كەرنەڤاڵی ناساندنی كاندیدانی هاوپەیمانیی اتحاد اهل نینوی

10:50 - 2023-11-16
کوردستان
443 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ، لە كەرنەڤاڵێكی جەماوەریدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كاندیدانی هاوپەیمانیی یەكێتی خەڵكی نەینەوا (اتحاد اهل نینوی)، ناسێنران.
سەرەتای كەرنەڤاڵەكە بە سروودی نیشتمانیی عیراق و كوردستان دەستیپێكرد. پاشان سەرجەم كاندیدەكان هاتنە سەر ستەیج و خۆیان ناساند و داوایان لە خەڵكی نەینەوا كرد متمانەیان پێببەخشن.
لە بەشێكی دیكەی كەرنەڤاڵەكەدا، ئاراس محەمەد ئاغا سەرۆكی هاوپەیمانیی (اتحاد اهل نینوی) وتاری هاوپەیمانییەكەی خوێندەوە و رایگەیاند: «هاوپەیمانییەكەمان هەوڵ بۆ بەرجەستەكردنی رۆحی یەكڕیزیی نیشتمانی و پێكەوەژیانی هاووڵاتیانی نەینەوا بەبێ جیاوازی ئایینی، مەزهەبی و نەتەوەیی دەدات و كار بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكانی پارێزگای نەینەوا بۆ زێدی خۆیان دەكات». راشیگەیاند: «كاردەكەین بۆ دابەشكردنی پۆستە كارگێڕییەكان بەشێوەیەكی دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە و ژمارەی كورسییەكان و دەستەبەركردنی پێداویستییە كارگێڕییەكانی ئیدارە خۆجێییەكانی پارێزگای نەینەوا».
هەر لە كەرنەڤاڵەكەدا، دڵدار عەبدوڵڵا زێباری سەرۆكی لیستی (اتحاد اهل نینوی) وتاری لیستەكەی پێشكەشكرد و رایگەیاند: «عیراق لەبەردەم گۆڕانكارییەكی سیاسی و دیموكراسی گەورەدایە، كە ببێتە مایەی باشتركردنی ژیانی خەڵك، لەو روانگەیەشەوە لیستەكەمان هەوڵەكانی چڕدەكاتەوە بۆئەوەی زۆرترین كاندیدی بنێرێتە ئەنجومەنی پارێزگاكە بۆ خزمەتكردنی خەڵكی نەینەوا، بەڵێنیش دەدەین لیستەكەمان پشتوپەنای پێكهاتەكانی خەڵكی نەینەوا بێت و كار بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بكەین، بۆیە گرنگە لەم هەڵبژاردنەدا خەڵكی نەینەوا دەنگ بە كاندیدەكانی (اتحاد اهل نینوی) بدەن، كە سەرجەمیان لە ئاست ئەو متمانەیەی ئێوەدا دەبن و ئامادەن خزمەتتان بكەن».
(اتحاد اهل نینوی)، 52 كاندید لەخۆدەگرێت. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە نەینەوا، لەگەڵ (حزب الرفعة الوطني) هاوپەیمانی بەناوی هاوپەیمانیی (اتحاد اهل نینوی) هەیە بە ژمارە ١٣٤.
كەرنەڤاڵی ناساندنی كاندیدانی هاوپەیمانیی (اتحاد اهل نینوی)، یەكەم هەنگاوی بانگەشەیە و لە رۆژانی داهاتووشدا بانگەشەی هاوپەیمانییەكە بۆ كاندیدەكان چڕتر دەكرێنەوە.

PUKMEDIA

#هەڵبژاردنی پارێزگاکانی ناوچە دابڕێنراوەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان