ئادەم سمیس، دامەزرێنەی زانستی ئابووری

09:41 - 2023-11-13
ئابووری
766 جار خوێندراوەتەوە

فەیسەڵ عەلی


ئادەم سمیس (Adam Smith)، فەیلەسوف و ئابووریناسی لیبراڵ، بە دامەزرێنەری زانستی ئابووریی سیاسی دادەنرێت، لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا (سامانی نەتەوەکان) کە ساڵی 1776 بڵاویکردەوە، پرەنسیپە سەرەتاییەکانی زانستی ئابووری دادەڕێژێت، ئەم زانستە لەسەر بنچینەی تێڕوانین و هزر و تیۆرییەکەی (قوتابخانەی کلاسیکی) دامەزرا.
سمیس لە پێنجی حوزەیرانی 1723دا لە کیرکاڵدی کە شارێکی بچووکی سکۆتلەندەیە لە دایک بوو، بەر لە لەدایکبوونی بە دوو مانگ، باوکی دەمرێ و (مارگرێت دۆگلاس)ی دایکی، خۆی بۆ پەروەردەکردنی تەرخان دەکات و ناوی باوکی لێدەنێت.
خوێندنی بەر لە زانکۆی لە قوتابخانەی شارەکەی تەواو کرد، لە نێو مامۆستا و هاوڕێکانیدا بە خاوەن مێشکێکی بەهێز ناسرا بوو، خولیای ماتماتیک و فەلسەفە بوو، بەردەوام مژوڵی خوێندنەوە بوو. ساڵی 1737 و لە تەمەنی 14 ساڵیدا بۆ درێژەدان بە خوێندن چووە زانکۆ ناودارەکەی شاری گلاسکۆ، بۆ ماوەی سێ ساڵ لەو زانکۆیە خوێندی و دواتر بە پشتیوانی دارایی دامەزراوەی (سنیل)ی گلاسکۆ رووی کردە زانکۆی ئۆکسفۆرد، لەوێ لە (کۆلیجی بالیۆل)ی سەر بەو زانکۆیە لە ماوەی نێوان 1740 بۆ 1746 درێژەی بە خوێندن دا.

دەرفەتی بۆ رەخسا
ساڵانی خوێندنی لە زانکۆی گلاسکۆ کاریگەریی گەورەی لەسەر هزر و ژیانی ئادەم سمیس هەبوو، لەوێ دەرفەتی خوێندنی ئاین و ئەخلاق و سیاسەتی لەسەر دەستی مامۆستاکەی (فرانسیس هاچیسۆن) بۆ رەخسا، کە فەیلەسوفی ئەخلاق بوو، توانایەکی بەرزی لە قایلکردن و کارکردنە سەر خوێندکارانی هەبوو.
سمیس لەو ئەزمونەی بە خولیا و ئارەزووی بۆ زانستە ئەخلاقی و سیاسییەکان هاتە دەرەوە، بڕوای تەواوی بەوە هەبوو کە فەلسەفە مەعریفەی تەواوی پێدەبەخشێت، لەپاڵ پشتبەستن بە میتۆدی زانستی بۆ توێژینەوە، وێرای ئەوەی هۆشی مرۆڤ لەمەڕ گرنگیی ئازادیی مرۆڤ و کۆمەڵگەی دەکاتەوە.
خوێندنەوەی بۆ فەیلەسوفەکان و دیداری لەگەڵ هەندێکیان لە جنێڤ و پاریس و هاوڕێیەتی لەگەڵ (دەیڤد هیوم)، وای لە سمیس کرد پەیڕەوی بەها و فەلسەفەی لیبڕاڵی بکات، هەروەها لە کاتی مانەوەیدا لە پاریس کەوتە ژێر کاریگەریی ئابووریناسە فرەنساییەکانی وەک فرانسوا کینی و تۆرگۆ، گفتوگۆ بەردەوامەکانی لەگەڵیان، هانیدا بایەخ بە کاروباری ئابووری بدات، ئەمەش وایکرد بەرەو توێژینەوە و نووسین لەو بوارە هزرییەدا هەنگاو بنێت.

خۆی بۆ نووسین تەرخانکرد
سمیس دوای گەڕانەوەی بۆ زێدی خۆی، لە ئەدەنبرە زنجیرەیەک وانەی لەمەڕ ئەدەب و فەلسەفەی یاسا گوتەوە، وانەکانی سەرکەوتنێکی گەورەیان تۆمار کرد و جێی رەزامەندیی خەڵکی بوون، بەمەش لە هەموو ناوچەکانی سکۆتلەندا ناوبانگی دەرکرد و رێگەی  چوونە نێو زانکۆی بۆ خۆش کرد.
ساڵی 1751 و لە تەمەنی 27 ساڵیدا، وەک مامۆستای لۆجیک لە زانکۆی گلاسکۆ دەستی بە کارکردن کرد، دوای ساڵێک وەک مامۆستای فەلسەفەی ئەخلاق لە هەمان زانکۆ درێژەی بە وانە وتنەوە دا و تا ساڵی 1764 لەو زانکۆیە مایەوە. لە هەمان ساڵدا وەک رێنوێنیکار و هاوڕێی دۆکێکی گەنج بە ناوی (هێنری سکۆت) لە شاری باکلۆ دیاری کرا و گەشتێکی سێ ساڵەی لەگەڵدا کرد بۆ ناوچە جیاوازەکانی ئەوروپا، پاشان گەڕایەوە بۆ وڵاتەکەی ، خۆی بۆ نووسین تەرخانکرد. لە ساڵی 1778دا کاری ئەفسەری گومرگی بە مووچەیەکی باش دەستکەوت، پاشان لە ساڵی 1787دا بە راگری زانکۆی گلاسکۆ هەڵبژێردرا.
سمیس بووە ئەندامی چەندین یانەی ئەدەبی و سیاسی، لەناو ئەو یانانەدا بانگەشەی بۆ هزری لیبڕاڵی لەمەڕ بازرگانیی ئازاد دەکرد، لە ساڵی 1787دا بە بەشداری دەیڤد هیۆم کۆمەڵەی ئەدەنبرەی بۆ گەشەپێدانی هونەر و زانست و کشتوکاڵ و پیشەسازیی سکۆتلەندەی دامەزراند.

گرنگترین پرسیاری سەردەم
سمیس سەرەتا لە فەلسەفەی ئەخلاقی نووسی و دواتر لە زانستی ئابووریی سیاسی، لە هەردووکیاندا وەک بیرمەند و نووسەر داهێنانی کرد، بەشدارییە هزرییەکانی لە مەیدانی ئابووریدا کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هاوسەردەمانی و ئەوانەی دوای ئەویش هاتن دانا.
سالی 1759 لە تەمەنی 35دا ساڵیدا، یەکەمین کتێبی بەناوی (تیۆریی هەستی ئەخلاقی) بڵاوکردەوە، ئەو کتێبە کورتکراوەی هەموو ئەو وانانەی بوو کە بە درێژایی وتنەوەی فەلسەفەی ئەخلاق لە زانکۆی گلاسکۆ وتبوونییەوە، گوزارشتی لە تێڕوانینە فەلسەفییەکانی لەمەڕ سروشتی مرۆڤ و کۆمەڵگە و ئەخلاقی ئەو قۆناغە دەکرد.
لەو کتێبەیدا، خۆی بۆ پرسیارێک تەرخان کرد، کە زۆری فەیلەسوفەکانی پێش ئەو، لەوانەش مامۆستاکەی (هاچیسۆن)، پێوەی سەرقاڵبوون، پرسیارەکەش دەڵێ: تواناکانمان لەمەڕ دەرچواندنی حوکمە ئەخلاقییەکان سەبارەت بە رەفتارەکانمان و رەفتارەکانی ئەوانیتر لە کوێوە سەرچاوە دەگرن؟

کتێبەکەی دەنگی دایەوە
دوای ئەوە بە چەند ساڵێک دەستی بە نووسینی گرنگترین کتێبی ئابووریی سەدەی 18 کرد، ئەویش کتێبی (توێژینەوە لە سروشت و هۆکاری سامانی نەتەوەکان) بوو، کە دواتر بە (سامانی نەتەوەکان) ناسرا، لە ئاداری 1776دا لە لەندەن بڵاوکرایەوە، کە چەندین ساڵی تەمەنی بۆ تەرخان کردبوو.
ئەم کتێبەی دەنگدانەوەیەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا چەند جارێک چاپکرایەوە و بۆ چەندین زمان وەرگێڕدرا، ئەم کتێبەی کاریگەرییەکی دیاری لەسەر ئاراستەکردنی سیاسەتی ئابووریی ئینگلتەرا هەبوو، لەسەر بنچینەی پرەنسیپەکانی ئەم کتێبە رێککەوتنامەی بازرگانیی نێوان ئینگلتەرا و فرەنسا ئیمزا کرا، هەروەها بۆچوونەکانی لە داڕشتنی بودجەی گشتیی دەوڵەت و چاکسازیی سیستمی باج پەیڕەو کرا.
ئادەم سمیس لەم کتێبەیدا، یەکەمین بنچینەی زانستی ئابووریی سیاسی نەخشاند، لەمەشدا پشتی بە میتۆدی زانستی بەست، ئەوەش وایکرد ئابووری بکاتە زانستێک لە زانستەکان. سمیس لەو کتێبەیدا گریمانە بنچینەییەکانی راڤەی ئابووریی لیبڕاڵی داڕشت، کە بریتین لە: 
بەرژەوەندیی کەسی هاندەری خەڵکییە و جیهانیش بەڕێوە دەبات.
بازاڕ بەرژەوەندییە خودپەرستییەکانی تاکەکەسەکان بۆ بەرژەوەندیی کۆمەڵ دەبات.
کێبڕکێ سەرکەوتووانە دەتوانێ رۆڵی رێکخستن بگێڕێت.
میکانیزمی نرخ، بازاڕ بەرەو هاوسەنگیی دەبات.
دابەشکردنی کار و پسپۆڕی سەرچاوەی کارایی بەرهەمدارین.
ئاڵوگۆڕ توانای باشکردنی رەوشی هەموانی هەیە.

دابڕان لە هزری باو
سمیس تیۆرییە بەناوبانگەکەی لەمەڕ (دەستی نادیار) کە دەڵێ: بازاڕ توانای گونجاندنی نێوان بەرژەوەندییە خودپەرستییە نەگونجاوەکانی تاکەکەسەکانی هەیە، لە کۆتاییشدا بەرەو دەستەبەرکردنی بەرژەوەندیی هەموان دەیبات، وەک ئەوەی دەستێک لە پشتەوە خەڵکی بەرەو سیستم لەبری فەوزا بەڕێ بکات.
ئەو هزرە ئابوورییانەی کە لە کتێبەکەیدا دایڕشتبوو، دابڕان بوو لەگەڵ هزری باوی (مارکەنتیلی) پێش خۆی، کە رایان وابوو، سامان لە کەڵەکردنی کانزا گرانبەهاکانی وەک زێڕ و زیودایە، ئەمەش بە هاندانی هەناردە و کەمکردنەوەی هاوردە دەستەبەر دەکرێت، یان فیزیوکراتەکان کە زەوییان بە سەرچاوەی سەرەکی سامان دەزانی.
سمیس پێچەوانەی ئەوانەی پێش خۆی، بڕوای وابوو، کە کاری بەرهەمهێنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان، پێوەری راستەقینەی سامانی نەتەوەکانە، داوای کرد هەر دەوڵەتە لە بەرهەمهێنانی ئەو کاڵایەدا پسپۆڕی وەربگرێ، کە دەتوانێ بە کەمترین تێچوون بەراورد بە دەوڵەتانیتر بەرهەمی بهێنێت و کاڵاکانیتر هاوردە بکات، تا قەبارەی کاڵای بەرهەمهێنراو لە جیهاندا زیاد ببێت و خۆشگوزەرانی بۆ هەموان دەستەبەر ببێت. بەمەش بناغەی بۆ پشتبەستنی نەتەوەکان بە پرەنسیپی بازرگانیی ئازاد داڕشت، ئەمەش پێچەوانەی ئەو خۆپارێزییە بوو کە مارکەنتیلییەکان پشتیوانیان لێدەکرد.

درێژەیان بە رێگاکەی دا
سمیس بە بیروبۆچوونەکانی زەمینەی دەرکەوتنی قوتابخانەی کلاسیکی لە ئابووریدا رەخساند، (کار بناغەی بەها و سەرچاوەی سامانە)، بواریشی بۆ کۆمەڵێک ئابووریناسی دیاری وەک (دەیڤد ریکاردۆ، جۆن ستیوارت مێل، جۆن پاتێست سای و ..هتد) رەخساند، کە درێژەیان بە رێگاکەی دا و لەو هزرەی سمیس بەجێی هێشت هزری خۆیان پەرەپێدا.
سمیس، ئەم سێ کتێبەی بڵاوکردۆتەوە، یەکەمیان (تیۆریی هەستی ئەخلاقی) ساڵی 1759، دووەمیان ( گوتاری فەلسەفی) ساڵی 1785، سێیەمیشیان، کتێبە بەناوبانگەکەیتی (سامانی نەتەوەکان) ساڵی 1776.
ئادەم سمیس لە 17 تەموزی 1790دا و لە تەمەنی 67 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و لە ئەدنبەرە بە خاک سپێردرا.

#ئابووری

بابەتە پەیوەندیدارەکان