بەنگلادیشییەكان لە هەولێر بازاڕێكی تایبەت بە خۆیان هەیە

11:03 - 2022-05-24
ڕاپۆرت
824 جار خوێندراوەتەوە
بازاڕی بەنگلادیشیەکان لە گۆڕەپانی بازاڕی نیشتمان لە هەولێر

راپۆرتی/  رەوەست نەوزاد

چەندین ساڵە ژمارەیەكی زۆری كرێكاری بەنگلادیشی بۆ كاركردن لە شاری هەولێر دەژین، لە كۆمپانیا و بازاڕەكان و دوكانەكان و كارگەكانی ئەو شارە كاردەكەن، لە هەفتەکەدا  تەنها رۆژانی هەینی پشوویانە، لەو رۆژەشدا شوێنێكیان لە گۆڕەپانی بازاڕی نیشتمان لە نزیك بازاڕی شێخەڵڵا بۆ خۆیان دەستنیشان كردووە و زۆربەی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە لەوێ كۆدەبنەوە و  ئێستا كافتریا و چایخانە و دوكانی تایبەت بەخۆشیان كردۆتەوە و ژمارەیەكیشیان وەكو فرۆشیاری سەر مێز و گەڕۆك و سەر عەرەبانە لەو شوێنە سەوزە و میوە و بەهارات و خواردنی وڵاتی بەنگلادیشی دەفرۆشن.
مەسعود یەكێكە لە كرێكارە بەنگلادیشیەكانی دانیشتوی شاری هەولێر قسەی بۆ كوردستانی نوێ كرد و وتی: ماوەی 2 ساڵە لە هەولێر نیشتەجێم و كاری كرێكاری دەكەم، هەینیش بە عەرەبانەكەم دێمە ئەو گۆڕەپانەی بازاڕی نیشتمان و خواردنی وڵاتی بەنگلادیش دەفرۆشم، كە بریتیە لە بەهاراتی جۆراوجۆر و برنجی بەنگلادیشی و پەتاتەی وردكراو و ماسی وشكراو، خواردنی جۆری تری وڵاتەكەم لێرە دەفرۆشم، كڕیارەكانم زۆربەیان هاووڵاتی بەنگلادیشین.

بازرگانە کوردەکان خواردنە بەنگلادیشیەکان دەهێنن
رەزا ول هاووڵاتیەكی تری بەنگلادیشی دانیشتووی شاری هەولێر بوو كە دوكانی فرۆشتنی كاڵا و خواردنی بەنگلادیشی لەشاری هەولێرو لەو شوێنە دەفرۆشێت دەیوت: زۆربەی ئەو خواردنانەی من دەیانفرۆشم بەنگلادیشین و لە هەرێمی كوردستان نییە، ئێستا چەند بازرگانێكی كورد هەن دەچنە شاری دوبەی لە وڵاتی ئیمارات لەوێ خواردنی وڵاتەكەی ئێمە دەهێننە هەرێمی كوردستان و ئێمەش بەكۆ لێیان دەكڕین و لەو بازاڕە دەیانفرۆشینە هاووڵاتیە بەنگلادیشیەكانی دانیشتوی شاری هەولێر.
رەزا باسی لەنرخەكان كردو وتی: بەهۆی گرانبوونی دۆلار نرخی خواردن و كاڵاكانمان زۆر گران بوون، هەروەك زۆربەیان خواردنی بەهارات و دەرمانن و زۆربەشیان خواردی تیژن(تونن) و زۆربەی كڕیارەكانمان بەنگلادیشین بەشێكی كەمیشیان كڕیاری كوردن.
خەڵکی هەولێریش بۆ بازاڕەکە دەچن
جگە لە فرۆشتنی كەلوپەل و خواردن، بەنگلادیشیەكانی هەولێر چێشتخانەیەكی تایبەتیشیان لەو شوێنە هەیە، عەبدولجەلیل هاووڵاتیەكی تری بەنگلادیشی بوو كە خاوەنی چێشتخانەیەک بوو وتی: ماوەی پێنج مانگە چێشتخانەکەم لەو شوێنە كردۆتەوە  و  3 تا 4 جۆر خواردنی بەنگلادیشی دروستدەكەم و دەیانفرۆشم، زۆربەی خواردنەكانیشم بەئارد و برنج و گۆشت دروست دەكەم، خواردنی سورەوكراوی وەكو كوبە و شفتەی بەنگلادیشی دەفرۆشم كە نرخی دانەیەكیان لەنێوان 500 تا 1000 دینارە. 
 بە وتەی عەبدولجەلیل جگە لە هاووڵاتی بەنگلادیشی، هاووڵاتی كورد و عەرەبی شاری هەولێریش ئەو خواردنانەیان لێدەكڕن و ئەو دەیوت: من بەهۆی پڕفرۆشی خواردنەكانم هەموو رۆژەكانی هەفتە لێرە كاردەكەم، هەرچەندە بەهۆی بەرزبوونی نرخی شتومەك كاری منیش كەم بۆتەوە.  
محەمەد جەوهەر، هاووڵاتیەكی شاری هەولێرە بۆ بازاڕکردن هەموو هەینیەک سەردانی هەردوو بازاڕی نیشتمان و شێخەڵڵا دەكات، بە وتەی خۆی جگە لەوەی سەردانی بازاڕی شێخەڵڵا دەكات سەرێك لە بازاڕی بەنگلادیشیەكانیش دەدات، وتی  هۆكاری سەردانیكردنم بۆ بازاڕە بچووكەكەی بەنگلادیشیەكان، ئەوەیە كاڵای سەیرو سەمەرە دەهێنن بۆ فرۆشتن كە لەوڵاتی ئێمە بوونی نییە،  كە دەچمە ناو بازاڕەكە هەست دەكەم لەوڵاتێكی ترم. 

بەنگلادیشیەکانی کۆکردۆتەوە
كاتێك بەناو بازاڕە بچووكەی بەنگلادیشیەكانی شاری هەولێر گوزەر دەكەیت، گەنج و لاوێكی زۆری بەنگلادیشی دەبینیت كە بەیەكەوە لەژێر دیواری بازاڕی نیشتمان و مەرقەدەكەی دوو سەیدەكەی شێخەڵڵا بە ڕیز وەستاون كە بەشێكیان بەهۆی دووریان لە كەسوكاریان و ژیانی غەریبیان، ئاخ بۆ تەنهاییان دەكێشن، بەشێكیشیان بە جلی جوان و تازەوە وەستاون و  وێنەی خۆیان دەگرن و بۆ كەسوكاریان دەنێرن.
زۆربەی ئەو كرێكارە بەنگلادیشیانەی  لەشاری هەولێر دەژین خاوەن خێزان و منداڵ و دایك و باوك و خوشك و بران، بەڵام زۆربەی هەرە زۆریان بەتەنیا روویان لەو شارە و هەرێمی كوردستان كردووە بەتەنها دەژین، بەوتەی خۆیان هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە  ناهێڵن ژن و منداڵەكانیان لەگەڵ خۆیان بهێنن و هۆكارێکی تریش گرانی نرخی شوێنی نیشتەجێبوونە، ئەوان ناتوانن بە پارەی كرێكاری ئەو هەموو كرێیە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی خێزانەكانیان بدەن.
عەبدولسەلام كرێكارێكی گەنجی بەنگلادیشە ماوەی یانزە ساڵە لە كۆمپانیایەكی شاری هەولێر كرێكاری دەكات، بە وتەی خۆی هەموو رۆژێك سەرقاڵی كارەكەیەتی لە كۆمپانیا تەنها رۆژانی هەینی پشوویەتی،  لەو رۆژەدا بۆ بینینی هاوڕێكانی و ناسینی هاووڵاتی تری بەنگلادیشی و خواردنی وڵاتەكەی خۆی، دێتە ئەو شوێنەی بازاڕی نیشتمان، ئەو گەنجە بەنگلادیشیە دەیوت: ئەو كاتانەی دێمە ئەو شوێنە هاووڵاتیەكی زۆری بەنگلادیشی دەبینم كە پێشتر نەمبینیبوون و لێرە دەیانناسم و كۆدەبینەوە و شت دەكڕین و سەردانی چایخانە و چێشتخانەكە دەكەین.
وڵاتی بەنگلادیش وڵاتێكی هەژارە و ژمارەی دانیشتوانیشی زۆرە، هەلی كار لەو وڵاتە كەمە، بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیەكانی روویان لە هەرێمی كوردستان بەگشتی و شاری هەولێر بەتایبەتی كردووە، زۆربەیان ئەو داهاتەی دەستیاندەكەوێت بەشێكی زۆری بۆ كەسوكاریان دەنێرن، بەهای پارەی عیراقی بەبەراورد بەپارەی بەنگلادیشی بەنرخترە، بۆیە دوای چەند ساڵێك كاركردن لە كوردستان پارەیەكی زۆر بۆ خۆیان كۆدەكەكەنەوە و داهاتووی خۆیان فەراهەم دەكەن.  

#بەنگلادیشیەکانی هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان