هەر کاندیدێک ئەمە بکات دەریش نەچێت هەر براوەیە

10:54 - 2023-11-20
دووتوێ
330 جار خوێندراوەتەوە

هێمن حەسەن جاف

تۆنی رۆبنز لە کتێبی تەنها مەحاڵ مەحاڵە، دەڵێت: لە ژیاندا هەرچیت بەسەردێت مەیبەستەوە بە چارەنووس و چانس، شتێک نییە بەناوی چارەنووس و بەخت، ئەوەی بەسەرت دێت بێگومان دەرەنجامی بڕیاری خۆتە.
ئەگەر تۆ کاندیدی، بێگومان لەنێو رمبازییەکی سیاسیدا هەڵپەی ئەوەتە لە کوێی دەرەنجامی ئەم هاوکێشەیە خۆت ببینیتەوە. کەواتە ئێستا تۆ خۆت بە قەدەر و چانسەوە دەبەستیتەوە، یاخود چ بڕیارێکی دروست دەدەیت بۆئەوەی پلەی چەندەم لە ریزبەندیی ماڕاسۆنەکەدا تۆمار بکەیت؟ بڕیارە دروستەکە چییە و پێویستە کاندید چی بکات بۆئەوەی لەو سەرەوە بە روویەکی سوورەوە پێشوازی لە دەرەنجامی دەنگەکانی بکات؟
هەنگاوی یەکەم: کاندید، دروست وەک پۆلی 12ی ئامادەیی وایە، جاران پێش تاقیکردنەوە مۆڵەتیان دەداینێ بۆ خۆئامادەکردن، لەو ماوە زەمەنییە، نەخشە رێگای خوێندن و پێداچوونەوە دیاری دەکرا بۆئەوەی هەموو وانەکان کۆنتڕۆڵ بکەیت، کاندیدیش ئەم 40 رۆژەی هەڵمەتی هەڵبژاردن وەک هەمان دەرفەتە بۆئەوەی زۆرترین هەڵمەتی گەڕان ماڵ بەماڵ بکات.
هەنگاوی دووەم: بریتییە لەوەی تۆ دەبێت کار لەسەر دوو ئامانج بکەیت، یەکەمیان: بۆ دەرچوون واتە هێندە بە جدی کاربکەیت هیچ شتێک ساردت نەکاتەوە، لەهەر حاڵەتێکیش دڵنیابووی دەرناچیت، گرنگە ئامانجی دووەمت دەرنەچوویەکی براوە بیت!

کێن ئەو کەسانەی  دەرنەچووی براوەن؟
ئەو کاندیدانەی لەدوای دەرچووەکان، خاوەنی زۆرترین دەنگن لە ریزبەندیی کاندیدەکانی تر، بێگومان ئەوانە دەرنەچووی براوەن، جگە لەوەی ناویان لە مێژووی خاوەنی زۆرترین دەنگە باڵاکاندا تۆمار دەکرێت، هاوکات ئەولەویەتی ئەوەیان دەبێ لەپاش هەڵبژاردنەکان و جێگیربوونی حکومەتی لۆکاڵی، داوای پۆستی باڵای ئیداری بکەن.

چی بکەیت بۆئەوەی زۆرترین دەنگ بەدەست بێنیت؟
جگە لە دۆست و خزم و لایەنگر، دەنگی خۆڵەمێشی هەیە، جگە لەوانە کەسانێک هەن من ناوم ناون دەنگی فزوڵی یان دەنگی داخوازی، بەو کەسانە دەوترێت حەز دەکەن دەنگ بدەن، بەڵام پێیان خۆشە کاندیدێک تەکلیفیان لێبکات، لەم ماوەیەدا لە مەجلیسێکدا بووم، دروست یەکێک لە ئامادەبوان وتی: من دەنگی خۆم بە هەوانتە بە کەس نادەم تا کاندیدێک تەکلیفم لێ نەکات و پێم نەڵێت. کەواتە گرنگە تۆ لەم ماوەیەدا شەو و رۆژ بخەیتە سەریەک، بۆ زۆرترین هەڵمەتی دەرگا بە دەرگای ماڵان و تەکلیفی دەنگ لە یار و نەیار بکەیت.
هەنگاوی سێیەم، تا دەتوانی لەسەر ئاستی تاک و خێزان و هاوڕێ و دۆست کار بکە و ماڵان بگەڕێ، هێندە کاتی خۆت بە رێوڕەسمە گشتییەکانەوە مەکوژە.

#هەڵبژاردن

بابەتە پەیوەندیدارەکان