وتەبێژی یەکێتی: سەرۆك بافڵ، بۆ چارەسەری كێشەی مووچە لە بەغدایە

11:30 - 2023-11-09
کوردستان
462 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی یەكێتی، باس لە ئەنجامی كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی دەكات و دەڵێت: «هەموو هێزی خۆمان كۆدەكەینەوە بۆ پشتیوانیكردن لە قەوارەی هەرێم و هەوڵەكان چڕدەكەینەوە بۆ دابینكردنی مووچەی هاووڵاتیان لەكاتی خۆیدا»، ئەوەش دەخاتەڕوو كە «سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، چۆتە بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە».
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی، لەمیانی بەشداری لە بەرنامەیەكی كەناڵی ئاسمانی كوردسات نیوزدا، رایگەیاند: «خەڵك چاوەڕوانی كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی بوون، كە لە كۆبوونەوەكەدا هیچ لایەكمان ئەوەمان رەتنەكردەوە كە كێشەكانی نێوان هەردوو حزب، زیانی بۆ خەڵك و ئامانجەكانی حكومەتی هەرێم هەبووە». وتیشی: «لە كۆبوونەوەكەدا ئەو خاڵانەی هاوبەشن جێگیركران و خاڵە ناكۆكەكانیش لە كۆبوونەوەكانی داهاتوو قسەی لەسەر دەكرێت، هەموو هێزی خۆمان كۆدەكەینەوە بۆ پشتیوانیكردن لە قەوارەی هەرێم و هەوڵ چڕدەكەینەوە بۆ دابینكردنی مووچەی هاووڵاتیان بەتایبەت كە لەكاتی خۆیدا نادرێت، هاوكات كێشەكانی ناو حكومەت پۆلێندەكرێن و هەوڵی چارەسەركردنیان دەدرێت، بەشێكی زۆریش لە كێشەكان دیاریكراون و كاریان لەسەردەكرێت».
وتەبێژی یەكێتی، دەڵێت: «لە كۆبوونەوەی رابردووی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، باس لەوە كرا كار بۆ بەجێگەیاندنی داواكارییەكانی مامۆستایان بكرێت بۆ ئەوەی خوێندكاران نەبنە قوربانی، لەوپێناوەشدا هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین، ئێستاش بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی مووچە لە بەغدایە».
باسی لەوەشكرد كە «لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی دیكە كۆدەبینەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆ و چارەسەری كێشەكانی هەرێم و عیراق، لە كۆبوونەوەكەشماندا لەگەڵ پارتی راسپاردەكانمان پێگەیاندن و پێمانوتوون كە گلەییەكانمان لەسەر چ پرسێكە، هەردوولاش گلەییمان هەبووە و هەردوولاش كۆكبووین لەسەر ئەوەی كە دەبێت كێشەكانمان چارەسەربكەین».

PUKMEDIA

#یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان