د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار و خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەم، دوێنێ لە ڤاتیكان چاویان بە قەداسەتی پاپا فرەنسیس پاپای ڤاتیكان كەوت.
لە دیدارێكدا، سەرۆك كۆمار سوپاسی قەداسەتی پاپای كرد بۆ سەردانیكردنی عیراق و جەختیكردەوە، كە عیراقییەكان بە خۆشەویستی و شانازییەوە ئەو سەردانە یاددەكەنەوە، كە چەمكەكانی پێكەوەژیانی ئاشتییانە و قووڵی پەیوەندییەكانی نێوان ئایینەكانی ناوخۆ و دەرەوەی عیراق لەخۆدەگرێت. ئاماژەی بەوەشكرد كە ناوچەكەمان پێویستی بە پەرەپێدانی بنەماكانی برایەتی و لێبوردەیی هەیە، هاوكات جەختی لە بایەخی هەوڵە هاوبەشەكان كردەوە بۆ برەودان بە بنەماكانی دیالۆگ و هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوان گەلان.
راشیگەیاند: عیراق هەنگاوی گەورەی ناوە لە هێنانەكایەی ئاسایش و سەقامگیریی سیاسی و كارە لەپێشینەكانیش خۆیان دەبیننەوە لە دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان، باشتركردنی بژێویی هاووڵاتیان، ئامادەكردنەوەی ژێرخانی ئابووری و گەشەپێدانی ئابووری بۆ بەدیهێنانی گەشەسەندنێكی فراوان. سەبارەت بە پەیوەندی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم، وتی: پەیوەندییەكان باشە و ویستێكی هاوبەشیش هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان بەگوێرەی دەستوور و یاسا.
پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم باشە و ویستێكی هاوبەشیش هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان بەگوێرەی دەستوور و یاسا
تایبەت بە بارودۆخی كریستیانەكان، سەرۆك كۆمار، دووپاتیكردەوە كە كریستیانەكان پێكهاتەیەكی سەرەكین لە بونیادنانی وڵات و پێشكەوتن و خۆشگوزەرانییەكەیدا، حكومەتی عیراقیش بەپەرۆشە بۆ گەڕانەوەی ئاوارە مەسیحی و ئێزدی و پێكهاتەكانی دیكە بۆ ناوچەكانیان و یەكلاكردنەوەی دۆسێی گەڕانەوەیان لەڕێگەی دابینكردنی پێداویستییەكانی ژیان و ئارامی بۆیان. دڵنیاییشیدا كە «سەرۆكایەتیی كۆمار هەموو كاتێك دەرگای كراوەیە لە بەردەم مەسیحییەكاندا بۆ بەدەنگەوەچوونی داواكاری و ژیانیان، بەشێوەیەك كە بژێوی و سەقامگیرییان مسۆگەربكات».
لەبەرامبەردا، قەداسەتی پاپا، جەختی لە پشتیوانیی ڤاتیكان كردەوە بۆ هەوڵەكانی عیراق لە بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان ئایین و پێكهاتەكان. ئاماژەشی بە رۆڵی پێكهاتەی مەسیحی كرد لە برەودان بە هاوئاهەنگی و هاوكاری و قوربانیدانیان لەپێناوی عیراقێكی گەشەكرد و پابەندبوونیان بە ناسنامەی نیشتمانییەوە.
قەداسەتی پاپا، جەختی لە بایەخی بەهێزكردنی هەلی ئاشتی لە جیهاندا كردەوە، چونكە جەنگەكان مانای شكستن.