كاندیدانی هاوپەیمانیی كەركوك پڕۆژەی جیاوازیان هەیە

10:01 - 2023-11-21
ڕاپۆرت
869 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

لەژێر دروشمی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە كەرنەڤاڵی ناساندنی پاڵێوراوانی لیستی ١٤٢ بەڕێوەچوو، لە هۆڵی سەنتەری رۆشنبیری كەركوك کاندیدان بە پڕۆژەی جیاوازەوە بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆیان بۆ جەماوەرەكەیان راگەیاند.

جێبەجێکردنی یاسا وەک خۆی
نەشئەت شاهوێز خورشید، ناسراو بە نەشئەت جەوازات، كاندیدی ژمارە ٣، لەسەر لیستی١٤٢ی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە رایگەیاند، ئێمە وەك بەربژێرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە هەوڵی ئەوەدا دەبین یاسا و یەكە كارگێڕییەكان بۆ كەركوكییەكان بەبێ جیاوازی بگێڕینەوە مافی هاووڵاتیانیش لە هەموو روویەكەوە فەراهەم بكەین، لەبەرئەوەی لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە یاسا لەم شارەدا چۆتە چوارچێوەی ململانێیەكی سیاسی نا شەرعییەوە، خۆی دەبینێتەوە لە سەپاندنی پارێزگاركارێكی بە وەكالەت كە هەموو كاروچالاكییەكانی لە چوارچێوەی خزمەتی پێكهاتەیەكی شارەكەدا كار دەكات، بۆیە هەوڵ دەدەین هاوسەنگی بگەڕێنینەوە بۆ هەموو پێكهاتەكان.

بەدیهێنانی ژینگەیەکی خاوێن
د.سوزان شوانی، كاندیدی ژمارە ٢٤، لەسەر لیستی١٤٢ی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە وتی، بەربژێرانی یەكێتی لە كەركوك، لە هەوڵی ئەوەدا دەبین لە چوارچێوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا كار بكەین بۆ سەرخستن و جێبەجێكردنی رێنماییە نێودەوڵەتییەكان بۆ ژینگە و ئاو و هەوا تا بتوانین ژینگەی كەركوك لەو چوارچێوەی ستانداردە جیهانییانە دەرنەچێت كە بۆ ژینگە دانراوە، چونكە ئێستا شارەكە بەهۆی قەیرانی ژینگەییەوە دەناڵێنێت و بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە شارەکەدا.

خزمەتکردنی هەموو پێكهاتەكان
پێشەنگ شێخ بورهان چوارداخی، كاندیدی ژمارە ٢٦، لەسەر لیستی١٤٢ی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە دەڵێت، وەك بەربژێری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پارێزگای كەركوك، هەوڵدەدەم خزمەتی هەموو پێكهاتەكانی شارەكە بكەم بەبێ جیاوازی و تایبەتمەندی گەڕەكە كوردییەكان لەبەرچاو بگرم، چونكە لەڕووی خزمەتگوزارییەوە فرامۆش كراوە و وەك پێویست خزمەت نەكراوە و پڕۆژەكانی بەنیوە چڵی بەجێهێڵدراوە ئەویش لەچوارچێوەی سەپاندنی پارێزگارێكی بەوەكالەتە كە لە خزمەتی تەنها پێكهاتەیەكدا كاردەكات.

جێبەجێکردنی پڕۆژە گەورەکان
د.عمر مامۆ، كاندیدی ژمارە ٥، لەسەر لیستی١٤٢ی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە رایگەیاند، وەك بەربژێری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە کەرکوک، هەوڵدەدەم لەچوارچێوەی كارەكانماندا لە ئەنجومەن پڕۆژەی گەورە و بەسوود جێبەجێ بكەین، هەروەها ئەو پڕۆژانەی لە رابردوودا جێبەجێ نەكراون تەواو بكرێن و بەجوانترین شێوازی ئابوورییانە بەرهەم بهێنرێن، بودجەی شارەكە لەخزمەت هاووڵاتیاندا بێت بەبێ جیاوازی، چونكە پڕۆژە گەورەكانی شارەكە وەستاون و جێبەجێ ناکرێن.
بایەخدان بە قەزا و ناحیەكان 
بڕیار رافت ئەحمەد، بە بڕیار شوانی ناسراوە، كاندیدی ژمارە ١٨، لەسەر لیستی١٤٢ی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە دەڵێت، وەك بەربژێرێكی ئەنجومەنی پارێزگاكە لە هەوڵی ئەوەدا دەبم بایەخی زیاتر بە قەزا و ناحیەكانی كەركوك بدرێت و ئاوەدان بكرێتەوە، چونكە تا رادەیەكی زۆر لە خزمەتگوزارییەکانی ئاو و كارەبا و رێگەوبان پشتگوێ خراون بۆیە هەوڵدەدەین تەعریب ریشەكێش بكەین و تاهەتایە خەونی داگیركەران لە بنبهێنین.

پێکهێنانی ئیدارەیەکی سەربەخۆ
ئەندازیار جیهان ئیبراهیم زەنگەنە، بە جیهانی ئاو ناسراوە، كاندیدی ژمارە ٢٠، لەسەر لیستی١٤٢ی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە وتی، لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان لە هەوڵی ئەوەدا دەبین ئیدارەیەكی سەربەخۆ دروست بكەین و دەبین بە قەڵغان بۆ پاراستنی خەڵكی كەركوك، هەروەها لە هەوڵدا دەبین بۆ سزادانی هەموو ئەوانەی ئیدارەی شارەكەیان بە ناڕێكی بەڕێوە بردووە.
وتیشی، لە هەوڵی جێبەجێکردنی سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی ئاو و ئاوەڕۆدا دەبین بۆ هاووڵاتیانی شارەکە و كەركوك دەكەینە ناسنامەی ئاشتی و پێكەوەژیانی نەتەوەكان و خزمەتگوزاری و پەرەپێدانی ئابووری ئەركی سەرەكیمان دەبێت.
رۆژی 1/11/2023 بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق دەستی پێكرد و بڕیارە رۆژی 18/12/2023 پڕۆسەی هەڵبژاردن لە سەرجەم پارێزگاکانی عیراق جگە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت، بەپێی ئامارێكی ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق لە كەركوك یەك ملیۆن و 153 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە.

#هەڵبژاردنی پارێزگاکانی ناوچە دابڕێنراوەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان