״هەر نزیكبوونەوەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان گرنگە״

09:32 - 2022-05-24
ڕاپۆرت
769 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: تەها عەبدوڵڵا

پەرلەمانتاران لە فراكسیۆنە جیاوازەكانی پەرلەمانی كوردستان، دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەی لایەنەكان و  نزیكبوونەوە بەهەنگاوێكی گرنگ و چارەنووسساز دەزانن و تەئكید لە یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی، بەتایبەتی نێوانی هەردوو لایەنی سەرەكی یەكێتی و پارتی دەكەنەوە. پێشیانوایە ئەو هەنگاوە جگەلەوەی كاریگەریی لەسەر ئاساییبوونەوەی رەوشی ناوخۆی هەرێم دەبێت، هاوكات پێگەی كورد لە بەغدا بەهێزتر دەكات.
بۆئەوەی چارەسەری كێشەکان بكەین
لەوبارەیەوە، زكری ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بۆئەوەی بتوانین چارەسەری هەموو ئەو كێشە و گرفتانە بكەین كە ئێستا هەیە و خەڵكی نیگەران كردووە، پێویستە جارێكی تر پێداچوونەوە بكرێت بە پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەكاندا، چونكە هەر تێكچوونێكی پەیوەندییەكان راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر پڕۆسەی سیاسی و حوكمڕانی لە سەرجەم بوارەكانی ژیاندا دەبێت. ئەوەشی وت: دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەی لایەنەكان و راگرتنی هەڵمەتی راگەیاندن دژی یەكتر هەنگاوێكی باش دەبێت بۆ یەكڕیزیی، ئاشکراشە دووریی نێوان لایەنەكان كێشەكان قووڵتر دەكاتەوە، وەك چۆن نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان تەئكیدی لە گرنگیی چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمی كوردستان كردەوە. «یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی كورد كە هەمیشە لەلایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە  تەئكیدی لەسەر كراوەتەوە، نەك تەنیا بۆ ناوخۆ، بەڵكو وادەكات پێگەی كورد لە بەغدا و لە ئاستی وڵاتانی دەرەوەشدا بەهێز بكات».
پارێزگاری لە دەستكەوتەكان
هەر سەبارەت بەو باسە، رێبوار بابكەیی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی، بۆچوونی خۆی بۆ كوردستانی نوێ خستەڕوو «بەوپێیەی ئێستا هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی هەستیاردا تێپەڕدەبێت،  نزیكبوونەوە و رێكەوتنی لایەنە سیاسییەكان لە هەموو كات پێویست و زەروورترە، تا بە یەكگرتوویی رووبەڕووی ئەو كێشە و ئاڵنگاریانە ببینەوە كە بە هۆكاری ناوخۆیی و دەرەكی دروستبوون. وتیشی: ئێستا و لە رابردووشدا سەلمێندراوە كە هەر كاتێك كورد یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بێت توانیویەتی پارێزگاری لە دەستكەوتە دەستوورییەكان بكات و لایەنی بەرامبەریش نەیتوانیوە زەفەری پێببات. «ئەو بارودۆخەی ئەمڕۆ دەیبینین وامانلێدەكات تەئكید لەسەر یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی بكەینەوە، چونكە تەنیا رێكەوتن و تەبایی زامنی پاراستنی مافە دەستوورییەكان ‌و مانەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان دەكات».
هەروەها، بەڵێن ئیسماعیل ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، دەڵێت: باشبوونی ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان و جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان پێویستی بە سەقامگیریی سیاسی و رێكەوتنی لایەنە سیاسییەكان هەیە. «هەر ناكۆكییەكی سیاسی لە كوردستاندا راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر پێگەی كورد لە بەغداش دەبێت، بەتایبەتی ناكۆكی نێوان یەكێتی و پارتی، دابەشبوونی ئەو دوو لایەنە بەسەر دوو هاوكێشەی جیاوازدا زیان بە پرۆسەی سیاسی و ئابووریی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت، لە ماوەی رابردووشدا ئەو كاریگەرییانە دەركەوتوون و زیانی بۆ هەموان هەبووە».
ستراتیژی نیشتمانی
ئەو پەرلەمانتارە بە پێویستیشی زانی لەكاتی بەڕێوەچوونی گفتوگۆكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا، پێویستە لایەنە سەرەكییەكان لەسەر هێڵێكی هاوبەشی كوردستانیانە رێبكەون ‌و ستراتیژێکی نیشتمانیانەیان هەبێت، ئەوكات بێگومان كاریگەرییەكانی لە بەرژەوەندیی باڵای خەڵكی كوردستاندا دەبێت.
هەر  لەسەر ئەو باسە، پەرلەمانتار رووپاك ئەحمەد لە فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری، ئەوەی بە كوردستانی نوێ وت: هەر نزیكبوونەوە و دەستپێشخەرییەك بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی خەڵك بێت گرنگە بكرێت، بەپێچەوانەوە هاووڵاتیان رووبەڕووی بارودۆخێكی ناهەموار و ناسەقامگیر دەبنەوە، ئەوەش لە رابردوودا دەركەوتووە، وتیشی: پێویستە لە كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكاندا بەرژەوەندیی باڵای خەڵكی كوردستان بخەنەپێش بەرژەوەندیی حزبی و تاكەكەسییەوە و رێكەوتنەكانیش هەر لەسەر ئەو بنەمایە بكرێن. «یەكدەنگی و یەكهەڵوێستیی لایەنە كوردستانییەكان بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان كاریگەریی لەسەر زامنكردنی مافەكانی هاووڵاتیان دەبێت لە بەغدا، بۆ ئەوەش پێویستە لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندا، ناكۆكییەكان وەلابنرێن و لە پرسەكاندا سازش بكرێت و زووتر بگەنە ئەنجامێكی دڵخۆشكەر».

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان