قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە پانێلی (پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و داهاتووی عیراق) لە چوارەمین كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی ئەمریكی لە دهۆك رایگەیاند: بوونی دەستوور بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە و پێویستە دەستوورمان هەبێت، بەڵام پێویستە دەستوورەكەمان لەگەڵ دەستووری عیراق هاوتەریب بێت، نەك پێچەوانە بێت.
وتیشی، لەگەڵ ئەوەی چەندین جار لەلایەن عیراقەوە بۆ مافە دەستوورییەكانمان، دەستوور پێشێل كراوە، بەڵام بەشێكی ئەو پێشێلكارییەش پەیوەندی بەوەوە هەیە كە ئێمەش وەك هەرێمی كوردستان غیابی دەستوورمان هەیە.
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند: بەڵێ كوردستان پێویستی بە دەستوورە، بەڵام دەستوور كێشە سەرەكییەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر ناكات وەكو پرسی گرنگی بودجە و مووچە كە بوونەتە كێشەی گەورە لە كوردستان، هەرچەندە كێشەكە لە دەستووری عیراق و زارەوەكانیدا ناو دەستوور نییە، پرسیارە سەرەكییەكە ئەوەیە كە ئایا پێكهاتەكانی عیراق دەتوانن و دەیانەوێت پێكەوە بژین؟.
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشكرد، وەك كورد پێویستە پێش هەموو شتێك، نێوماڵی خۆمان یەكبخەین، لەگەڵ ئەوەشدا نابێت پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەغدا فەرامۆش بكەین، بە پێچەوانەوە پێویستە ئەو پەیوەندیانە بەهێزتر بكەین، هەروەها پێویستە پرسی فیدراڵیزم لە عیراق چارەسەر بكرێت، چونكە بەبێ چارەسەركردنی ئەو پرسە دەستووری كوردستانیش چارەسەر نابێت و ئەم كێشانە پێكەوە بەستراون.
لەبارەی فیدراڵیزمەوە جێگری سەرۆكی حكومەت رایگەیاند، پێكهاتەكانی عیراق بەشێوەیەكی جیاواز پێناسەی فیدراڵیزم دەكەن دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدراڵیش دەبێتە هۆی بوونی هاوسەنگی لە نێوان پێكهاتەكانی عیراقدا، بەبێ ئەنجومەنی فیدراڵیش ئەكرێ سیستمی فیدرالیزم لە عیراق جێبەجێ بكرێت، هاوكات پێویستە گفتوگۆی راستگۆیانە لەبارەی داهاتووی عیراقەوە هەبێت
وتیشی: وەك هەرێمی كوردستان پێویستمان بە دەستووری دووەمە و پێویستە سیستمێكی خۆمانمان هەبێت، راستە دەستوور باڵانسی زیاتر دەداتە ژینگەی سیاسی، بەڵام ئەگەر عەقڵییەتێكی باشمان نەبێت دەستوور ناتوانێت هەموو كێشەیەك چارەسەر بكات، لەم روانگەیەشەوە عیراق پێویستی بە رێكخستنەوە هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین پێكەوە لە عیراقێكی ئازاددا بژین".
قوباد تاڵەبانی تەئكیدی كردەوە پێش هەموو شتێك پێویستە عەقڵییەت هەموار بكرێتەوە، چونكە دەستوور و یاسا بەتەنها نابنە چارەسەر بۆ كێشەكان، لە رابردوودا كورد بەشدارێكی كارا بوو لە یاسای بودجە، بەڵام كورد چ سوودێكی لە یاساكە بینی؟ یان یاسا چ سوودێكی هەیە ئەگەر جێبەجێ نەكرێت؟" راشیگەیاند، رووداوەكانی ئەم دواییە لە عیراق دەرخەری ئەوەن كە كێشەكان سیاسین و پێویستە گفتۆگۆی راشكاوانە و راستگۆیانە لەبارەی داهاتووی عیراقەوە بكرێت.
سەرچاوە: pukmedia