کورتەیەک لەبارەی ئەدەب و هونەری هاوچەرخەوە لە هەولێر

10:37 - 2023-11-20
کەلتور
550 جار خوێندراوەتەوە
نازم دڵبەند

راپۆرتی / رەوەست نەوزاد


پێش نیوەڕۆی رۆژی شەممە 11/11/2023 لە ساڵۆنی لاپەڕە نۆی ناوەندی هەولێری مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان كۆڕێك بۆ نووسەر و شاعیر نازم دڵبەند بە ناونیشانی (دوێنێی زەمەنێكی جوانی هونەر و شیعر لە هەولێر) بەڕێوەچوو.
لە كۆڕەكەدا ژمارەیەك لە نووسەران و رۆژنامەنووسان ئامادەیبوون، تێیدا نازم دڵبەند رایگەیاند: ئەو بابەتە پڕۆژەی نووسینێكمە لەسەر سەردی مێژووی نووسین لە هەولێر لە ساڵانی شەستەكانەوە تاوەكو سەرەتای ساڵانی حەفتاكان لەڕووی شیعر و هونەر و رۆژنامەنووسییەوە.
هەر لە كۆڕەكەدا نازم دڵبەند لەسەر داوای هەندێك لە ئامادەبوان دوو كۆپلە شیعری خوێندەوە كە بە وتەی خۆی شیعرەكان زیاتر هەست و شعوری تایبەتی روحیان هەیە ئەویش عەشقە، كە شیعرێكیان بۆ نووسەر و رۆژنامەنووس مومتاز حەیدەری بوو.

كۆمەڵێك گەنجمان دەدیت
دواتر نازم دڵبەند وتی: ئەو بابەتەی ئەمڕۆم لێكۆڵینەوەیەكە دەكرێ بڵێم لە ساڵی 1968 ەوە كە هاتینە ناو دنیای ئەدەب و هونەر و رۆژنامەنووسی، ویستم ئەو بابەتە بۆ وەبیرهێنانەوە بۆ ئەوەی نەوەیەكی تریش لەو راستییە بگات ئامادەم كردووە، ئێمە ئەوكات چەند قوتابیەك بووین لە هەولێر، ئەوەندە عەشقی خوێندنەوە و شیعر و هونەر بووین بە بەردەوامی هاتووچۆی یەكێك لەچایخانەكانی هەولێرمان دەكرد، ئەویش چایخانەی عوسمان دەرگەڵەیی بوو، لە تەنیشت چاپخانەكەی مامۆستا گیوی موكریانی، ئەو رۆژانەی ئێمە هاتووچۆی ئەو چایخانەمان دەكرد، كۆمەڵێك گەنجمان دەدیت حەزمان لەوەبوو گوێبیستیان بین، دەكرێت بە بنیاتی شیعری نوێی كوردی دایانبنێین، لەوانەش: (عەبدوڵڵا پەشێو، شەهید جەمیل رەنجبەر، سەعدوڵڵا پەرۆش، جەوهەر كرمانج، سامی شۆڕش، موحسین ئاوارە، هیوا سەرهەنگ) و چەند نووسەرێكی تری وەكو (شەهید یوسف دەرگەڵەیی، مامۆستا محەمەد مەنگوڕی) لەپێش ئەوانیش هەندێك شاعیری تر هەبوون وەكو (جاهید، پیرباڵ مەحمود، مەدحەت بێخەو) كە ئەوان پێشەنگ بوون تا ئەوكاتەی بەیاننامەی روانگە دەرچوو، ئەوانیش بەشێك بوون لەو بەیاننامەیە و زیاتر پەرەی پێدرا و دواتر فێستیڤاڵی یەكەمی شیعری كوردی لە كەركوك سازكرا و خوێندنەوەی 12 وانەكەی عەبدوڵڵا پەشێو بوو.
وتیشی: ئەو كات تاكە رۆژنامە كە لەسەر ئاستی كوردستان دەردەچوو، رۆژنامەی هاوكاری سەردەمی (مونزیر عەرێم و سەربەست بامەرنی) بوو، ئێمە عەشقی ئەو رۆژنامەیە بووین پێنج شەممان دەردەچوو، یەكێك لە مێرخاسەکانی رۆژنامەنووسی كوردی كە یەكەم پەیامنێری ئەو رۆژنامەیە بوو، مامۆستا مومتاز حەیدەری بوو، بیرمە هەموو ئێواران دەهاتینە بەردەمی كتێبخانەكەی سۆلاڤ، مامۆستا مومتاز پێش هەموو كەسێك لەوێ ئامادە دەبوو، گەنجێكی باڵا بەرز بوو، دەوەستا تاوەكو رۆژنامەكە بكڕێت، رۆژنامەكە لە بەغداوە دەهاتە هەولێر و دابەش دەكرا و رۆڵێكی زۆر گرنگی هەبوو، هەموو هەفتەیەكیش ریپۆرتاژ و هەواڵی تێدا بڵاودەكردەوە.
دڵبەند لە كۆڕەكەدا باسی لە مامۆستا گیوی موكریانی كرد و وتی: قەت نابێت لەبیر بكرێت، چونكە یەكێك بوو لەو كارێزمایانەی هەولێر كە توانی كۆمەڵێك لەو كتێبانە دووبارە بەچاپ بگەیەنێت، وەكو دیوانەكانی نالی و بابەتاهیر و كوردی و وەفایی و زۆری تر.

ئەو كەسەی زۆرترین رۆڵی هەبوو
سەبارەت بەكاری هونەر لە هەولێر، دڵبەند وتی: بەر لە ساڵی 1968 راستە هونەرەكانی شانۆ و موزیك هەبووە لەو شارە، بەڵام شانۆ زیاتر بە زمانی عەرەبی بووە و ئەو كەسەی زۆرترین رۆڵی هەبووە مامۆستا (سەفوەت جەڕاح و ئەحمەد سابیر) بوون، ئەوانە بە زمانی عەرەبی شانۆیان پێشكەش كردووە، ئەوكات لەسەر شانۆی قوتابخانەكان نمایشیان كردووە، ئەگەر بە بیرمان بێتەوە لەوێ (عوتەیل) یان بە عەرەبی پێشكەش كردووە و ئەحمەد سابیر رۆڵی پاڵەوانەكەی بینیوە و مامۆستا سەفوەت جەڕاحیش رۆڵی (دیزدەمونە)ی بینیوە، بەڵام دوای ساڵی 1968 دیسان گۆڕانكاری هاتە ناو قۆناغی هونەر لە هەولێر كە ئەویش قۆناغی گەڕانەوەی چەند هونەرمەندێك بوون كە خوێندنی ئەكادیمیای هونەرە جوانەكانیان لەبەغدا تەواو كرد و گەڕانەوە هەولێر، لەوانە هونەرمەندان سەباح عەبدولڕەحمان و تەڵعەت سامان و فەرهاد شەریف بوون، لەگەڵ گەڕانەوەی ئەوانە بۆ هەولێر شانۆ گۆڕانكارییەكی تری بەسەردا هات بە تایبەتی هەر لەگەڵ گەڕانەوەی سەباح عەبدولڕەحمان شانۆگەرییەكانی فاڵچی، مارەیی، چڵپاو، مەسەلەی شارێك و زۆری تری پێشكەش كرد، ئەوەش بووە بنیاتێكی هونەری بۆ ئەوەی لەئایندە و تا ئێستاش هونەرمەندانی تر چاو لەو گۆڕانكارییە بكەن و ببێتە بەشێك لە بەرەوپێشچوونی شانۆ و دراما لەشارەكە.
لەبارەی بواری موزیك، مامۆستا نازم وتی: لەگەڵ بڵاوكردنەوەی بەیاننامەی 11 ی ئازار، دوو تیپ كەوتنە ناو پڕۆسەی كاركردن ئەوانیش تیپی هونەری هەولێر و تیپی هونەر و وێژەی كوردی، كە ئەوەی دووەمیان كۆمەڵێك نووسەر و هونەرمەند توانیان بنیاتی بنێن، لەسەرو هەمووشیانەوە كاكە مەم بۆتانی و محەمەد مەولود مەم بوون كە پێشەنگی ئەو تیپە بوون كە لەپاڵ پێشكەشكردنی موزیك و گۆرانی و شانۆگەری، ناوە ناوە كۆڕ و سیمیناریشیان پێشكەش دەكرد، هەر ئەو ساڵانەش بوو لە تیپی هونەر و وێژەی كوردی مامۆستا تەڵعەت سامان شانۆگەرییەكانی (پیلان، قەل و رووتە، مەم و زین، گێزان)ی پێشكەش كرد كە دیسانەوە بووە گۆڕانكارییەك لە بنیاتی شانۆی كوردی كە ئەمانە بوونە دەستپێكی گۆڕانكاری لەناو شانۆ و درامای كوردیدا.
لە درێژەی کۆڕەکەیدا نازم  باسی لە كێشەی نەبوونی ئەكتەری ژن لەو سەردەمە لە هەولێر كرد و وتی: دەبێت ئێمە ئەوە لەبەرچاو بگرین لەپاڵ ئەو هەموو دەردە كۆمەڵایەتیانەی ئەوێ، لە هەولێری موحافیزكار بە تایبەتی لەسەر تەختەی شانۆكان لەبەر قەیرانی نەبوونی ئافرەت، كوڕەكان رۆڵی ئەكتەری ژنیان دەبینی، لەوانە خوالێخۆشبوان جەلال بەیار، سوبحی كۆیی، رەسمی جەلال، پەیمان بەگۆك، سەلام كۆیی، عەبدولڕەزاق شەمسەدین و چەندین هونەرمەندی تر كە زۆر بە داهێنانەوە توانیان رۆڵی ژن ببینن بەتایبەتی لەشانۆگەرییەكانی مارەیی و مەسەلەی شارێكدا رۆڵی سەبریە قیتێ و مەنیج بەربوكیان بینی، بەڵام هەر لەو ساڵانەدا كۆمەڵێك كچی بوێر هاتنە سەر شانۆ و پەردەی ئەو دەردە كۆمەڵایەتییەیان دڕاند، ئەوانیش ئازادە جەلال، نازەنین محەمەد ساڵح، قانیعە رەشید، سم سم ئەنوەر، ئاشتی كەریم رەئوف، بەلقیس عەبدوڵڵا ، ئاواز مەحمود، رۆژهەڵات مەحمود، شەوقیە، چیمەن كاوێس و هەندێكی تر.

توانیان بەرهەمی زۆر جوان  پێشكەش بكەن
ئاشكراشی كرد هەر لە هەولێر لەناو تیپی موزیك كۆمەڵێك لە هونەرمەند هاتنە ناو تیپی موزیك و توانیان بەرهەمی زۆر جوان پێشكەش بكەن و بەشدارییەكی كاریگەر بكەن لە فێستیڤاڵی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری بەغدای سەردەمی خوالێخۆشبوو ئیحسان فوئاد لەساڵی 1974 لەو گۆرانیبێژ و هونەرمەندانەش حەمەجەزا، قادر زیرەك، جەلال سەعید، نیزام شوكر، سامان كەركوكی، عارەب عوسمان كە بەر لەوانیش هونەرمەندان مامۆستای گەورە تاهیر تۆفیق و رەسول گەردی و فوئاد ئەحمەد و تەحسین تەها و باكووری و یەحیا مەرجان و مامۆستا خەیڕوڵڵا و زۆری تر، لەپاڵ ئەو گۆرانیبێژانەش موزیكژەنی زۆر بەتوانا هاتنە كایەوە لەوانیش رزگار خۆشناو، وریا ئەحمەد، سەردار ئەحمەد، سەید ئەحمەد بەرزنجی، جەودەت شاكر، مستەفا رەئوف، شێرزاد عوزێری، شێرزاد سەرسپی، شەریف جەرجیس، شاكر سابیر، فوئاد محەمەد، جەلیل ئازید و ژمارەیەكی دیكە كە ئەوانە توانیان گەورەترین بەرهەم بۆ هەولێر تۆمار بكەن لەساڵی 1978 تیپی هونەری هەولێر كۆمەڵێك گۆرانی تۆمار كرد تا ئێستاش لە گوێچكەی هەمووماندا دەزرنگێنەوە.

دیمەنێک لە کۆڕەکە

بابەتە پەیوەندیدارەکان