نەتەوە یەكگرتووەكان: ژمارەی ئاوارەكانی جیهان 100 ملیۆن كەسی تێپەڕاندووە

09:25 - 2022-05-24
جیهان
359 جار خوێندراوەتەوە

رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان (UN) هۆشداریی دەدات لە زۆربوونی ژمارەی ئاوارەكان لەسەر ئاستی جیهان ‌و رایدەگەیەنێت، كە بەهۆی جەنگی نێوان روسیا ‌و  ئۆكرانیاوە، ژمارەكە 100 ملیۆن كەسی تێپەڕاندووە، ئەوەش یەكەمجارە بگاتە ئەو ژمارە پێوانەییە.
ئاماژەی بەوەشداوە: لە كۆتایی ساڵی 2021 دا بەهۆی توندوتیژی لە وڵاتانی وەك بوركینافاسۆ، میانمار، نایجیریا، ئەفغانستان و كۆماری كۆنگۆی دیموكرات، 90 ملیۆن كەس ئاوارەبوون، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی شەڕی نێوان روسیا و ئۆكرانیاوە، هەشت ملیۆن كەس لەناوخۆی وڵاتەكەیاندا ئاوارەبوون و شەش ملیۆن كەسی دیكەش بۆ وڵاتانی دیكە هەڵاتوون.
فیلیپۆ گراندنی بەڕێوەبەری كاروباری ئاوارەكان لە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاندووە: بۆ یەكەمجارە ژمارەی ئاوارەكانی جیهان لە 100 ملیۆن كەس تێبپەڕێت و هۆكارەشی بۆ جەنگ ‌و توندوتیژی گەڕاندەوە. وتیشی: پێویستە ئەو ژمارەیە ببێتە راچەنینێك بۆ چارەسەری ململانێ وێرانكارەكان ‌و كۆتاییهێنان بە چەوساندنەوە ‌و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ ‌و زۆری دیكە لە ململانێ خوێناوییەكان.

 روونیشیكردۆتەوە: وەڵامی نێودەڵەتی دەربارەی ئاوارەكانی ئۆكرانیا زۆر ئیجابییە ‌و پێویستیشە لە بەرامبەر هەموو تەنگژەكانی دیكەی جیهان بەوجۆرە بێت. وتیشی: هاوكارییە مرۆییەكان وەك ئارامكەرەوەن نەك چارەسەر، بۆیە پێویستە هەوڵەكان بە ئاراستەی فەراهەمكردنی ئاشتی ‌و سەقامگیری بن، بۆ ئەوەی خەڵك ناچار نەبێت لە نێوان بژاردەی مەترسیی راستەوخۆی ململانێ ‌و سەختیی ئاوارەبووندا یەكێكیان هەڵببژێرێت. 
سەرچاوە/ ئاژانسەكان 

بابەتە پەیوەندیدارەکان