״تێڕوانین و هەڵوێست״

09:38 - 2023-11-13
عیراق
267 جار خوێندراوەتەوە

«تێڕوانین و هەڵوێست» لە نووسینی د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق بە هەرسێ بەرگی كوردی، عەرەبی و ئینگلیزی، پاش هەوڵ و ماندوبوونێكی زۆر ئێستا ساز و ئامادەیە و لەبەرچاوی خوێنەرانیدایە.
ئەم كتێبە كۆمەڵێك پرس لەخۆدەگرێت، كات و شوێنی رووداوی سیاسی، ئابووری، حزبی و كارگێڕی. لە هەموو ئەم پرسانەدا، تێڕوانین و هەڵوێست لەچوارچێوەی وتار و نامە و ناوەڕۆكی كۆبوونەوەدا خراونەتەڕوو، جەختیش لە كاركردنی پێكەوەیی كراوەتەوە بۆ سەركەوتن بەسەر هەر قەیران و گرفتێكدا كە دێنەپێش.
ئەم كتێبە؛ وەك نووسەر جەختی لەسەر دەكاتەوە، تەنها لەبەر خواست و ویستی بڵاوكردنەوە و بوونی كتێبێك نییە، بەڵكو دەیەوێت ببێتە سەرچاوەیەك بۆ ئەو توێژەر و خوێندكارانەشی، كە لە بواری ئەكادیمیدا توێژینەوە دەكەن، بێگومان سەرچاوەیەكی پڕبایەخیش دەبێت بۆ تێگەیشتن لەو رووداوانەی پەیوەستن بە دۆخی سیاسی، ئابووری، حزبی و ئیداریی جیاواز لەماوەی كاركردنی بێوچانی نووسەردا و رووداوەكانی بە ئەمانەتەوە باسكردووە.
بەڕێز د.لەتیف، لەماوەی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنادا بڕیاردەدات لە كاركردن بەردەوام بێت، دەستدەكات بە كۆكردنەوە و پێداچوونەوە و پۆلێنكردنی ئەم ئەرشیفە، كە بە چەند نموونەیەكی كەم لە بڕێكی زۆر بابەت وەسفی دەكات، ئومێدەواریشە لە كتێبەكانی داهاتوودا وەك ئەم كتێبە كۆیانبكاتەوە و بە هەمانشێوە بیانخاتەوە خزمەت خوێنەران، توێژەران و خوێندكاران.
لەبارەی دۆسێی نەوت و غازی كوردستان و دەرهاویشتەكانی، بەوردی تێڕوانین و هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەم دۆسێ هەستیارە خستۆتەڕوو.
لە بەرگە كوردییەكەی كتێبەكەدا، سەرۆك كۆمار، باس لە خەونی گەلی كوردستان دەكات بەتایبەت لەدوای رووخانی رژێمی بەعس، كە چۆن خواستی ئەوەی هەبوو لە عیراقێكی فیدراڵی دیموكراتی ئازاددا ژیانێكی شایستە بژی، بەڵام رووداوەكانی دوای ئەو مێژووە، رێڕەوی خەونەكەی گۆڕیوە و نەهامەتیی گەلی كوردستان لەڕووی بژێوی و دابینكردنی ژیان و قووتی رۆژانەیەوە، زەحمەتتر بووە.
ئاماژەشی بە ئەرك و بەرپرسیارێتیی حزبی داوە، بەتایبەت لەنێو ریزەكانی ی.ن.ك-دا. تیشكیشی خستۆتەسەر پرسی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار. هەروەها بەشێكی دیكەی كتێبەكە، گەڕانەوەیە بۆ دۆسێ گرنگەكانی هەڵبژاردن، دەرئەنجامەكانی، چۆنێتی كاركردن لەگەڵ لێكەوتەكانی. هەروەك ئەو بابەت، وتار و دیدارە رۆژنامەوانیانەی لە رۆژنامە و گۆڤارەكاندا بڵاویكردوونەتەوە، لە كتێبەكەدا خراونەتەڕوو.
د.لەتیف رەشید، لە جیهانی كاركردنی نێودەوڵەتی و وێستگە جیاجیاكاندا، ئەرك و بەرپرسیارێتی جیاوازی لەئەستۆدا بووە، بەردەوام هەوڵەكانی بە ئاڕاستەی بەهێزكردنی پردی پەیوەندی و دروستكردنی كۆدەنگی بووە بۆ دۆزی رەوای كورد لەنێو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، ئێستاش لە پۆستی سەرۆك كۆماردا درێژەی پێدەدات. ژمارەیەك لەو كارە گرنگ و جەوهەریانەشی بەردەوام بەڕێزیان كاریان لەسەر دەكات بریتیە لە پرسی ئاو، پاراستنی ژینگە، دابینكردنی خۆراك، وزەی پاك و ئابووری لە تەواوی وڵاتدا. بۆ كۆی ئەو پرسانەشی پەیوەستن بە ژیانی هاووڵاتیانەوە، سەرۆك كۆمار؛ قەیران و گرفتەكانی خستۆتەڕوو، شیكردنەوەی بۆ كردوون و رێگەچارەی دیاریكردووە.
خوێندنەوەی هاوكار قادر


# سەرۆك كۆماری عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان