لیستی هاوپەیمانیی (اتحاد اهل نینوی)کار بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی سنووری پارێزگای نەینەوا دەکات

10:49 - 2023-11-20
دووتوێ
332 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: ئه‌یاز هه‌ركی
هاوپەیمانیی اتحاد اهل نینوی به‌ چه‌ندین به‌رنامه ‌و پڕۆژه‌ی جیاوازه‌وه‌ ده‌ستیکردووە به‌ بانگەشەی هەڵبژاردن، بۆ به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین كورسی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نەینەوا، هه‌روه‌ها لایەنه‌كان و پێكهاته‌كانی ئەو شارە بە هاوپەیمانی و لیستی جیاواز بەشداریی له‌ هەڵبژاردنی پارێزگای نەینەوا دەکەن بۆ بەدەستهێنانی 26 کورسی.

هاوپەیمانیی (اتحاد اهل نینوی) به‌ چه‌ندین به‌رنامه ‌و پڕۆژه‌ی جیاوازه‌وه‌ ده‌ستی به‌ بانگەشەی هەڵبژاردن كردووه‌، بۆ به ‌ده‌ستهێنانی زۆرترین كورسی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نەینەوا

لیستی هاوپەیمانی (اتحاد اهل نینوی) بەرنامەیەکی گشتی هەیە بۆ هەموو پێكهاته‌كانی پارێزگاکە
له‌و باره‌یه‌وه ده‌روێش بیسو كاندیدی ژماره‌ ٤ له‌سه‌ر لیستی ١٣٤ی هاوپه‌یمانی (اتحاد اهل نینوی) راگه‌یاند: لیستی هاوپەیمانی خه‌ڵكی نەینەوا بەرنامەیەکی گشتی هەیە بۆ هەموو پێكهاته‌كانی پارێزگای نەینەوا بەبێ جیاوازی بەتایبەتی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و زێدی خۆیان و قەرەبووکردنەوەیان، بەگشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرنامەیەکی باشی هەیە بۆ خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی پارێزگاکە  و ناوچه‌كانی ماده‌ی 140.
 لە ساڵی 2014 ش کاتێک داعش پارێزگای نەینەوای داگیرکرد، یەکێتیی شانبەشانی بەشێک لەهاووڵاتیانی سنووری پارێزگاکە لە شنگال و زممار و تەله‌عفەر تا مەخمور بەرگرییان کرد و چەندین شەهیدیی بەخشی، بەئامانجی پاراستنی خەڵکە مەدەنییەکە. جگە لەوەش سه‌رۆك مام جه‌لال لە کاتی سەرۆکایەتی عیراقدا سەرۆکی هەموو عیراقییەکان بوو بەبێ جیاوازی، ئێمه‌ش لەسەر ئەو رێبازە بەردەوام دەبین.‌

هاوپەیمانییەکە پڕۆژەی هەیە  بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان
مامۆستا حه‌ربیه‌ حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د ئاواره‌ی ده‌ڤه‌ری شنگال و كاندیدی ژماره‌ ٣٢ له‌ لیستی ١٣٤ی هاوپه‌یمانیی (اتحاد اهل نینوی) راگه‌یاند: بەرنامەی هاوپەیمانیی اتحاد اهل نینوی، خاڵی زۆر گرنگ لەخۆدەگرێت بە مەبەستی خزمەتکردنی هاووڵاتیانی پارێزگای نەینەوا بەگشتی و ناوچەکانی مادەی 140 و دەڤەری شنگال بەتایبەتی. دەشڵێت: پڕۆژەیەکمان هەیە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی پارێزگاکە بۆ ناوچەکانی خۆیان بەتایبەتی ئاوارەکانی قەزای شنگال، هەروەها کار بۆ شنگالێکی سەربەخۆ دەکەین كه‌ خزمەتی خۆیان بکەن و بەڕێوەبردنی ناوچەکانیان له‌ ئه‌ستۆبگرن، بەگشتیش كار بۆ دانیشتوانی پارێزگای نەینەوا ده‌كه‌ین كه‌ بەدەست چەندین کێشەو گرفته‌وه‌ دەناڵێنن.

کردنەوەی زانکۆیەکی حکومی لە شنگال
وتیشی: یەکێک لە پڕۆژە و بەرنامەکانی هاوپەیمانیی (اتحاد اهل نینوی) ژمارە 142 کردنەوەی زانکۆیەکی حکومییە لە قەزای شنگال، ئەمانە و چەندین خاڵی گرنگی تر لە پێشینەی کارەکانمانن لە ئەنجومەنی نوێی پارێزگای نەینەوا، خەڵکی شنگال و ناوچەکانی تری پارێزگاکە به‌گشتی لایه‌نگری جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور و رێبازی سەرۆک مام جەلالن. به‌مه‌به‌ستی پێکەوەژیانی هه‌موو ئایین و پێكهاته‌كانی سنووری پارێزگای نەینەوا بەبێ جیاوازی.

هاوپەیمانییەکە  هاوپەیمانییەکی نیشتمانییە
كاوه‌ نه‌جمه‌دین كاندیدی ژماره‌ ٤٥ له‌سه‌ر لیستی ١٣٤ی هاوپه‌یمانییەکە راگه‌یاند: هاوپەیمانیی اتحاد اهل نینوی هاوپەیمانییەکی نیشتمانییە بۆ هەموو دانیشتووانی پارێزگای نەینەوا بەبێ گوێدانە جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی و مه‌زهه‌بی و سیاسییان، بەرنامە و کارنامەی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ هاوپەیمانیی (اتحاد اهل نینوی) بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیانی نەینەوا به‌گشتییه‌، هەرچەندە پارێزگای موسڵ خاوه‌نی داهات و سەرچاوەی دارایی زۆرە، به‌ڵام خەڵکی پارێزگاکە وه‌ك پێویست سوودیان لێ نەبینیوە، لەڕووی خزمەتگوزارییەوە جیاوازییەکی گەورە هەیە بە بەراورد بە پارێزگاكانی دیكه‌ی عیراق.

خزمەتکردنی قەزای مەخموور
وتیشی: سیاسەتی نوێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەهۆی بەرنامەكانییه‌وه‌ کە لە دوای کۆنگره‌وه‌ دەستیپێکردووە و له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ره‌نگده‌داته‌وه‌، بەتایبەتی بۆ نەینەوا کە دووەم گەورەترین پارێزگای عیراقە، هه‌روه‌ها سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال وایكردووه‌ هەموو پێكهاته‌كان و ئایینە جیاوازەکانی سنووری پارێزگای نەینەوا و عیراق بەگشتی بە دیدێکی جیاوازه‌وه‌ پێشوازیی له‌ بەرنامەکەی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بكه‌ن، لەماوه‌ی رابردوودا كارمان كردووه‌ بۆ خەڵکی قەزای مەخمور، بۆ نموونە چارەسەرکردنی کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی جووتیارانی سنووری قه‌زای مه‌خمور. لەڕووی خزمەتگوزارییەوە توانیمان کێشەی ئاوی قەزاکە و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری چارەسەر بکەین و هاوکار و پشتیوانی خەڵک بووین. چونكه‌ خزمەتگوزاریی لە قەزای مەخمور تاڕادەیەک سنووردارە لە نێوان حکومەتی هەرێم و عیراقدا بەهۆی مادەی 140ەوە، بۆیە لیستی هاوپه‌یمانی (اتحاد اهل نینوی) بەرنامەی گونجاوی هەیە بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ئه‌م سنووره‌ و پارێزگای نەینەوا به‌گشتی، به‌تایبه‌تی لەڕووی خزمەتگوزارییەوە.
جێی ئاماژەیە پارێزگای نەینەوا لە هەشت قه‌زا پێکدێت و ژمارەی دانیشتووانی چوار ملیۆن و 200 کەسە، ژمارەی دەنگدەرانیش یەک ملیۆن و 900 هەزار کەس زیاتره.

#هەڵبژاردن

بابەتە پەیوەندیدارەکان