فەیسەڵ عەلی
دەیڤد ریکاردۆ ئابووریناس و سیاسییەکی ئینگلیزییە، بە یەکێک لە دیارترین هێماکانی قوتابخانەی کلاسیکی ئابووری دادەنرێت، نووسەری گرنگترین کتێبە لە مێژووی ئابووریی سیاسییدا ئەویش(پرەنسیپەکانی ئابووریی سیاسی و باج)ە، خاوەنی چەندین تیۆریی ئابوورییە، دیارترینیان تیۆریی (میزەی رێژەییە) لە بواری بازرگانیی نێودەوڵەتیدا.
ریکاردۆ لە رۆژی 18 نیسانی 1772دا لە شاری لەندەن لە خێزانێکی بۆرژوازی بە بنەچە پورتوگالی لە دایکبووە، ساڵی 1760 لە ئەمستردامی هۆڵەندەوە هاتوونەتە ئینگلتەرا و لەوێ نیشتەجێبوون.
شارەزای بازاڕی کار دەبێت
لە تەمەنی 21 ساڵییەوە، بەهۆی دروستکردنی خێزانەوە خانەوادەکەی بەجێ دەهێڵێت و لە بواری بۆرسە و بانکەکاندا دەست بە کارکردن دەکات و لەماوەی چەند ساڵێکدا سامانێکی زۆر کۆدەکاتەوە.
خێزانەکەی بۆ خوێندن دەینێرنە هۆڵەندە، لەوێ خوێندنی بنەرەتی تەواو دەکات و لە ساڵی 1786 دەگەڕێتەوە لەندەن، لە میانی کارکردنی لەگەڵ باوکی لە بواری بۆرسەدا، شارەزای کاری بانکی و بازاڕی کاغەزە داراییەکان دەبێت و لە گرنگیی ئەو دامەزراوانە و کاریگەرییان لەسەر ئابووری تێدەگات. دوای ئەوەی سامانێکی زۆر کۆدەکاتەوە، ژمارەیەک پارچە زەوی دەکڕێت، لە ساڵی 1814دا خۆی بۆ خوێندنەوەی هزری ئابووری و تیۆرییەکانی تەرخان دەکات.
کاریگەریی ئابووریی لیبراڵی
ریکاردۆ، دوای ئەوەی لە ساڵی 1799دا کتێبی (سامانی نەتەوەکان) خوێندەوە، کەوتە ژێر کاریگەریی هزری ئابووریی لیبڕاڵی ئادەم سمیسەوە، هەروەها هاوڕێیەتی لەگەڵ هەریەک لە جەیمس مێل و تۆماس مالتۆس هەبوو، هەروەها کاریگەریی جێریمی پنتام و هاوڕێکانی رۆڵیان لە پێکهێنانی هزر و بۆچوونەکانیدا گێڕا. ریکاردۆ ئابووریناسێکی لیبڕاڵە و بەرگری لە ئازادیی کار و بازرگانی و ئاڵوگۆڕی ئازادی نێوان دەوڵەتان دەکرد.
ریکاردۆ تا تەمەنی 42 ساڵی لە بواری بازاڕی دارایی و بانکەکاندا کاری دەکرد، دواتر خۆی بۆ خوێندنەوە و نووسین و کاری سیاسی تەرخان کرد. لە ساڵی 1819دا کورسی ئەنجومەنی گشتیی بەریتانیای بەدەستهێنا و تا ساڵی 1823 وەک ئەندام مایەوە، بەهۆی نەخۆشییەوە بە چەند مانگێک بەرلە مردنی خۆی خانەنشین کرد.
دەرفەتێک بۆ گوزارشتکردن
سەرەتای دەستپێکی ریکاردۆ لەگەڵ نووسین و بەرهەمی هزری بە بۆنەی جەنگەکانی ناپلیۆنەوە بوو، کە دەرفەتی بۆ گوزارشتکردن لە تێڕوانینە ئابوورییەکانی بۆ رەخساند، ئەویش لە میانی کۆمەڵێک وتار کە لە ماوەی نێوان ساڵانی 1809 بۆ 1810، لە رۆژانەی (مۆنینگ کرۆنیکڵ) بڵاوکردەوە، تێیدا باسی لە هەڵئاوسانی دارایی و راگرتنی ئاڵووێری دراوی کاغەزی بۆ زێڕ کرد، کە ئینگلتەرا پێوەی دەیناڵاند، ئەویش لە ئەنجامی زیادەڕۆیی بانکی ئینگلتەرا لە چاپکردنی دراوی کاغەزی بوو، ریکاردۆ ئەویشی بە دابەزینی بەهای دراوی نەختینەی ئینگلیزییەوە گرێدا.
دواتر بە پشتبەستن بەو وتارانەی، لە ساڵی 1811دا یەکەم بەرهەمی بە ناونیشانی (نرخی بەرزی قاڵبی زێڕ، بەڵگەی داشکانی بەهای دراوی کاغەزینە) بڵاوکردەوە، دەسەڵاتی نەختینە بە پەیڕەوکردنی تێڕوانینەکانی بانکی ئینگلتەرای رێکخستەوە، ئەو بەرهەمەی وەک بنچینە زانستییە سەرەتاییەکانی تیۆریی بڕەکی نەختینە دادەنرێت.
بڵاوکردنەوەی وتارەکانی
ریکاردۆ دوای خۆتەرخانکردنی بۆ خوێندنەوەی هزری ئابووریی تیۆریی، لە ساڵی 1815دا، کتێبێکی بەناوی (وتارێک سەبارەت بە کاریگەرییەکانی نرخی نزمی گەنم لەسەر قازانجی سەرمایە) بڵاوکردەوە، تێیدا هەوڵیداوە راڤەی پەیوەندیی نێوان موڵکانەی عەقاری و کرێ و قازانج لە ئابوورییەکدا بکات کە پشت بە یەک بەرهەم دەبەستێت ئەویش گەنمە، پاشان راڤەکردنەکەی بەسەر ئابوورییەکی هەمەڕەنگدا پراکتیزە کرد، ئەویش لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بوو بە ناوی (پرەنسیپەکانی ئابووریی سیاسی و باج) کە لە ساڵی 1817دا بڵاویکردەوە، دوای پوختەکردنی و قووڵکردنەوەی بنچینە زانستییەکانی تیۆرییەکەی، لە ساڵی 1819 و ساڵی 1821یشدا چاپیکردەوە.
ریکاردۆ چەند بەشدارییەکی دیاری لە پەرەپێدانی زانستی ئابووریی سیاسییدا هەبووە، ئەگەرچی وەک ئادەم سمیس یان تۆماس ماڵتۆس کەسێکی ئەکادیمی نەبوو، بەڵام لە داڕشتنی هزر و تیۆرییەکانیدا پشتی بە میتۆدێکی توندی زانستی بەستبوو، لایەنی پراکتیکیی ژیانی مۆرکێکی واقیعیانەی بە هزر و تێڕوانینەکانی دابوو.
بەشداریی لە زانستی ئابووریدا
تیۆریی (میزەی رێژەیی) بە گرنگترین بەشدارییەکانی ریکاردۆ لە زانستی ئابووریدا دادەنرێت، لە رێی ئەم تیۆرییەوە روونیکردەوە، کە لە بەرژەوەندیی هەر دەوڵەتێکدایە پسپۆڕیی لە بەرهەمهێنانی کاڵایەکدا بکات، کە تێچوونەکەی بەراورد بە بەرهەمهێنانی کاڵاکانی تر کەمترە، تەنانەت ئەگەر هاتوو دەوڵەتانی تریش بتوانن هەمان کاڵا بە تێچوونی کەمتر لەم بەرهەم بهێنن. پێویستە لەسەر هەر دەوڵەتێک دەستبەرداری ئەو کاڵایە بێت و هاوردەی بکات، کە دەوڵەتانی تر میزەی رێژەیی بەرهەمهێنانی تێدا هەیە. ئەم تیۆرییە رێگە بە تێپەڕاندنی کەموکورتییەکانی تیۆریی میزەی رەها دەدات کە پێشتر ئادەم سمیس دایڕشتبوو، بە جۆرێک کە لە بازرگانیی نێودەوڵەتییدا زامنی شوێنێک بۆ ئەو دەوڵەتانە ناکات کە میزەی رەهایان لە بەرهەمهێنانی هیچ کاڵایەکدا نییە. هەروەها ریکاردۆ چەمکی بەهای لای سمیسی داڕشتەوە، روونیکردەوە کە بە تەنها کار بەهای ئاڵوگۆڕی کاڵا دیاری دەکات، نەک ئەو کەڵکەی کە مرۆڤ لێی دەستەبەری دەکات، بەهانەشی بۆ ئەم تێڕوانینەی، کاڵایەکی وەک ئاو، کەڵكێکی یەکجار زۆری هەیە بەڵام هیچ بەهایەکی ئاڵوگۆڕی نییە چونکە بە بڕێکی زۆر فەراهەمە.
رووبەڕووی رەخنە بۆوە
ریکاردۆ روونیکردەوە، کە لە مەودای دووردا، ئابووری بەهۆی دەگمەنیی زەویی کشتوکاڵی و دەرامەتی سروشتی لەلایەک و لەلایەکیترەوە بەهۆی دەستهاتی روو لەداشکانی بەرهەمهێنانییەوە بەرەو پوکانەوە دەچێت، ئەمەش بە رۆڵێ خۆی تێكڕای قازانج دادەشکێنێت و پڕۆسەی کەڵەکەبوونی سەرمایە رادەگرێت.
لەگەڵ ئەو کاریگەرییە دیارەی هزری ریکاردۆ لە ماوەی سەدەی نۆزدەدا لە بەریتانیا بەجێی هێشت، رووبەڕووی چەندین رەخنەش بۆوە، دیارترینیان لەگەڵ دەرکەوتنی جەمسەری قوتابخانەی کلاسیکی نوێدا بوو، نموونەی ولیام ستانلی جیفۆنز و لیۆن ڤالراس و ئەلفرید مارشاڵ.
دەیڤد ریکاردۆ لە رۆژی 11ی ئەیلولی 1823، لە تەمەنی 51 ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.