یەكێتی، بڕیارەكانی پێچەوانەی دەستوور لە ناوچە جێناكۆكەكان رەتدەكاتەوە

09:46 - 2023-11-12
کوردستان
413 جار خوێندراوەتەوە

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتیی شۆڕش، هەروەها لیژنەی كاروباری باكوور تایبەت بە زەویوزاری جوتیارانی كورد لە كەركوك رەتدەكاتەوە و لە بەرنامەی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە ژمارە ١٤٢ جەختكراوەتەوە كە «پێویستە هەموو ئەو بڕیارانە هەڵبوەشێنرێنەوە، كە پێچەوانەی بنەماكانی دەستوورن و كێشەیان بۆ جووتیارانی كورد و توركمان دروستكردووە».

بڕیارەكانی لیژنەی كاروباری باكوور كاریان پێناكرێت
كاكەڕەش سدیق لێپرسراوی لیژنەی جێبەجێكردنی مادەی 140 لە كەركوك بە سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIAی راگەیاند: «ئەو جووتیارە كوردانەی بەپێی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 1983 گرێبەستیان كردووە دەتوانن بچن گرێبەستەكانیان نوێبكەنەوە». وتیشی: «بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتیی شۆڕش و لیژنەی كاروباری باكوور، رەتكراونەتەوە و هیچ كارێكیان پێناكرێت».

ئەو بڕیارانەی لە بەرژەوەندیی كورد و توركمان نین رەتدەكرێنەوە
كاندیدانی یەكێتی رێگەنادەن بڕیارەكانی لیژنەی كاروباری باكوور، كاریان پێ بكرێت، كە لە بەرژەوەندیی كورد و توركمانی دانیشتووی كەركوكدا نین.
د.ئەحمەد كەركوكی كاندیدی ژمارە ٢ی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە ژمارە ١٤٢ لە لێدوانێكدا بۆ سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA دەڵێت: «بەدواداچوون و چاودێری بۆ بڕیارەكانی بەڕ‌ێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی كەركوك دەكەین و رێگەنادەین ئەو گرێبەستانە نوێ بكرێنەوە كە بە بڕیاری لیژنەی كاروباری باكوور، نوێكراونەتەوە». وتیشی: «پێشتر سەرۆكی لیژنەی جێبەجێكردنی مادەی 140 بە نووسراوی رەسمی ئاگاداری بەڕ‌ێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی كەركوك و دادگاكانی كردۆتەوە كە نابێت لەكاتی نوێكردنەوەی گرێبەستی زەوییە كشتوكاڵییەكان گرێبەستەكانی لیژنەی كاروباری باكوور نوێبكرێنەوە، چونكە ئەو زەوییانە خاوەنە ر‌استەقینەكانیان كورد و توركمانن».
رۆژی 19/6/2023 هادی عامری سەرۆكی لیژنەی جێبەجێكردنی مادەی 140، نووسراوێكی ئاڕ‌استەی وەزارەتی كشتوكاڵ كردووە و تێیدا هاتووە «بڕ‌یاری ژمارە 29ی ساڵی 2012ی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، هەموو بڕ‌یارەكانی لیژنەی كاروباری باكووری هەڵوەشاندەوە كە تایبەتن بە داگیركردنی زەوییە كشتوكاڵییەكانی كورد و توركمانەكان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم». بەوپێیەش هەموو گرێبەستە كشتوكاڵییەكان، كە لەسەر ئەو بڕ‌یارە كراون، هەڵدەوەشێنەوە و دەگەڕ‌ێنرێنەوە بۆ خاوەنەكانی پێشوویان».

هەمیشە بە هەوڵی یەكێتی كێشەی جووتیارانی كەركوك چارەسەردەكرێت
هەموو كاتێك بە هەوڵی یەكێتی كێشەی جووتیارانی كورد لە كەركوك چارەسەردەكرێت، بۆیە كوردی كەركوك مافی خۆیانە زۆرترین كاندیدی كورد و یەكێتی بنێرنە ئەنجومەنی پارێزگا.
چالاك ئەحمەد كاندیدی ژمارە ١١ی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە، بە سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIAی راگەیاندووە: كێشەی جووتیارانی كەركوك یەكێكە لەو كێشانەی كە ناوبەناو یەخەی جووتیارانی كورد لە پارێزگاكە دەگرێت و بە هەوڵی یەكێتی هەموو جارێك چارەسەر دەكرێت، وتیشی: «دەمانەوێت زۆرترین كاندیدی كورد و یەكێتی بنێرینە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ ئەوەی بە یاسا رێگربین لەو پێشێلكارییەی لە شارەكەدا بەرامبەر كورد دەكرێت».

جێبەجێكردنی مادەی 140 تەواوی كێشەکان چارەسەردەكات
باسی لەوەشكردووە كە «جێبەجێكردنی مادەی 140 تەواوی ئەو كێشانە چارەسەردەكات كە ئەنجومەنی سەركردایەتیی شۆڕ‌شی بەعسی رووخاو لە دژی كورد دەریكردبوون، پارێزگاری شارەكەش لە یەكلاكردنەوەی كێشەكاندا پشتی پێدەبەستێت، بۆیە كوردی كەركوك مافی خۆیانە زۆرترین كاندیدیان بنێرنە ئەنجومەنی پارێزگاكە و كۆتایی بەو پێشێلكاریانە بهێنن، كە بەرامبەر كورد دەكرێت».
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەردەوام بۆ جووتیارانی كورد لە كەركوك، لەهەوڵدا بووە و هەر كاتێك كێشەیەك لەسەر زەویوزاری جووتیارانی شارەكە دروستبووبێت، یەكێتی ئامادەبووە و داكۆكی لێكردوون، ئێستاش بەمەبەستی گەڕانەوەی ماف بۆ خەڵكی ناوچە جێناكۆكەكان، یەكێتی و كاندیدەكانی كاردەكەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتیی شۆڕش و لیژنەی كاروباری باكوور، كە دژ بە كورد و توركمانن لە ناوچە جێناكۆكەكاندا.

PUKMEDIA

#هەڵبژاردنی پارێزگاکانی ناوچە دابڕێنراوەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان