جەماوەری ورەبەرز و خۆڕاگری کەرکوک
کاندیدە خۆشەویستەکانی لیستی (هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە)
میوانانی بەڕێز و قەدرگران
بەخێربێن بۆ ئەم مەراسیمە کوردانەیە، بۆ جاڕدانی رەسمیی لیستی (١٤٢)ی هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە! بەخێربێن بۆ راگەیاندنی بەرنامەی وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی خۆجێی لە شاری پێکەوەژیان، شاری بابەگوڕگوڕ کە سەرۆک مام جەلال ناوی قودسی کوردستان و چەپکە گوڵەکەی لێناوە، ئێمەش لەسەر هەمان رێچکە و رێبازی سەرۆک مام جەلال، بە قیبلەنمای خۆمانی دەزانین و لە پێناویدا تێدەکۆشین و ئامادەی هەموو قوربانییدانێکین.
لە رۆژگاری حوکمی دیکتاتۆری بەعسدا کە گەلەکەمانی دەچەوساندەوە، ئەوێ رۆژێ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆڕی خەباتی پێشمەرگایەتیدا خوێن و رەنجی بۆ سەربەرزیی ئەم شارە دا و لە سەردەمی شەڕی دژبە تیرۆریستانى داعشیشدا دیسانەوە باشترین فەرماندە و ئازاترین رۆلەکانی خۆی کردە قوربانی بۆ پاراستنی کورد و هەموو پێکهاتەکانی کەرکوک بەبێ جیاوازی، خەڵکی بە ویژدانی عیراق لە نەتەوەکانی تریش ئەم راستییە دەزانن و شاهێدی بۆ دەدەن، مەگەر کەسانی ویژدان مردوو و لە بەر نیەتی خراپی شۆڤێنی و تایفەگەری حاشا لەم راستییە بکەن کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان چی کردووە بۆ پارێزگاری لە کەرکوک و کوردستان و تێکڕای پێکهاتەکانی ناوچە جێناکۆکەکان.
ئەو کاتەی کە کورد و بە تایبەتیش یەکێتیش لەم شارەدا دەسەڵات و بڕیاری ئیدارییان بە دەستەوە بوو چۆن خزمەتی ئەم شارەیان کردووە، ئاوەدانکردنەوەی گوندە وێرانکراوەکان و قەرەبووکردنەوەیان، و جێبەجێکردنی سەدان پڕۆژەی جۆراوجۆر، هەڵگرتنی ئەو ستەم نادادییەی کە ماوەی سی و پێنج ساڵ بوو رووبەڕووی میللەتەکەمان بوبۆوە. ئەوەی هەمانە لە ئاوەدانی و خزمەت لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق بەرهەمی رۆژگارە زێرینەکانی حوکمڕانی یەکێتی و بەرهەمی پێکەوەییە کە بە داخەوە ئەوانەی ئەمڕۆ بە وەکالەت و تاکڕەوانە حوکمڕانیی ستەمکارانە دەکەن، ئەوانە بە داخەوە لێکەوتەکانی ریفراندۆم و 16ى ئۆکتۆبەریان کردۆتە بیانووی ناڕەوا و جیاوازی رەگەزی و جیاکاری خزمەتگوزاری بڵاودەکەنەوە، بیانوو بە جوتیارانی کورد دەگرن و کێشە بۆ خەڵکی رەسەنی کەرکوک دروست دەکەن. ئەوانە پێیان وابوو سەبر و دان بەخۆداگرتنی کەرکوکییەکان مانای رازی بوونیانە، ئەوە هەرگیز وا نییە، جام پڕبوو لێی دەڕژێت، رق و توڕەیی خەڵک هیچ هێزێک ناتوانێت بەری پێبگرێت، چونکە بوورکانێکە و لە ناکاودا دەتەقێتەوە! هەروا مانەوەمان لەگەڵ میللتەکەى خۆماندا لە دواى رووداوەکانى شازدەى ئۆکتۆبەر و وەستانمان شان بە شانى کەرکوکییەکان و لە کۆڵنانى خەم و ئازارەکانیان شانازیىەکی دیکەى حزبى شەهیدانن، کەرکوکییەکان زۆر بە باشی لەو راستییە تێگەیشتوون کە یەکێتی و حزبی شیوعیی هاوپەیمان چی بڕیارێکی دروست و ژیرانەیانداوە.
ئەمڕۆ کە جۆش و خرۆشی یەکێتییەکان دەبینن ئیتر یار و نەیار دەزانن سەبری کەرکوکییەکان و یەکێتی سەبرێکی ژیرانە و سیاسیانە بووە بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی خەڵکەکەی خۆمان، سەرەڕای توانجی نابەجێ و وروژاندنی کێشە و گرفت و تەنانەت رشتنی خوێنی لاوەکانمان، سەرەڕای هەوڵەکانمان بۆ یەکڕیزی و یەک لیستی کە بە داخەوە هەموو لیستەکان بێجگە لە لیستی هاوپەیمانى کەرکوک هێزو ئیرادەمانە کە لە هەردوو حزبى هاوپەیمان: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حزبى شیوعى کوردستان پێکهاتووە، ئەوانى تر بە فیڕۆدانی دەنگی کوردە لەم قۆناغە هەستیارەى میللەتەکەماندا لە کەرکوک.
ئەمڕۆ کە ئیتر دیموکراسی و هەڵبژاردن قسەی یەکلاکەرەوە و کۆتایی دەکەن راستی و دروستی سیاسەتەکانی یەکێتی و سەبری رەوامان دەردەکەوێت کە کێشەکان لە هەرێمی کوردستان و کەرکوک و لە تێکڕای عیراقیش هەر بە ئاشتی و سیاسەت و هەڵبژاردنی دیموکراسی چارە دەبێت.
لەمڕۆوە ئیتر ئیرادەیەکی نوێ و ئیدارەیەکی چالاک بە دەنگەکانمان دێنینە کایەوە کە پارێزگارەکەی کورد و یەکێتی بێ و ئەنجومەنەکەشی وەک پەرلەمانێکی لۆکاڵی کارا بە بەشداری هەموو پێکهاتەکان لە خزمەتی ئاوەدانی شارەکەماندا دەبێت، هیوامان وایە ئیدارەیەک لە خزمەتی دۆزینەوەی هەلی کاردا بێت بۆ کچان و کوڕانی کەرکوک و خەمی ئاوەدانی و بوژانەوە و پاکڕاگرتنی کەرکوکە جوانەکەمان بخوات.
بۆ خەڵکی بەشەرەفی کەرکوک ئێمە لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ ئازار و ئاواتەکانیان تێکەڵ بووین و گوێمان لێگرتوون، هەموو هیوا و ئاواتەکانی جەماوەرمان کردۆتە بەرنامەیەکی گەشبینانە و واقیعیانە و بەم لیستە کارایەمان سپاردووە تا لە ئەنجومەنی نوێدا بۆتانی بەدیبهێنن و بۆمانی جێبەجێ بکەن. وەک هەمیشە کەرکوک ئەمانەتی سەرۆک مام جەلالە، لە دوای کۆنگرەی پێنجەمیشەوە سەرۆک بافڵ لەسەر هەمان رێچکە و رێباز بە گوڕوتینێکی تر لەسەر کەرکوک و مەسەلە رەواکەی هاتووەتە سەر خەت و لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخی کەرکوک و تەواوی ناوچە جێناکۆکەکان دەکات.
ئەم کاندیدانە کچان و کوڕانی خۆتانن لە کۆمەڵگای کەرکوک و لە خزمەتی ئێوەدا دەبن، بۆیە دەنگەکانتان ئەمانەتی رۆڵەکانی خۆتان بکەن و دوای سەرکەوتنیش چاودێریان بکەن، هاوکاریان بکەن بۆ سەرخستنی بەرنامەی ئاوەدانی کەرکوک، بەرنامەی ناسنامەی کوردانە و کوردستانیی کەرکوک کە وەک راپرسییەکی نەتەوەیی وایە و دڵنیام تێیدا میلەتەکەمان سەربەرز دەکەین.
پشت بە خوا پێکەوە بە دەنگەکانمان رۆحی سەرۆک مام جەلال ئاسوودە بکەین کە هەمیشە دەیگوت (لە بیرتان نەچێت منیش کەرکوکیم) دەسا ئێمەش بۆ لەبەر خاتری کەرکوک و کوردستان و لە جیاتی مام جەلالیش دەنگ دەدەین.
ئاسۆ مامەند
سەرۆکی قەوارەی هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە
2023/11/18