جووتیارێك 75 دۆنم زەوی دەکات بە تەماتە

09:51 - 2022-05-24
ئابووری
656 جار خوێندراوەتەوە

جووتیارێكی سنووری گەرمیان ماوەی 10 ساڵە سەرقاڵی چاندنی تەماتەیە و لە گوندێكی قەزای كەلار، رووبەری 75 دۆنم زەوی بە تەماتە چاندووە و دەتوانێت رۆژانە بڕی 20 تۆن تەماتە بەرهەم بهێنێت، كە دەكاتە یەك لەسەر سێی پێداویستی بازاڕەكانی گەرمیان.
سێ جۆر تەماتە دەچێنن
ئیبراهیم حەمەساڵح تەمەن 65 ساڵ، كە شارەزاییەكی زۆری لە چاندنی تەماتەدا هەیە، رووبەری 75 دۆنم زەوی لە گوندی بەرلووتی سەر بە قەزای كەلار بە تەماتە چاندووە.
ئەو جووتیارە بە كەناڵی ئاسمانی گەلی كوردستانی راگەیاندووە: ئاو و زەوی سنووری گەرمیان زۆر شیاوە بۆ چاندنی تەماتە، بەڵام بەو مەرجەی دەبێت زەوییەكە ماندوو نەبێت، چونكە ئەگەر ساڵانە تەماتە لەسەر زەوییەكی دیاریكراودا بچێنرێت، ئەوە پێكهاتە سوودبەخشەكانی زەوییەكە لە دەستدەچێت و بۆ چاندن شیاو نابێت.
لەبارەی جۆری ئەو تەماتەیەی كە لە سنووری گەرمیاندا دەچێنرێت، ئیبراهیم حەمەساڵح وتی: «سێ جۆر تەماتە دەچێنین كە بریتین لە جۆرەكانی: زەهەبی (تەماتەی كوردی)، هەرزەڵە، تەماتەی وادی (تۆوی نەرویجی)، لە رووی جۆریشەوە، تەماتەی زەهەبی لە باشترین جۆرەكانی تەماتەیە».
پاڵپشتی لە جووتیاران ناکرێت
گرانی نرخی پەینی كیمیایی و دابەزینی ئاستی ئاو لە بیرەكاندا، گرفتی زۆری بۆ جووتیارانی سنووری گەرمیان دروستكردووە، لەوبارەیەوە ئەو جووتیارە دەڵێت: «بەهۆی وشكەساڵییەوە، ئاستی ئاوی بیرەكان زۆر دابەزیوە، ئەمە لەكاتێكدا سنووری گەرمیان بێ ئاوە و ماوەی چەند ساڵێكیشە وشكەساڵییە، كە بۆتە هۆی ئەوەی تاڕادەیەكی زۆر قازانج لە فرۆشتنی بەروبوومەكانمان نەكەین».
جووتیارەكەی گەرمیان، گلەیی لە لایەنە پەیوەندیدارەكان هەیە، بەوەی هاوكارییان ناكرێت و ئاوڕ لە كێشەكانیان نادرێتەوە و ئاماژە بەوەشدەكات: حكومەت پشت بە بەروبوومی دەرەوە دەبەستێت و ئاوڕ لە جووتیارانی ناوخۆ ناداتەوە، لەكاتێكدا ئەگەر پاڵپشتی لە جووتیارانی ناوخۆیی بكرێت و پێداویستییەكانیان دابینبكرێت، ئەوە بەهیچ شێوەیەك پێویستیمان بە هاوردەكردنی بەروبوومی دەرەوە نابێت، چونكە لە هەرێمی كوردستان زەوی بە پیت و جووتیاری شارەزامان هەیە.
كاریگەرییە خراپەكانی خۆڵبارین
ئەو جووتیارە درێژە بە قسەكانی دەدات و باس لە كاریگەرییە خراپەكانی خۆڵبارین دەكات لەسەر كێڵگە كشتوكاڵییەكان و بەتایبەت تەماتە و روونیدەكاتەوە: «شەپۆلی خۆڵبارین بۆتە هۆی وەستاندنی گەشەی بەروبوومی تەماتە، بەشێوەیەك گوڵەتەماتەكان وشك دەكاتەوە و دواتر دەوەرێت و سەرئەنجام بەرهەم كەمدەكاتەوە».
رۆژانە لە عەلوەی گەرمیان، (100 - 110) تۆن تەماتە ساغدەكرێتەوە، لەكاتێكدا پێویستیی سنوورەكە بۆ ئەو سەوزەیە لەو وەرزەدا دەگاتە (50) تۆن تەماتە. ئەو جووتیارەش دەتوانێت رۆژانە یەك لەسەر سێی پێداویستیی بازاڕەكانی گەرمیان بۆ تەماتە پڕ بكاتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان