راگەیەنراوى هاوبەشى کۆبوونەوەى یەکێتی و گۆڕان

02:18 - 2023-11-25
کوردستان
418 جار خوێندراوەتەوە

رۆژى شەممە (25/11/2023)، وەفدێکى باڵاى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بە سەرۆکایەتى بافڵ تاڵەبانى و وەفدی یاوەرى لە مەکتەبى سیاسى، سەردانى مەکۆى سەرەکى بزووتنەوەى گۆڕانیان لە شارى سلێمانى کرد و لە لایەن وەفدی باڵاى بزووتنەوەى گۆڕان بە سەرۆکایەتى مستەفا سەید قادر و وەفدی خانەى راپەڕاندن و جڤاتى نیشتمانى پیشوازیان لێکرا. 
لە کۆبوونەوەکەدا چەند تەوەرێکى گرنگ و هەستیارى پەیوەندیدار بە ژیان و گوزەرانى خەڵک و دۆسێى سیاسى، ئیدارى و ئەمنى ناوچەکە و عیراق و هەرێمى کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
 
پرسى یەکخستنى نێوماڵى کورد و ئامادەکردنى  نەخشەڕێگایەکى هاوبەشى کوردستانى بۆ پەیوەندى و مامەڵەکردن لەگەڵ عیراق و ناوچەکە و حکومڕانى هەرێمى کوردستان گفتوگۆى لەسەر کرا، هەروەک جەختکرایەوە لەو پەشێوى و ئاڵۆزیانەى لە ناوچەکەدا هەیە، هەوڵبدرێت کورد نەچێتە سەنگەربەندى نێوان لایەنە ناکۆکەکان و ئاسایش و ئارامى هەرێمى کوردستان و هاووڵاتیان لە هەر ئەگەرێکى نەخوازراو بپارێزرێت.
 
هاوکات دۆخى ژیان و بژێوى هاووڵاتیان و کاریگەرى قەیرانى دارایی لەسەر مووچەخۆران و مامۆستایان بەشێکى گرنگى کۆبونەوەکەى پێکهێنا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى ئیتیحادى بگەنە خاڵى هاوبەش و رێکەوتن بۆ چارەسەرى کێشەى پشکى هەرێم و دابینکردنى مووچە لە کاتى خۆیدا، ئەمەش لەپێناوی دەستپێکردنەوەى پڕۆسەى خوێندن لە سنوورى پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بۆ چارەسەرى کێشەکانى تەندروستى و کارەبا و خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتیان.

کۆبوونەوەکە، هەڵوەستەى لەسەر پرسى هەڵبژاردنەکان کرد، هەردوولا جەختیان کردەوە لەوەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە وادەى خۆیدا بکرێت و ئاستەنگەکانى بەردەمى لاببرێن، بەتایبەت کە هەرێمى کوردستان لە بەردەم بۆشایی هەندێک لە دامەزراوە شەرعیەکانیدایە، هەروەها هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانیش لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و هەردوولا هاوڕابوون لە گرتنەبەرى رێوشوێنى پێویست تا هانى زیاتری هاووڵاتیانى کورد بدات بۆ بەشداریکردنى کارا لە پڕۆسەکەدا.
 
 
یەکێیتى نیشتمانیى کوردستان بزووتنەوەى گۆڕان

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان #بزووتنەوەی گۆڕان

بابەتە پەیوەندیدارەکان