لە سەردەمی ژیریی دەستکردا نەخوێندەوار کێیە؟

09:58 - 2023-11-23
ئابووری
361 جار خوێندراوەتەوە

فەیسەڵ عەلی



نەخوێندەوار کێیە لەم سەردەمەی ئێستای ژیریی دەستکردا؟ هەر بە راستی ئایا چ کارامەییەک هەیە،  دەبێ فێری بیت تا لە ئایندەی نزیکدا کارەکەت لەدەست نەچێت؟
کارەکەت هەرچییەک بێت، خۆشت بوێ یان نا، لەو کەسانە بیت، کە ژینگەی کارەکەت خۆش دەوێ یان لێی بێزاریت، بەڵام لەوەدا لەگەڵم کۆک دەبیت، کە بەوە دڵخۆش نابیت ببینی رۆبۆتێک، یان ئامێرێکی ژیریی دەستکرد بۆتە جێگرەوەت، ئەوەی خەمبارترت دەکات، ئەوەیە کاتێک دەزانیت کە ئەو کارامەیی و شارەزاییەی هەتە لە داهاتوویەکی نزیکدا فریات ناکەوێ، بەڵکو بە پێچەوانەوە، کۆمپانیاکەت یان دامەزراوەکەت بە دوای کەسێکدا دەگەڕێت، کارامەییەکی هەبێت، هەرگیز نەتزانیوە کە دەبوو تۆ ئەو کارامەییەت هەبوایە. لەبەرئەوە دەکرێ لە خۆت بپرسیت، ئەو کارامەییە چییە، کە دەبوو بە زووترین کات بەدەستت بهێنایە، تاوەکو کارکەت لەدەست نەدەیت یان تاوەکو لەم زەمانەدا نەخوێندەوار نەبوویتایە؟

رەنگە تێبینیت نەکردبێت
باس لەوە مەکە، کە تێبینی ئەوەت نەکردووە، ژیریی دەستکرد چۆتە نێو هەموو بوارەکانەوە، ئەگەر پارێزەر بیت، ئەوا لە داهاتوودا ژیریی دەستکرد دەتوانێ باشتر لە تۆ کارەکان راپەڕێنێت، ئەگەر ئەندازیاری تەلارسازیش بیت، پێت وابێت لە دیزاینکردنی باشترین باڵەخانە و خانوبەرەدا ئەندازیارێکی نمونەییت، ئەوا ژیریی دەستکرد بەرۆکت بەرنادات، ئێستا ئەو بە کوالیتییەکی زۆر بەرزەوە دیزاینی باڵەخانە و خانوبەرە و تەنانەت دیزاینی شاریشت بۆ دەکات، بە جۆرێک کە هەرگیز بە خەیاڵتدا نایەت. 
ئەگەر پزیشک بیت، باشتر لەوانیتر دەزانیت، کە دەستە رۆبۆتەکان بە کردەوە لەناو ژووری نەشتەرگەرییەکاندان، کۆمپیوتەرەکان دەتوانن نەخۆشییەکان دەستنیشان بکەن و زیاد لەویش دەتوانن پێشبینیشی بکەن، ئەگەر رۆژنامەنووسی یان میدیاکاریی و شانازی بەخۆتەوە دەکەیت کە لە ئایندەی ژیریی دەستکردا شوێنت هەیە، ئەوە بزانە کە ژیریی دەستکرد، لەناو ژوورەکانی هەواڵدایە و هەواڵەکان پێشکەش دەکات و وتار و هەواڵی زۆربەی بوارەکان دەنوسێت، بەم نزیکانەش کۆی مەنزومەی میدیایی بەڕێوە دەبات. ئەگەر مامۆستایت و بەخۆت دەڵێی سیستمی خوێندن بەهیچ جۆرێک دەستبەردارم نابێت، تەنانەت ئەگەر بە رۆبۆتیش نەتگۆڕێتەوە، ئەوا رووبەڕووی گرفتێک دەبیتەوە، ئەو کارامەیی وانەوتنەوەی هەتە بەکەڵکی ئایندەی ستستمی خوێندن نایەت، بە داوای لێبوردنەوە مامۆستای بەڕێزم، بەو کارامەییەی ئێستاتەوە نەخوێندەواریت.

گۆڕانکارییەکە نزیکە
بە پێی توێژینەوەکان، لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا %44ی کۆی کارامەییەکان دەگۆڕدرێن، ئەو  کارامەییە پێشکەوتووەی ئێستا، لە داهاتوویەکی نزیکدا ئاستەکەی زۆر دادەبەزێت، ئایندە کارامەیی نوێ دەخوازێت، بۆ نموونە، دەبێ لانیکەم بزانی چۆن ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنێت. پێویستە لە ژیریی دەستکرد بگەیت و لەوەش تێبگەیت چۆن بۆ بەڕێوەچوونی کارەکانت بەکاریان دەهێنیت، بۆ ئەوەی باشتر و خێراتر بیکەیت، ئەگەرنا خۆت سەرەنجامەکەی دەزانیت.
کارکەت هەرچییەک بێت، دەبێ فێری چۆنێتی بەکارهێنانی ئامراز و ئامێرەکانی ژیریی دەستکرد ببیت، چۆن دەیکەیتە یاریدەدەری خۆت، تا بە شێوەیەکی باشتر و خێراتر و داهێنەرانەتر کاروبارەکانت بۆ بەڕێوەبەرێت. چەند کارکەت لە کاری مرۆییەوە نزیک یان دوور بێت لە بەکارهێنانی ئامێر و رۆبۆت و کۆمپیوتەرەوە، دەبێت فێر بیت لە رێی ژیریی دەستکردە ئەوەی دەیکەیت باشتری بکەیت، ئەمە تەنها بۆ فەرمانبەران و کارمەندان نییە، بەڵکو بەڕێوەبەران و خوێندکارانیش دەگرێتەوە. کارامەییەکانی ژیریی دەستکرد، دەبێتە خواستێکی یەکجار زەروری هەموو قۆناغەکانی ژیان.

هزر و خەیاڵی جیاواز
لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمی داهاتوودا، لێت دەخوازرێت
(GPT  Chat) و ئامێرەکانی تری ژیریی دەستکرد بەکاربهێنیت، تا بتوانی دەق و وێنە و ڤیدیۆ و نەخشە و دیزان بە هزر و خەیاڵی جیاواز بەرهەم بهێنیت، هەندێک جار لێت دەخوازرێت چۆن داتاکان و زانستی داتا بۆ بەڕێوەچوونی کارەکانت بەکار بهێنیت، لێت دەخوازرێت یان بە ناچاری دەبێ بە هەموو شتێکی نوێی جیهانی تەکنۆلۆجیا خۆت رۆشنبیر بکەیت، تاوەکو بتوانی هەموو ئەو نوێگەرییانەی لەم جیهانە هەیە لە بواری کار و پسپۆرییەکەتدا بەگەڕ بخەیت.
لە داهاتوویەکی نزیکدا، چیتر کارامەیی کۆمپیوتەرە باوەکان ئەو گرنگییەی نامێنێت، مەڵێ من لە چاپکردندا شارەزام و دەتوانم بە باشترین شێواز پرۆگرامەکانی ئۆفیس بەکاربهێنم، تەنانەت لە داخلکردنی داتاش، لە ئایندەیەکی نزیکدا هەموو ئەو شارەزاییانە بێ بەها دەبن، پێویستە کارامە بیت لە بەکارهێنانی ئەو پرۆگرام و ئامرازانەی بە ئۆتۆماتیکی و بەبێ دەستوەردانی تۆ هەموو ئەو ئەرکانە جێبەجێ دەکەن، لێت دەخوازرێت شێوازی بیرکردنەوە و مامەڵەکردنت لەگەڵ ژیریی دەستکرد نوێ بکەیتەوە، دەبێت بیکەیتە هاوڕێ و یاریدەدەرت تا لە شوێنەکەت دانەنیشێت.

پشتبەستن بە نوێبوونەوە
لە ئایندەدا، زۆربەی کات کارامەیی چۆنێتی بەکارهێنانی ئامرازە نوێیەکانی جیهانی تەکنۆلۆجیایە، لەگەڵ دەرکەوتنی(GPT Chat)، خواست لەسەر پسپۆڕانی ئەم سیستمە زیادی کرد تا ئەو تەکنیکە بهێننە ناو دامەزراوەکان و راهێنان بە کارمەندانیان بکەن. 
چیتر ئایندە پشت بە کارامەییەک نابەستێت کە پشت بە خێرایی یان بە دووبارەبوونەوە ببەستێت، بەڵکو پشت بە کارامەییەک دەبەستێت کە رۆژانە بە خێرایی خۆی نوێبکاتەوە، لەبەر ئەوەی ئەگەر ئەمڕۆ لێت بخوازرێت ئامێرێک بەکاربهێنیت، ئەوا بۆ سبەی دەبێ فێری ئامێرێکی پێشکەوتوو تر بیت، بەو خێرا گەیشتنە بە پێشکەوتن کارێکی ئاسان نییە، بەڵام ئەگەر ئەو پرسەت کردە حەز بۆ پەرەدان بە خودی خۆت، ئەوا چێژی لێ وەردەگریت. گرنگ ئەوەیە لە رۆژانی داهاتوودا پێت نەڵێن نەخوێندەوار.

بابەتە پەیوەندیدارەکان