״كاری بەپەلە بكرێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان״

10:45 - 2023-11-16
عیراق
235 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، دوێنێ لە بەغدا، پێشوازی لە موحسین مەندەلاوی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق كرد.
لە دیدارێكدا، سەرۆك كۆمار باسی لەو پێشهاتانە كرد، كە وڵات بەخۆیەوە دەبینێت، بەتایبەتی لەڕووی سەقامگیریی ئەمنییەوە، ئاماژەی بەوەشكرد كە حكومەت بە جدی كاردەكات بۆ بەهێزكردنی دۆخی ئابووری و باشتركردنی بارودۆخی ژیان و دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان.
گرنگیی چارەسەركردنی پرسی ئاوارەكان و كاری جدی و بەپەلە بۆ گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو، لەوبارەیەشەوە ئاماژە بە گرنگی كاری رێكخراو و ئاژانسە نێودەوڵەتییەكان درا شانبەشانی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و فەرمانگە پسپۆڕەكانی حكومەت.
سەبارەت بە هەماهەنگیی نێوان سەرۆكایەتیی كۆمار و ئەنجومەنی نوێنەران، بەتایبەتی لەبارەی رەشنووسی ئەو یاسایانەی پێشكەش بە ئەنجومەن دەكرێن، جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران دووپاتیكردەوە كە ئەنجومەنی نوێنەران لە رێگەی لیژنەكانییەوە لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبێت لەگەڵ سەرۆكایەتیی كۆمار بەمەبەستی پەسندكردنی یاساكانی پەیوەست بە پێویستیی هاووڵاتیان.
لای خۆیەوە، خاتوو جینین پلاسخارت، روونكردنەوەی سەبارەت بە چالاكی و بەرنامەكانی ئاژانسەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عیراق  تایبەت بە ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، خستەڕوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان