ئەوەی بە سیاسەت ناكرێت، ئەدەب دەیکات

10:27 - 2023-11-12
کەلتور
363 جار خوێندراوەتەوە
ئانا فرانک تابلۆی برایان ئێڵ مۆریس

ئاکۆ کەریم مەعروف


پێشتر لە رۆژنامەی كوردستانی نوێی ژمارە(8997)دا بابەتێكی ئەردەڵان عەبدوڵڵام خوێندەوە لەسەر (ئانا فرانك) كە سەردانی مۆزەخانەكەی كردووە. لە هەمان كاتدا رۆمانی لەناو ماڵەكەی ئانا فرانك مەها حەسەنم دەخوێندەوە کە شێرزاد هەینی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. 
لە چاپە كوردییەكەدا ئەم رۆماننووسە دەڵێت: (ئەوە پەیامی ئەدەبە، چەسپاندنی ئاشتی تاكەكەسیی و ئاشتەوایی و ژیانی هاوبەشی نێوان میللەتان و كەلتورەكانە).
ئەم چەند دێڕە شا خوێنبەری رۆمانەكەیە (لەو خانووەی خێزانەكەی فرانك تێیدا ژیابوون هەر لەوێش لە ترسی هۆڵۆكۆست رادەكەن، منی رۆماننووس پاش تێپەڕبوونی شێست و پێنج ساڵ دەچم لەو ماڵەدا دەژیم، هەر لەوێدا لە هۆكارە شاراوە سەرەكییەكانی هەڵاتنەكەیان تێدەگەم).
خانووەكەی ئانا فرانك (1929- 1945) تێیدا ژیاوە، لەوێ‌ نازییەكان دەیگرن و بەرەو مەرگی دەبەن، خانوویەكی ناودارە و زۆر باسی لێوە كراوە، ئەو خانووە لەساڵی 1960دا وەك موزەخانەیەك لەناو شاری ئەمستردام كراوەتەوە، ساڵانە بە هەزاران كەس سەردانی دەكەن. مەها حەسەن وەك ژنە كوردێكی رۆژئاوا بۆ ماوەی یەك ساڵ لەوێ‌ میوان بووە، لەو ئاوێتەبوونەدا ئەم رۆمانەی نووسیوە، مەها لەوێ لەو خانووەدا لەگەڵ ئان بووە و بە تێكەڵبوونی خەون و خەیاڵ و هەستە شاراوەكان رۆژانە و بیرەوەرییەكانی بە یەكەوە باسی جوو، كورد و هەروەها كێشەكان و شەڕوشۆڕی قوربانییەكان دەكەن.

دەزانیت ژنێكی كورد نووسیوێتی
رۆماننووس مەها حەسەن لە شاری حەلەب لەدایك بووە، سێزدە رۆمانی بە زمانی عەرەبی نووسیوە، دوو رۆمانی كراون بە كوردی دوا بەرهەمی بە زمانی فەرەنسی چاپ و بڵاودەكاتەوە. ئەگەرچی ئەم رۆمانە بە زمانی عەرەبی نووسراوە، بەڵام زوو دەزانیت ژنێكی كورد نووسیوێتی، ژنێك سنوورەكان دەبەزێنێت. ئەمستردام پایتەختی هۆلندییەكان، ئەوان چیرۆكی ئانا فرانك دەزانن، كوردیش چیرۆكی ئەو ژنە نووسەرە جووە دەزانن، دەرچونی رۆمانەكەشم بە زمانی كوردی دەبێتە دانپێدانانێك بە بەشێكی ناسنامە ونبووەكەم كە كوردم و كوردانی رۆژئاوا.
ئەوەی گرنگە نووسینەوەی بیرەوەرییەكانی ئانا فرانكە، موزەخانەیەكی بچووك، بەڵام مێژوویەكی گەورە لە جینۆساید بە ئێمە دەناسێنێت، مۆزەخانە مێژوو بیرەوەرییەكانی بە گەورەیی رووبەر نییە، بەڵكو گێڕانەوەی راستگۆیی لە كارەساتەكان و قوربانییەكانە.

بە راستگۆیی بنووسرێتەوە
 ئێمەش لەو مێژووە بێبەش نین، ئەوەی بەسەر ئێمەشدا هاتووە كەمتر نەبووە لەو كارەساتانەی بەسەر میللەتانی تردا هاتوون، مێژوو ئەوەی سەلماندووە، هەڵدانەوەی لاپەڕەكان بۆ نووسینێكی بەمشێوەیە هەروا كارێكی ئاسان نییە، ئەوەی بۆ من زۆر گرنگە مێژوو، كارەساتەكان لە ژوورێكدا یان لەژێرزەمینێكدا دەنووسرێنەوە، ژوورێك و ژێرزەمینێك كە ناسنامە و شوناسی میللەتێك بە هەموو نەهامەتییەكان بە راستگۆیی بێ ریایی ببێتە مۆزەخانەیەك، لەبیرمە، یان با ئەو پرسیارە بكەین چەندین ماڵ لە خەبات و شۆڕشدا ژێرزەمینەكانیان هاندەری شۆڕش و قوربانی نەبوون، شاعیرانە دەڵێم هەموو چیا و گوندێك ژێرزەمینی خەبات و مانەوە بوون بۆ مێژوو بۆ بەرەنگاربوونەوە بۆ قوربانییەكان، یاخود ئایا نوگرە سەلمان ژێرزەمین و ژوورێكی هێلكەیی بۆ قوربانیانی ئەنفال دەروستنەكراوە، ئانا فرانك بە مانەوەی لەو شوێنەدا مێژووی تۆمار كرد هەموو مێژوویەك بە راستگۆیی بنووسرێتەوە دەبێتە مۆزەخانەیەكی نیشتمانی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان