کۆسانێ، یاری مەسیحییەکانی کۆیە

10:15 - 2023-11-20
ڕاپۆرت
437 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ هاوژین عەبدولواحید

لە دێر زەمانەوە لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان یارییە جۆرا و جۆرەکان کراوە و بۆ بەسەربردنی کاتی خۆش کۆبوونەتەوە.
یارییەکان بوونەتە بەشێکی گرنگی تایبەتمەندی شوێنەکە و هەر ناوچەیەکیش بە یارییەکی تایبەت ناسراوە و چەندین یاری جۆراوجۆرمان هەیە کە باب و باپیرانمان کردویانە وەک (کڵاو کڵاوێن، دۆمینه‌، تاوڵه‌، دامه‌، شه‌تره‌نج...هتد).

یاری كۆسانێ زۆر له‌ مێژه‌ له‌ گوندی هه‌رمۆته‌ ده‌كرێت و مێژووه‌كه‌ی بۆ 400 ساڵ پێش ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه

کۆسانێ مێژوویەکی  دێرینی هەیە
مه‌سیحییه‌كانی کۆیە لە گوندی هەرمۆتە یارییه‌كی تایبه‌تیان هه‌یه‌ به‌ناوی (كۆسانێ).
یاری كۆسانێ زۆر له‌ مێژه‌ له‌ گوندی هه‌رمۆته‌ ده‌كرێت و مێژووه‌كه‌ی بۆ 400 ساڵ پێش ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، بۆ کردنی ئه‌م یارییه‌ شه‌وانه کەسەکان لە ماڵی یەکێکیان‌ كۆده‌بنه‌وه ‌و به‌ دوو كه‌س یان چوار كه‌س یان شه‌ش كه‌س یارییه‌كه‌ دەکەن.

کەرەستەی یارییەکە
یوسف گەریل هاووڵاتییەکی گوندی هەرمۆتەیە وتی، یاری کۆسانێ مێژوویەکی زۆر دێرینی هەیە و کردنی ئەم یاریە چێژێکی تایبەتی هەیە، زۆر دەمێکە لە گوندەکەمان ئەم یارییە هەیە و بە تەمەنەکانمان باس لەوە دەکەن یارییەکە مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە لەناوماندا.
ئەو کەرەستانەی یاری کۆسانێی پێ دەکرێت پێشتر لە قوڕ دروستکراوە، بەڵام بەپێی تێپەڕبوونی کات بووە بە تەختە و دار، کە پێکدێت لە چوار پارچە دار و ته‌خته‌یه‌كی لاکێشەیی درێژییه‌كه‌ی 30 سم و پانی 20سانتیمەترە و له‌ سێ به‌ش پێكهاتووه،‌ هەردوو لای تەختەکە 24 کونی تێدایە و 12 سواری تێدایە، به‌ مانای 12 سواره‌ی مه‌ریوان دێت.

چۆنیەتی یاری کردنەکە
یارییەکە بەم شێوەیە دەکرێت، یوسف گەریل دەڵێت، ئەو چوار پارچە دارەی هەمانە فڕێی دەدەینە سەر مێزەکە و یەکەم جار دەبێت کۆس بێنێ ئەوجا کەسەکە دەتوانێت سوارەکان بگوازێتەوە، بەپێی ئەو ژمارەیەی دەیهێنی سێ، دوو، شەش، چوار کون دەگوازیتەوە.
هاوکات هاوژین سلێوە کە دانیشتوویەکی تری هەرمۆتەیە و یاری کۆسانێ دەکات وتی، قسەیەک لە کوردەواریدا هەیە دەربارەی ئەو کەسانەی بەختیان باشە دەڵێن فڵان (کۆس و شەش) ی بۆهێنا ئەو زاراوەی کۆس و شەشە لەم یارییەوە وەرگیراوە واتا کێ کۆس و شەش زۆر بهێنێت دەیباتەوە و بەختی باشە.
یارییەکە تایبەتە بە مەسیحییەکان
یوسف گەریل یاریزانی کۆسانێ ئاماژەی بەوەکرد، ئه‌م یارییه‌ ته‌نها مه‌سیحییه‌كان ده‌یزانن و یارییەکی تایبەتە بە گوندەکەیان، پێشتر تا درەنگانی شەو بە دەم قسەی خۆش و گۆرانی و پێکەنینەوە خەڵکی گوند کۆبوونەتەوە و کاتێکی خۆشیان لەگەڵ ئەم یارییە بەسەر بردووە.
باسی لەوەشکرد، ئەم یارییە هەر چوار وەرزی ساڵ دەکرێت و تایبەت نییە بە وەرزێک یاخود مانگێک یان رۆژێکی تایبەت، بەڵام ئێستا بەهۆی هاتنی تەکنەلۆژیاوە یاری کۆسانێ کەمتر دەکرێت و خەڵک زیاتر کاتی خۆی بە سەیرکردنی تەلەفزیۆن و مۆبایل بەسەر دەبات.
یوسف وتیشی، ئێستا ئەم یارییە زیارتر لە چایخانەی هەرمۆتە هەیە و لەوێ دەکرێت، لەکاتی کۆبوونەوەکانمان لە چایخانە زۆرجار بەگروپ دادەنیشین و تا درەنگانی شەو یاری دەکەین.

 

دوو دانیشتووی هەرمۆتە یاری کۆسانێ دەکەن

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان