قوباد تاڵە‌بانی: بە‌هێزبوونی دە‌سە‌ڵاتی دادوە‌ری

11:10 - 2022-03-17
کوردستان
885 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران، دوێنێ، سە‌ردانی ئە‌نجومە‌نی دادوە‌ری كرد و لە‌لایە‌ن دادوەر عەبدولجەبار عەزیز سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان پێشوازی لێكرا.

لە كۆبوونە‌وە‌كە‌دا كە‌ سە‌رۆكی دیوان و سكرتێری ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران و جێگرانی سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری و ئەندامانی دادگای پێداچوونەوە ئامادە‌بوون، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری كرد لە ئەرك و بەرپرسیارێتیی نوێیدا و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە كارەكانیدا و رایگەیاند: دەسەڵاتی دادوەری كۆڵەكەیەكی بنەڕەتیی پێشكەوتن و بەهێزبوونی وڵاتانە، بە‌هێزبوونی دە‌سە‌ڵاتی دادوە‌ری واتە‌ بە‌هێزبوونی هە‌موو دامودە‌زگاكانی هە‌رێم.

لای خۆیەوە، سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری، رایگەیاند: دەسەڵاتی دادوەری وەك دەسەڵاتێكی سەربەخۆ و لەسەر بنەمای جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان كاردەكات، بەڵام لە هەمان كاتیشدا هەماهەنگی و پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ دەسەڵاتەكانی دیكەدا هەیە، راشیگەیاند: بەردەوامیدان بەم جۆرە سەردانانە دەبێتەهۆی بەهێزكردنی هەماهەنگی و پەیوەندییەكان، بەتایبەتی كە لە زۆر بواردا دەسەڵاتەكان پە‌یوە‌ستن بە یەكترییە‌وە‌ و پێویستە بناغەی ئەو نزیكی و هەماهەنگییەش دوور لە دەستێوەردان و لە چوارچێوەی چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكاندابن.

گرنگیی كردنە‌وە‌ی دادگای تێهە‌ڵچوونەوە‌ی ناوچە‌ی هە‌ڵە‌بجە‌، تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكان بوو، لەوبارەیەوە قوباد تاڵە‌بانی، ئامادە‌بوونی حكومە‌تی نیشاندا لە‌پێناوی كاركردن بۆ كردنە‌وە‌ی ئە‌و دادگایە.

تەوەرێكی دیكەی كۆبوونە‌وە‌كە‌‌، پرسی بەئەلیكترۆنیكردنی دامودەزگاكانی حكومە‌تی هەرێم بوو، جە‌ختكرایەوە «پێویستە دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان هەنگاوی جددی و پراكتیكی بۆ ئەو بابەتە بنێن كە ئامانج لێی خزمەت و شەفافیەتی زیاتر و كەمكردنەوەی قەرەباڵغی و رۆتینی نێو دامودەزگاكانە».

#قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان