مێزەكە دانیشتبووی، بەتەنیا لەگەڵ كەسانی تردا و چاوانت و شێوازی نیگات، سەیرە. دڵنیام، ئەگەر ئەوەت بزانیایە، شەرمت دەكرد و ئیتر قسەت لەگەڵ مندا نەدەكرد و ئەمەش زۆر مایەی ئازار دەبوو، زۆر سەخت، چونكە دەمتوانی لە ئاساییترین جووڵەتدا، لە ئاساییترین نیگاتدا ببینم، لە حوزوری مندا چ هەستێكت دەبوو، هەمان شتی شاراوە، ئەو شتەی كە دەبێت دیار نەمێنێت، ئەوە شتێك بوو، كە هەستت پێ دەكرد، ئەگەر پێم بگوتیتایە، جووڵەی بەدەنت لەو بەیانییەدا، یەكەم بەیانی حوزوری تۆ لە ئامادەیی، ئەو بەیانی پایزە، لەبەر رووناكی سارددا، لەبەر با و نەرمە باراندا چ مانایەكی هەبوو. نەتدەتوانی تێبگەیت، نەتدەتوانی لەگەڵ مندا بژیت. ئەگەر پێم دەگوتی، نیگات لە شوێنی نانخواردنی نیوەڕۆی خوێندنگە، لەو شوێنەی بەتەنیا لەگەڵ كەسانی دی دانیشتبووی، كاتێ ئاراستەی نیگا بۆ سەرەوە بوو، چ مانایەكی هەیە، نەتدەتوانی ئاوا بە ئیسراحەت و ئازاد سەیر بكەیت، هەموو ئەو ساڵانەی كە پێكەوە دەژیاین. من لەم بابەتە دڵنیام. هەربۆیە هیچم بەتۆ نەگوت و لەوانەیە تەنیا واهاتبێتە بەرچاوم، كە ئەم مەسەلەیە تۆی رەنجاند. لەوانەیە وا باشتربوایە، پێت بڵێم.
گوێم لێبوو، چۆن هەناسەت هێواش دەبێتەوە، دەكەوێتە ژمارە، دەوەستێت و بۆ ماوەیەكی درێژ دیار نامێنێت، ژیانی بەرەو خراپیتم لە چاوانتدا دەبینی، دوایی هەناسەت دەهاتەوە، پاشان دیسان دیارنەدەما، تیادەچوو، ئەوسا رێك لە هەمانكاتدا بینیم، چۆن نیگات بەچوار دەوری ژوورەكەدا دەخولایەوە و هەمان ئەو شتەی تیا بوو كە لە جووڵەكانتدا بوو، بینیم چۆن نیگات و جووڵەت لە یەككاتدا بوون بە شتێكی نادیار و پاشان ون بوون، بینیم چۆن نیگات بێدەنگ بوو، بۆ دواجار چاوانتم دەبینی. پێڵوەكانتم خستەسەر یەك و گوێم لە دەنگت بوو، ئەو دەنگەی چەندان جار گوێم لێی ببوو، هەر بەو شێوەیە گوێم لێی بوو، كە هەمیشە گوێم لێی دەبێت، هەتا كۆتایی ژیانم، هەتا ئەو كاتەی لەم دنیایە بڕۆم و دەنگی تۆش لەگەڵ مندا بڕوات، گوێم لە دەنگت بوو، نیوەڕۆ بوو، لە كۆبوونەوەیەكدا لە هۆڵی كۆبوونەوەكانی ئامادەیی كەسێك شتێكی لە تۆ پرسی، تۆ هەڵسایت، شتێكت وت، دووبارە دانیشتیتەوە، بیرم نایەت، چ كۆبوونەوەیەك بوو، بیرم نایەت، چیت وت، بەڵام شتێك لە دەنگتدا بوو، وەك ئەوەی دەنگ و بەدەنت بووبن بەیەك، كاتێ هەڵسایت، شتێك لە دەنگتدا بوو، شتێك لەو زەمانەوە هەمیشە لە ناخمدا دەمبیست، نازانم، چیت وت، بیرم نییە، ئەو مەسەلەیە گرنگ نییە، هیچ مانایەكی نییە، بەڵام شتێك لە دەنگی تۆدا لەو كاتەدا، لەو رۆژەدا، لە هۆڵی كۆبوونەوەكانی ئامادەیی، شتێك لە دەنگتدا، كاتێك هەڵسایت، بەو قژە رەشەتەوە، شتێك لە دەنگتدا بوو، كە لەو زەمانەوە هەمیشە دەیبستم، لە جێگایەك لە دەروونی خۆمدا.
هیچ كاتێ بەتۆم نەوت. نەمتوانی بیڵێم. نەمتوانی بڵێم، كە هەموو ئەو شتانەی وتبووت، بەلای منەوە رێك بەهەمان رادە بەهادار بوون، كە رێك لە هەمان رۆژدا لە هۆڵی كۆبوونەوەكانی ئامادەییەكەمان بەدەنگی تۆ رۆحی بە بەردا كرا، كاتێك شتێكت وت، كە بیرم نییە. بینیم، چۆن لە حەوشەی خوێندنگە لەو بەیانییە زووەی پایزدا لەناو كازیوە و سەرمادا پیاسەت دەكرد، شتێكم لە شێوازی جووڵەتدا بینی، كە هەمیشە لەبیرمە، بینیم، چۆن لە گۆشەی دووری مێزی نانخواردنی نیوەڕۆی خوێندنگە دانیشتبوویت، سەیری سەرەوەت دەكرد، شتێكم لە نیگاتدا بینی، كە هەمیشە لەبیرمە و بینیم، كە چۆن رۆژێك هەڵسایت، لە هۆڵی كۆبوونەوەی ئامادەییەكەمان، شتێكم لە دەنگتدا بیست، كە قەت ناتوانم لێی هەڵبێم. ئێستا ئیتر تۆ نەماوی. كاتێ دەمردی، شتێك لە جووڵەتدا هەبوو، لە نیگاتدا، لە دەنگتدا، كە گەرد گەرد چووە ناو وجودمەوە، ژوورەكەی پڕ كرد، لە ئاسمانی رووە و تاریكی ئەودیو پەنجەرەی خەستەخانەكەوە بڵاوبۆوە.
نازانم چی بوو، نازانم چییە. ئەگەر پێم نەوتی، ئەگەر زیندوو بوویتایە، بەلاتەوە قورستر دەبوو، چونكە دەمەویست، بەدەنت رێك بەهەمان شێوە جووڵە بكات، كاتێك لە خەو هەڵدەسایت، تەمەڵ و ماندوو، كاتێ تووڕەبووی، كاتێ خۆشحاڵ، كاتێ جنێوت بە من دەدا و وەكو هیولا بانگت دەكردم، دەمەویست، بەدەنت رێك بەهەمان شێوە بێت، نەمدەویست بە تۆ بڵێم، كە لە مندا رەنگدانەوەی رۆشن هەیە، بەدەربڕینێكی باشتر لە دەروونی مندا، لە مندا هەمان شتە، كە لە بەدەنی تۆدا دەكەوتە جووڵە و بەدەنتی دەخستە جووڵە، كاتێك لە حەوشەی خوێندنگە لەو بەیانییەدا پیاسەت دەكرد، ئەو شتەی لە دەروونی مندایە. نەمدەویست لەگەڵ تۆدا باسی شتێك بكەم. كە لە نیگاتدا دەمبینی. تۆ دەبوو بەهەمان شێوە سەیرت بكردایە، كە دەتەویست، بەبێ بیركردنەوە لەوەی نیگات لە ناخی مندایە، نیگات لە نیگای مندایە. ناتوانم بە تۆ بڵێم و نەمتوانی بە تۆ بڵێم، تا چەند دەنگی تۆ چووە بەناخی مندا، بەڵام دەنگی تۆ نەیدەتوانی ئەوەندە خراپ بێت، هێندەی خراپی ئەو كاتەی كە جنێوت پێدەدام، رۆژ لە دوای رۆژ، بە هیولا بانگت دەكردم و دەتگوت، چەند ترسناكم، دەنگی تۆ دەبوو پەیوەندی بە تۆوە هەبێت. من هیچ كاتێ بە تۆم نەوت، كە دەنگت بەقووڵی لە دەروونی مندایە، ئێستا ئیتر تۆ مردووی. ئێستا ئیتر نیت. ئێستا ئیتر ئەو جووڵانەت، نیگات و دەنگت ئیتر نین. بەڵام هێشتا لە مندان. من ترسم لە مردن نییە.
 
*خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئه‌مساڵ

سه‌رچاوه‌: nebesht.com -you  


بابەتە پەیوەندیدارەکان