د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، لەمیانی پێشكەشكردنی وتاری عیراق لە لووتكەی عەرەبی-ئیسلامی بۆ پشتیوانیكردن لە گەلی فەلەستین، رایگەیاند: داوای هەنگاوی جدی دەكەین بۆ راگرتنی دەستدرێژی و سەركۆنەكردنی هێرش و پێشێلكارییەكان و بەئامانجگرتنی دامەزراوە مەدەنییەكان.
سەرۆك كۆمار، لە وتارەكەیدا لە لووتكەی عەرەبی-ئیسلامی، كە دوێنێ لە ریازی پایتەخت دەستیپێكرد، راشیگەیاند: كارەكانی ئەم لووتكەیە، لە هەلومەرجێكی سەختدا سازدەكرێت. وەك عیراق هەڵوێستی نەگۆڕ دووپاتدەكەینەوە، كە بریتییە لە «بەدیهێنانی خواستەكانی گەلی فەلەستین بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی دادپەروەرانە و دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆی فەلەستین، كە قودسی پیرۆز پایتەختی بێت».
سەرۆك كۆمار، دووپاتیشیكردەوە كە عیراق سیاسەتی تۆڵەسەندنەوە و سزادانی بەكۆمەڵ رەتدەكاتەوە، بە توندیش سەركۆنەی پێشێلكارییە ئاشكراكانی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەكان دەكەین، بەتایبەتی ئەو تاوانانەی كۆمەڵگەكانی نیشتەجێبوون و نەخۆشخانەكان و دامەزراوە مەدەنییەكان دەكەنە ئامانج، كە هەزاران قوربانی لە منداڵ و ژن و بەساڵاچوو، لێكەوتۆتەوە.
لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا، سەرۆك كۆمار، ئەوەی خستەڕوو كە داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكرێت هەنگاوی جدی بنێت بۆ سەركۆنەكردنی هێرشە نەخشەبۆكێشراو و پێشێلكارییە مەترسیدارەكان و بەئامانجگرتنی دامەزراوە مەدەنییەكان لە كەرتی غەزە و راگرتنی دەستبەجێی كردە سەربازییەكان. «بەخێرایی هەنگاوبنرێت تا یارمەتییە مرۆییەكان بگەنە خاكی فەلەستین».