رەفعەت مورادی
کاتێک سەربوردە و بیرەوەریی کارەکتەرە سیاسییەکان دەخوێنیتەوە، رێک وەک ئەوە وایە بەدیار فیلمێکی سینەماییەوە دانیشتبیت و بە جۆش و خرۆشەوە پەیجووریی ئەنجامی فیلمەکە و چارەنووسی کاراکتەرەکان بیت، بۆیە دڵ و دەروونت چرکە بە چرکە لەگەڵ رووداو و دیمەنەکاندا ئاوێزان دەبێت و بەردەوام ترپەی دڵت دێت.
بە شێوەیەکی گشتی تا ئەم چرکەساتە، رەوتی نووسینی یادەوەرییەکان، رەوتێکی کلاسیکی و نەریتییە و زۆربەی ئەوانەی ئاوڕ لە رابردووی خۆیان دەدەنەوە، زۆرجار دەوری کاراکتەری سەرەکی و پاڵەوان دەبەخشن بە خۆیان و وەک بڵێی فریشتەن و لە هەڵە بەدوورن و مێژوویەکی پاک و بێگەرد و پڕ لە شانازی بۆ خۆیان دەنەخشێنن و نەیارەکانیشیان دەکەن بە رەقیبی لەپێشدا دۆڕاو و تاوانبار.
لە پاش راپەرین و بە لەبەرچاوگرتنی دەرفەتی لەبار و زەمینەی شیاو بۆ چاپ و وەشاندن، بە تایبەتی بۆ نووسینی مێژوو و چەندوچوونی رووداوەکانی ناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد، لە یاد و بیرەوەری بەشێک لە کارەکتەرە سەرەکییەکانی بەشداربووی شۆڕشدا، چەندین بیرەوەریی گرنگ و پرسی وروژێنەر لەلایەن کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانەوە نووسراون، کە تەنیا چەند کەسێکیان توانیویانە به شێوازێکی ئەدەبیی و رۆمانسییانە و بگرە دادوەرانە رووداو و بەسەرهاتەکان شەنوکەو بکەن.
لەم رۆژانەشدا لە رێگەی هاوڕێ و برای گەورە کاک نەجمەدینی فەقێ عەوڵا کە خۆی کارەکتەرێکی کاریگەر و گەنجینەیەکی مەعریفی گەورەی سیاسی و مێژویی بزووتنەوەی رزگاریخوازی باشووری کوردستانە، بە کتێبی (درەوشانەوەی مێژوو) لە نووسینی کاک عیماد ئەحمەد ئاشنا بووم.
دەکرێ ببێتە سەرچاوە
لە راستیدا زۆرێک لە بیرەوەرییەکانم خوێندۆتەوە، بۆیە تامەزرۆی ئەوە بووم بیرەوەرییەکانی کاک عیمادیش بخوێنمەوە، چونکە جەنابیان بە کارەکتەرێکی سەرەکی ناو رووداوە مێژوییەکانی شۆڕشی نوێ و کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان دەژمێردرێت و دەکرێ زانیارییەکانی وەک سەرچاوە چاو لێبکەیت و سوودیان لێوەربگریت.
ئەم کتێبە 316 لاپەڕەیە بە دیزانێکی جوان و کوالیتییەکی باش بە ژمارە سپاردنی (1888) لە 2023دا خراوەتە بەردیدەی خوێنەران و مامۆستا جەعفەر پێشەکییەکی جوان و پڕ لە وەسف و ستایشی بۆ نووسیوە.
بە وتەی مامۆستا جەعفەر، عیماد ئەحمەد وەک نیچە (نیتشە) وایە، کە هەر لە منداڵییەوە دەچێتە پێستی باوکەوە، بەو جیاوازییەوە کە نیچە لەسەر کاغەز و بە فەنتازیا جیهانێک بۆ خۆی دروست دەکات، بەڵام عیماد ئەحمەد بە عارەقی نێوچەوان و نان پەیدا کردن و پیشمەرگایەتی دەگاتە لووتکە.
بە دڵنیاییەوە ئەگەر خوێنەر ژیان و بەسەرهاتی نووسەری کتێبەکەی نەخوێندبێتەوە رەنگە ئەو وەسف و ستایشەی مامۆستا جەعفەر بخاتە خانەی دۆستایەتی و ناوچەگەرییەوە، بەڵام کاتێک بەناو هەوراز و نشێوەکانی ژیان و بەسەرهاتی نووسەری (درەوشانەوەی مێژوو)دا رۆدەچیت، باوەڕ بەوە دێنی کە مامۆستا جەعفەر ئەگەر کەمی نەوتبێت، زیادی نەوتووە. چونکە راسان و هەستانەوەی مێردمنداڵێکی 11 ساڵان لە ژێر باری قورس و ناهەمواری ژیان و خەمی پشتچەمێنی بێباوکی و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی دابینکردنی بژێوی بۆ خێزانێکی بەناز پەروەردەکراو و هاوکات دانەبڕان لە خوێندن و چالاکیی سیاسی، کوڕی خۆی دەوێ. وەک فارس وتەنی:
«کار هر کس نیست خرمن کوفتن، گاو نر میخواهد و مرد کهن».
بە راستی کاک عیماد ئەو مەردە کوهەنەیە کە بە لێهاتوییەوە هەموو ئەو ئەرکانەی راپەڕاندووە و تەحەدای ئەو پەندە کۆنەی پێشینانیشی کردووە کە دەڵێت «بە دەستێک دوو شوتی هەڵناگیرێ» بەڵام منداڵێک لەو تەمەنە بە ئۆمێدی دەربازبوون لە نەهامەتی و ناخۆشی بە ورە و تامەزرۆییەوە چەندین پیشە و کاری قورس و گران تاقی دەکاتەوە و لە هەمووشیاندا سەرکەوتووانە دێتە دەرێ.
من نامەوێ کۆی رووداوەکان و ئەو بەسەرهات و یادەوەرییانەی لە کتێبەکەدا هاتوون دووبارە بکەمەوە، بەڵام وەک خوێنەرێک پێم باشە سەرنجی خۆم بخەمە سەر لایەنە تەکنیکی و زمانەوانییەکەی نووسەر.
شوناسی زمان
بە وتەی کاک بەختیار ئەگەرچی کاک عیماد لە سەرەتاکانی ژیان و دەستپێکی کاری سیاسی، لە ئاخاوتنی سۆرانیدا کۆڵەوار بووە و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەریی شوناسی زمانی کەڵهوڕی و گۆران بەسەر کاک عیمادەوە، کە شیرینی زاراوەی خانەقینی هێشتا بە زارییەوە ماوەتەوە، بەڵام لەمەشدا بە سەرکەوتوویی رێگاکەی بڕیوە و لە نووسینی بیرەوەرییەکانیدا نە تەنیا کۆڵەوار نییە، بگرە بە زمانێکی شیرین و بە کوردییەکی پەتی و رەوان و بە داڕشتنێکی ئەدەبی و رۆمانسییانە سەرنجی خوێنەر بۆ نووسینەکەی رادەکێشێت.
نووسەر بە پێچەوانەی زۆربەی ئەوانەی دەستیان داوەتە نووسینی بیرەوەرییەکانیان و پتر لایەنی خۆدەرخستن و خۆبەرجەستەکردنیان تۆخ کردۆتەوە، بەشێکی گرنگ و بەرچاوی بیرەوەرییەکانی ئاوڕدانەوەیە لە مێژووی خانەقین و گەڕەکە ئەفسوناوییەکەی (جەلەوە) و خستنەڕووی دیمەنە جوان و دڵڕەفێنەکانی ئەڵوەنی پڕ جۆش و خرۆشی خوداداد عەلی و ئازاد خانەقینی و...هتد.
جیا لەوەش ناساندن و دەرخستنی کەسایەتییە هونەری، ئەدەبی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی خانەقین لە پاڵ ناساندنی مێژوو و دیمۆگرافیای ئەو دەڤەرە، ئینسکلۆپیدیایەکی کورت و خنجیلانەت دەخاتە پێشچاو، ئەمەش وایکردووە خوێنەر بە ئاسانی تێکەڵ بە رووداوەکان ببێت و تەنانەت بە ناساندن و باسکردنی دەور و کاریگەریی هەندێ لە کەسایەتییەکان لەوانە شەهاب، عیدانە شێت، سالم لە گەڕەکی جەلەوە و لە باخی قەسرەکە، هەروەها ماجەراکانی دوکانی حاجی یاسین و سلێمان و میرعەلی و مەجلیسە خۆش و گەرم و گوڕەکانی شێخ رەشید و مەلا ئیبراهیم و...هتد، وەک رۆمانێک خوێنەر بەلای خۆیدا رادەکێشێ و تام و چێژی لێوەردەگرێت.
شێوازی دەربڕین
لەلایەکی ترەوە نووسەر بەشێکی زۆری لە کتێبەکەی تەرخانکردووە بۆ گێڕانەوە و باسکردنی قۆناغە جیاوازەکانی شۆڕش هەرلە یەکێتیی لاوانەوە لە ساڵی 1972دا تا سەرهەڵدانی شۆڕشی نوێ و پێکهێنانی کۆمیتەی هەرێمەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان، بەتایبەتی هەرێمی پێشڕەو و هەروەها گیران و دەستبەسەرکرانی خۆی و هاوڕێکانی.
ئەوەی لەم نووسینەدا سەرنجی منی راکێشا، جۆری دەربڕین و گێڕانەوەی کۆی رووداوەکانی ئەو میژووە دوور و درێژەیە بەبێ خۆهەڵکێشان و خۆدەرخستن. نووسەر لە هیچ یەک لەو وێستگە مێژوییانەدا نەیویستووە خۆی وەک پاڵەوان دەربخات، بەڵام لە هەمانکاتیشدا خۆی لە قەرەی زۆرێک لە وردەکاری و ململانێ و ناکۆکیی حزبی ناو ریزەکانی کۆمەڵە و یەکێتی و ئاڵای شۆڕش و تەنانەت شەڕی ناوخۆی لایەنە سیاسییەکان نەداوە و نەیویستووە هیچ کەس و لایەنێک لەخۆی نیگەران بکات. رەنگبێت ئەم پرسە پەیوەندیی بە شێوازی نووسینەکە و تەوەری بابەتەکانەوە بێت، کە پێدەچێت زۆرێک لە بابەتەکان لە وێستگەی جیاواز و بەبۆنەی تایبەتەوە نووسرابن و نووسەر نەیوستووە، یان بۆی نەلواوە ئاوڕ لە کۆی رووداوە سیاسییەکان بداتەوە، ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ ئاکاری سیاسی و بیروباوەڕی تەساموحگەرییانە و ریفۆرمیستیی کاک عیماد ئەحمەد کە بە زەقی لە بەشی کۆتایی وتارەکانیدا، لە قاڵبی رێکار و پێشنیاز بۆ کابینەکانی حکومەت نووسیوێتی، رەنگیان داوەتەوە.
شیننامە بۆ ئەستێرەکان
بەشێکی تر لە یاداشتەکانی نووسەر دەکرێ بە شیننامە ناوی بەرین. لەم شیننامەیەدا شینگێڕ لە ئاسمانی ئەستێرەکانی شۆڕشدا بە دوای ئەو ئەستێرە درەوشاوانەی مێژوودا وێڵ و پەرێشانە کە سەردەمانێک رووناکی و درەوشاوەیی ئەوان دڕی بە شەوەزەنگی ناخۆشی و نەهامەتی گەل و نیشتمانەکەی داوە، کەچی ئێستاکە قەدەر لێکی کردووە، کاریگەریی هەریەک لەو ئەستێرانە لەوانە شەهیدانی سەرکردە ئارام و ئازاد هەورامی و تا دەگاتە ماڵئاوایی و کۆچی رێبەری کاریزما مام جەلال تاڵەبانی و چەندین سەرکردە و فەرماندەی ئازا و لێوەشاوە، کە هەریەکە و کتێبێک و مێژوویەکی تایبەتیان دەوێ بۆ باسکردنی لاپەڕە زێڕینەکانی ژیانیان لەسەر ناخ و لە بیر و هزری نووسەردا بە جورێک رەنگی داوەتەوە کە هەست دەکەیت نووسەر بە زەقی و بە سەختی رۆح و رەوانی زیانمەند بووبێت، بەڵام باوەڕ بەخۆبوون و ئەزموونی ساڵەهای خەبات و تێکۆشان نەیهێشووە بشکێت و بچەمێتەوە.
دوا سەرنجم لەسەر ئەم کتێبە و نووسینەکانی کاک عیماد، پەیوەستە بەو پەخشان و کۆپلە شیعرانەی کە لە بەشێک لە بابەتەکاندا و لە چەند لاپەڕەیەکدا بەدیدەکرێن، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە نووسەر چ پێشتر و چ ئێستا هەوڵی خۆتاقیکردنەوەی لەو بوارەدا داوە و هەندێکجار ویستویەتی هەست و ناخی خۆی لەسەر رووداو بۆنەکان بە زمانێکی شاعیرانە دەرببڕێت، کە بەبێ موجامەلە هەندێ لەو دەقە شیعرییانە سەرنجڕاکێش و جوانن لەوانە:
هەڵۆ
هەڵۆ هەرچەند ئاشقی ئاسمان بێ، لەوێ هێلانە دروست ناکات!
هەرچەندە لە ئاسمان بمێنێتەوە
لەوێ خۆی بەخێو ناکات
هەرچەندە بفڕێ
سەرنجام لە ئەرزدا دەنیشێتەوە
(هەڵۆ ، لاپەڕە 271)
یان وەک لەم دێڕە شیعرە جوانەدا دەبینین، نووسەر بە سوودوەرگرتن لە هونەری شوبهاندن باسی خاڵ دەکات کە دوو واتای دوور و نزیکی هەیە، واتای یەکەم هەمان ئەو خاڵەیە کە بەسەر پێست و روومەتەوە دەردەکەوێت و جوانی تایبەت بەخۆی هەیە، بەڵام لە واتاکەی تردا خاڵ واتە برای دایک.
مامۆستا موحسین وەک خاڵێکی میهرەبان و خۆشەویست کاریگەرییەکی ئەبەدیی لەسەر کاک عیماد داناوە، بۆیە لە لاپەڕە 273 لەسەر خاڵ دەڵێت:
خاڵ
زۆربەتان خاڵتان هەیە...
بەڵام من
خاڵێکم هەبوو
هەم باوک و هەم برا و هەم هاوڕێم بوو...!
لە لاپەڕەی 277 دا سەبارەت بە هەڵوێست نواندن دەڵێت:
هەڵوێست
مرۆف هەڵوێستە
هەڵوێستیش چرکەیەکە
یان ئەتباتە کەشکەشەی ئاسمان
یان رۆت ئەباتە ناخی ئەرزەوە...!