سەرۆك كۆمار: دۆزینەوەی رێگاچارەی قەیرانی ئاو

11:28 - 2023-11-09
عیراق
254 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، دوێنێ لە بەغدا لەمیانی پێشوازی لە ڤۆڵكەر پێرێتز یاریدەدەری سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان و سەرۆكی تیمی پێداچوونەوەی ستراتیژی سەربەخۆی نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ یارمەتیدانی عیراق، دووپاتیكردەوە، كە عیراق پێشهاتی ئەرێنی بەخۆوەبینیوە و رەنگدانەوەی هەبووە لەسەر ژیانی گشت عیراقییەكان.
لە دیدارەكەدا باس لە هاریكاریی عیراق و نوێنەرایەتیی نەتەوەیەكگرتووەكان كرا، لەوبارەیەوە سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لە گرنگی پتەوكردنی هاریكاری و پەلەكردن لە چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، بەتایبەتی دۆسێی ئاوارەكان و پشتگیریكردنی دامەزراوەكانی حكومەت لە بواری ئابووری و كۆمەڵایەتی پەیوەست بە هاووڵاتیان.
راشیگەیاند: عیراق پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتان بەتایبەتی دراوسێكانی بەرەوپێشبردووە، هیواشی خواست ئەم وێنە راستەقینەیەی وڵات وەك خۆی بگاتە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جیهان. ئاماژەشی بە قەیرانی ئاو كرد كە رووبەڕووی وڵات بۆتەوە و داوایكرد «نەتەوەیەكگرتووەكان رۆڵی یەكلاكەرەوە بگێڕن بۆ دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ بەدەستهێنانی پشكی دادپەروەرانەی ئاو».
لای خۆیەوە، پێرێتز، كارەكانی نوێنەرایەتییەكەیانی خستەڕوو، تیشكیشی خستەسەر هاریكارییەكانی نێوان دەزگاكانی نەتەوەیەكگرتووەكان و حكومەتی عیراق.

بابەتە پەیوەندیدارەکان