״یەكێتی هەمیشە ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا״

10:11 - 2023-11-15
کوردستان
362 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ لە سلێمانی، وەفدێكی مەكتەبی رێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەردانی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی كرد و تاوتوێی چەند پرسێكیان كرد.
جەزا سەید مەجید ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا، پرسی بەهێزكردنی پەیوەندییەكان، بژێویی ژیانی فەرمانبەران و مامۆستایان و بایكۆتكردنی دەوام و پڕۆسەی خوێندن، تاوتوێكرا.
هەر لەبارەی كۆبوونەوەكەوە، سالار سەرحەد خەلیفە لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییە كوردستانییەكانی یەكێتی، رایگەیاند: كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ پارتی بەردەوام دەبێت و لەداهاتوودا سەردانی سەرجەم لایەنەكانی دیكەش دەكەین. سەبارەت بە پڕۆسەی هەڵبژاردنیش وتی: «یەكێتی لەگەڵ پڕۆسەی هەڵبژاردندایە لەكاتی خۆیدا و پابەندی رێنماییەكانی كۆمسیۆنە و هەمیشە ئامادەییشمان بۆ هەڵبژاردن نیشانداوە».
هەر لە كۆنگرەكەدا، عەلی حسێن بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی پارتی (سلێمانی- هەڵەبجە) رایگەیاند: «توندوتۆڵكردنی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی بە گرنگ دەزانین و بۆ ئەوەش سەردانی مەڵبەندی سلێمانیمان كرد، دۆخەكەش لێمان دەخوازێت برایەتی و ئاشتی لە نێوانماندا پەرەپێبدەین».

#هەڵبژاردنی پارێزگاکانی ناوچە دابڕێنراوەکان #هەڵبژاردن

بابەتە پەیوەندیدارەکان