پەیامی ئەمڕۆ وەک پەیامەکانی تر نابێت، چونکە ئەمڕۆ رۆژانی دوای ئیڤێنتە گەورەکەی کەرکوکە، ئەو شایی و زەماوەندە گەورەیەی دۆستان و لایەنگرانی (هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە) قسەی خۆیان تیادا کرد و پێشوەختە جاڕی سەرکەوتنی لیستی ١٤٢ یان دا.
ئیڤێنتەکەی کەرکوک قسەی دڵی کەرکوکییەکان و پەیامی راشکاو بوو لەسەر نیەتی کوردانە و دیموکراتیانەی هەموومان بۆ وەرگرتنەوەی دەسەڵات. هاوپەیمانی ١٤٢ بە ئاشکرا رایگەیاند پۆستی پارێزگارمان دەوێت بۆ خزمەتی کەرکوک، دەسەڵاتمان دەوێت بۆ ئەوەی چیتر ئەم شارە رەسەنەی قوڵایی مێژوو بە وەکالەت و بە کەفالەت رۆژ و سەعاتی بێ هودە بەڕێنەکات. بۆ ئەوەی (ئارابخا) و قەڵا سەربەرزەکەی کەرکوک بەدەست پارێزگارێکی شپرزەوە نەبێت کە ناتوانێت تەنانەت خشتەی پشووەکانیش رێکبخات.
هاوپەیمانیی کەرکوک هەر بەڵێنی قیرتاو و میراو و خزمەتگوزاری شارەوانییەکان نادات بە دەنگدەرانی، بەڵکو بەڵێنی ئیدارەیەکی هەمەڕەنگ و هەمە پێکهاتە و هەمە خزمەت دەدات کە جیاوازی دەسەڵات لە سەردەمی تەعریبی کۆن و نوێ و سەردەمی ئیدارەی (هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە) دەردەخات.